Erbil 15°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 14:14

نێچیرڤان بارزانی: هه‌موومان له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ مێژوو وه‌رگرین و پابه‌ندى ده‌ستوورو هاریکارى نێوانمان بین

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

له‌یادی رێككه‌وتنامه‌ی یازده‌ی ئاداری ساڵی 1970 ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت،  به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى په‌نجا و یه‌ك ساڵه‌ى ڕێككه‌وتنى یازده‌ى ئادارى 1970 ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌مى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول و تێكۆشانى بێوچان و موكوڕى و ئیراده‌ى به‌رزى گه‌لى كوردستان بوو به‌ ڕابه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر.
ده‌شڵێت:  هه‌میشه‌ ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌كانى له‌ زه‌بر و زه‌نگ و هێزى چه‌ك به‌هێزتر بوو، تا دواجار هه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بووه‌ بنه‌ماى ده‌سكه‌وتى گه‌وره‌تر له‌ ڕاپه‌ڕین و فیدراڵى بۆ هه‌رێمى كوردستان

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:


په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ یادى ڕێككه‌وتنى یازده‌ى ئاداردا

ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى په‌نجا و یه‌ك ساڵه‌ى ڕێككه‌وتنى یازده‌ى ئادارى 1970 ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌مى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول و تێكۆشانى بێوچان و موكوڕى و ئیراده‌ى به‌رزى گه‌لى كوردستان بوو به‌ ڕابه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر. له‌م یاده‌دا سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى كوردستان ده‌نێرین كه‌ له‌پێناو ئازادیى گه‌ل و وڵاتدا گیانیان به‌خشى.

ڕێككه‌وتنى یازده‌ى ئادار یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ى فه‌رمى بوو له‌ مێژوو‌ى هاوچه‌ر‌خى گه‌لى كوردستاندا كه‌ حكوومه‌تى عێراقى ناچار كرد له‌ چوارچێوه‌ى ئۆتۆنۆمیدا هه‌ندێك له‌ مافه‌كانى بناسێنێت. هه‌ر چه‌نده‌ حكوومه‌تى عێراق دواتر له‌سه‌ر بنه‌ماى لۆژیكى هێز له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ پاشگه‌ز بووه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌كانى له‌ زه‌بر و زه‌نگ و هێزى چه‌ك به‌هێزتر بوو، تا دواجار هه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بووه‌ بنه‌ماى ده‌سكه‌وتى گه‌وره‌تر له‌ ڕاپه‌ڕین و فیدراڵى بۆ هه‌رێمى كوردستان.

لۆژیكى هێز و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتنى یازده‌ى ئادار، له‌ به‌رده‌وامیى شه‌ڕ و هێنانى ماڵوێرانى و كاره‌ساتى زیاتر بۆ عێراق، هیچى دیكه‌ى‌ لێنه‌كه‌وته‌وه‌، بۆیه‌ با له‌م یاده‌دا هه‌موومان له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ مێژوو و هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌رگرین و پابه‌ندى ده‌ستوور و هاوبه‌شى و هاریكاریى نێوانمان بین، تا هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتن و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ وڵات و هه‌موو پێكهاته‌كانى مسۆگه‌ر بكه‌ین.

ڕێككه‌وتنى یازده‌ى ئادار وه‌ك چۆن به‌رهه‌مى یه‌كگرتوویى و ته‌بایى و یه‌كڕیزى و شۆڕشێكى سه‌رتاسه‌ریى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان بوو، با یادكردنه‌وه‌یشى بكه‌ینه‌ هانده‌رى ته‌بایى و یه‌كڕیزى و پێكه‌وه‌كاركردن و هاریكاریى نێوان ته‌واوى لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌پێناو پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و چه‌سپاندنى سیستمى فیدراڵى و مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستاندا.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

11ى ئادارى 2021

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.