Erbil 15°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 14:09

30 ساڵ به‌سه‌ر رزگارکردنی شارى هه‌ولێر تێده‌په‌ڕێت

کوردستان TV
100%

له‌11/3/1991 له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ جه‌ماوه‌رى هه‌ولێر له‌ ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كان و دامووده‌زگا سه‌ربازییه‌كانى رژێمى به‌عسى له‌ناوچوو راپه‌ڕین و به‌ هاوكارى و به‌شدارى كردنى پێشمه‌رگه‌كانى به‌ره‌ى كوردستانى له‌ ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتێكى كه‌مدا، مه‌زنترین شارى هه‌رێمى كوردستانى عێراقیان رزگار كرد. رزگاركردنى شارى مێژوویى هه‌ولێر، هه‌ولێرێك كه‌ باوه‌شى بۆ شارستانییه‌ت كردۆته‌وه‌، له‌ چه‌ندین رووه‌وه‌ گرنگى و بایه‌خى زۆرى هه‌بوو، چونكه‌ هه‌ولێر جگه‌ له‌وه‌ى شارێكى فراوان و گه‌وره‌ بوو، چه‌ندین سه‌ربازگه‌ى فراوانى سوپا و ئه‌منى و موخابه‌راتى تێدا بوو، باره‌گاى فیرقه‌و چه‌ندین لیوا له‌ ناوشارى هه‌ولێردا بوون، به‌ رزگاركردنى هه‌ولێر و چه‌ندین ئۆردوگاى ده‌وروبه‌رى، ئیتر هه‌ڵویسَتى جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ریو، چاره‌نووسى به‌رخودان قۆناغێكى نوێى به‌خۆوه‌ دى و ته‌واوى ئه‌و ناوچانه‌ى تا ئه‌و كات رزگاركرابوون په‌یوه‌ندییه‌كى توندوتۆڵترى هاتووچۆ و لوجستیكى پێكییه‌وه‌ گرێى دانه‌وه‌، رزگار كردنى كه‌ركوكى دڵى كوردستان چووه‌ سه‌ر نه‌خشه‌ى داهاتووى سه‌كردایه‌تى به‌ره‌ى كوردستانى و جه‌ماوه‌رى ئازارچه‌شتووى ده‌ستى ئه‌نفال و كیمیاباران كردن و زامه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و بادینان ئاماده‌گییه‌كى زیاتریان تێگه‌ڕا، بۆ مردن له‌ پێناوى كه‌ركوكدا. پاش سلێمانى، هه‌ولێر دووه‌مین شارى گه‌وره‌ى كوردستان بوو، كه‌ كه‌وته‌ ده‌ستى گه‌له‌وه‌ و چوونه‌ باوه‌شى ئازادى، ئه‌و ئازادییه‌ى له‌ سێبه‌ریدا كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان سه‌رله‌نوێ بنیاتنرایه‌وه‌ و بینا كرایه‌وه‌ و ئه‌مڕۆ بۆته‌ كۆڵه‌گه‌یه‌كى پته‌و بۆ دیموكراسى كردنى عێراقى پاش سه‌دامى دیكتاتۆر و بۆته‌ خودان ئه‌زموونێك كه‌ هیچ كوردێكیش ئاماده‌ نییه‌ له‌ده‌ستى بدات و له‌ پێناوى پاراستنیشیدا  گه‌لى كوردستان ئاماده‌ى گیانفیدایى كردنه‌.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.