Erbil 13°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 10:58

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیا ره‌شنووسی چه‌ندین پڕۆژه‌ی نوێ ئیمزا ده‌که‌ن

کوردستان TV
100%


وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌رێم واژوویان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی چه‌ند‌ پڕۆژه‌یه‌كی جۆراوجۆر بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكانی پێشمه‌رگه و په‌ره‌دان به به‌ره‌و پێشبردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ئیمزاكرد.
ئه‌مڕۆ 9ی3ی2021 له‌مه‌راسیمێكدا، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌ت، و ئه‌مینداری گشتیی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركان و راوێژكارانی سه‌ربازی، واژوو له‌سه‌ر ره‌شنووسی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كرا.
له‌میانی گفتوگۆكانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ كۆلۆنێل هۆلگه‌ر كونكل، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیای فیدرال له‌هه‌رێم و كارتین جاسشكێ، جێگری كونسوڵی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیای به‌گرنگ و پڕبایه‌خ وه‌سفكرد، وتیشی: شانازی به‌ دۆستایه‌تی له‌مێژینه‌ی ئێوه‌ ده‌كه‌ین و له‌رێگه‌ی ره‌شنووسی ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێشكه‌شتان كردوون، هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و قۆناغێكی گه‌شه‌سه‌ندوتر و پێشه‌وه‌چوون ده‌چێت.
فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر، روونیكرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی له‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هێزی پێشمه‌رگه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، وێڕای به‌شداری رابردوویان له‌ پڕۆسه‌ی چاكسازی و مه‌شق و راهێنانه‌كان، ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پرۆژه‌ نوێیانه‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی وه‌زاره‌ت فراوانتر و ئاراسته‌كان گه‌شه‌سه‌ندووتر بكه‌ن.
له‌كاتی واژووكردن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیای راگه‌یاند: پێكه‌وه‌ هاوبه‌شێكی گرنگ و كاریگه‌ری یه‌كترین له‌ پاراستنی سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و تێكشكانی تیرۆریستان، به‌ناوی گه‌ل و حكومه‌تی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، سوپاسی گه‌ل و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا و سوپای وڵاته‌كه‌تان ده‌كه‌ین له‌بڕیاری په‌رله‌مانی ووڵاته‌كه‌تان له‌مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌رێم و هاوكاری و هه‌مه‌ئاهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵ، له‌رێگه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارانی باڵای سه‌ربازی و هێزه‌كانیان له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش، رۆڵێكی كاریگه‌رو به‌رچاویان گێڕاوه‌  له‌ راوه‌دوونان و تێكشكانی تیرۆریستان و پاراستنی ئارامی ناوچه‌كه‌و هاوكاری و یارمه‌تیه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.