Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 09:47

"قادمون یا اربیل"ـتان لەیاد نەچێت

ئێستا بەرژوەندیەکانی ئەمریکا و کورد لەگەڵ یەکدی دەگونجێن ، هەم ئەمریکا پێویستی بە کوردە، هەم کوردیش پێویستی بە ئەمریکایە
کوردستان TV
100%

هـەرێمی کوردستان و بەتایبەت پایتەختەکەی هەولێر بە سیمبۆلی ئێمناهی و سەقامگیری لەناوچەکەدا ناسراو و دیارە ،  ئێستا زوربەی وەڵاتە رۆژئاواییەکان ، بەتایبەت ئەمریکا بەباشی دەزانن لە رۆژهەڵاتی نێوەراست هیچ شوێنێک وەکۆ هەولێر جێگای سەقامگیری نابێت بۆ ئەوان بۆ ئەوەی هێزەکانیان لێ جێگیربکەن و کار بۆ چەسپاندنی سیاسەتی دەرەوەی خۆیانبکەن ، هەولێریش بە سەقامگیری و ئاوەدانیەکەیەوە هەموو کاتێک ئامانجی نەیارانی مللەتی کورد بووە بەدرێژایی مێژوو

سـەبارەت بە پەیوەندی هەولێر لەگەڵ وەڵاتە دراوسێیەکانمان ، من پێموایە هەر یەکە لە ئێران و تۆرکیا ئێستا هەموو هەوڵێکی خۆیان چرکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان لە رۆژهەڵاتی نێوەراست زیادبکەن و زیاتر دەستبخەنە نێو کاروباری نێخۆی وەڵاتان "کار بۆ گەراندنەوەی ئەو ناوچانە دەدەن کە چەندەهان ساڵ پێش ئێستا لەلایان سەفەوی و عوسمانیەکانیانەوە داگیرکرابوون" ، بۆ نموونە ئێران ئێستا بەشێوەیەکی ئاشکەرا هەژموونی هەیە لەهەر یەکە لە ؛ عێراق ، سووریا ، یەمەن ، لیبیا و لبنان. سەرکردەی پێشووی سۆپای قوودسی ئێرانیش "قاسم سۆلەیمانی" ئەم هەژموونەی هەنگاو بەهەنگاو زیادکردووە و لە ژێر ناوی جیاوازە هێز و میلیشیایان لەناوچەکەدا درووستکردووە ، واتا کاری شەو و روژێک نەبووە ، هەر بوویە کاتێک ترەمپ پرسیاری لە کابینەکەی و بەتایبەت ڕاوێژکارە سەربازییەکانی کرد چۆن بتوانن ئەو هەژموونی ئێران نەهێڵن یان کەمبکەن؟ ، مایک پۆمپەیۆ ، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا پێشنیازی کۆشتنی قاسم سولەیمانی دابوو بە ترەمپ ، کە دواتر ئەو کارە ئەنجامدرا و، قاسم سولەیمانی لە نزیک فرۆکەخانەی بەغدا کۆژرا

هەر چەندە ئێران لەرێگەی دوو فیلم بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەوان هەولێریان پاراست ، بەڵام لەبیرناکرێت کە هەر ئێران بووە بەدرێژایی مێژوو هەوڵی نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستانی داوە ، هەر لە رێککەوتننامەی جەزائیرەوە دەستپێبکە تا دەگاتە شەری پردێ ، واتا شەری پێشمەرگە لەگەڵ حەشدی شەعبی ، هەموو کاتێک ئێران کار بۆ لاوازکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پایتەختەکەی هەولێر دەکات

سەبارەت بە تۆرکیاش کە ئێستا هێواش ـ هێواش کار بو فراوانکردن و زیادکردنی هەژموونی خۆی دەکات لەناوچەکەدا ، هەر وەکۆ ئێران ، بگرە زیاتریش ، ئەوان تمۆحیان هەیە بەپێی پلان هەژموونی خۆیان بەسەر وەڵاتانی ناوچەکەدا بسەپێنن ، ئـەگەر باسی گرنگی هەرێمی کوردستان و هەولێر بکەین بۆ تۆرکیا ، بەڕای شەخسی خۆم ئێستا زیاتر لەهەموو کاتێک تۆرکیا پێویستی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەنی ئەمنییەوە ، مەبەستیشم "شەری تۆرکیایە لەگەڵ پەکەکە" ، شەری ئێستای تۆرکیا لەگەڵ پەکەکە گەیشتووەتە قوناخێکی هەستیار و ترسناک ، ئەوەی زیاتر جێگای ناڕەحەتی گەلی کوردە ئەوەیە کە قووربانی یەکەمی شەرەکەی نێوان پەکەکە و تۆرکیا "گەلی کورد خۆیەتی". چەندەهان گوند و لادێی دانیشتووانی کورد ئێستا بەهووی پەکەکەوە چۆڵکراون و کورد لەسەر خاکی خۆی دەکراوە و بووەتە پەناپەر.

تۆرکیا دەیەوێت کورد هاوکاریان بکات بۆ شەڕیان لەگەڵ پەکەکە ، ئەم پرسەش زیاتر لەجارێک گفتۆگۆی لەسەرکراوە لە کووبوونەوە دوو قوڵیەکانی نێوان بەپرسانی هەرێم و تۆرکیا ، بەڵام بەپرسانی هەرێم و بەتایبەت سەرۆک مەسعوود بارزانی ئەو پێشنیازەی تۆرکیا ڕەتکردووەتەوە و زیاتر لەجـارێک ڕایگەیاندووە "شەری کۆرد لەگەڵ کۆردمان حەرامکردووە " و نابێت جارێکی تر کورد لەسەر دەستی کورد شەهید بکرێت ، بەڵام بەرپرسانی هەرێمیش ئەو چەندە ناشارنەوە کە پەکەکە بووەتە سەرگێژە بۆ حکومەتی هەرێم ، چۆنکە پەکەکە ڕێز لە سەروەری و خاکی هەرێمی کوردستان ناگرێت. مەسروور بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا زور کار بۆ ئاوەدانکردنی هەرێم و پێشکەشکردنی خزمەتگۆزاریەکان دەکات بۆ سەرجەم شارۆ و شاڕۆچکەکانی هەرێم ، دەڵێت " پەکەکە وای کردووە سەدان گوند و لادێی کورد لە پارێزگاکانی هەرێم چوڵ ببن و دووربن لە ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان ، بوویه داوایان لێدەکەین بروونە ئەو شوێنەی کە پێویستە لێی بن ، چونکە باکووری کوردستان جێگای خەباتی ئەوانە ، نەک هەرێمی کوردستان"

ئەمە هەمووی لەلایەک ، لەلایەکی تریش ئەمریکا هەیە ، بەرپرسانی ئەمریکا بەتایبەت سەرۆکەکانیان بەدرێژایی مێژووی ئەمریکا یەک قسە هەیە بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە کە دەڵێن "ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا پێش هەموو شتێک" ، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هەموو کارێک دەکات و، ئەوان هەست و سۆز تێکەڵ بە سیاسەتی خۆیان ناکەن ، ئێستا بەرژوەندیەکانی ئەمریکا و کورد لەگەڵ یەکدی دەگونجێن ، هەم ئەمریکا پێویستی بە کۆردە ، هەم کوردیش پێویستی بە ئەمریکایە. من پێموایە ئەگەر هەڵ بۆ وەڵاتە دراوسێیەکانمان بڕەخسێت "وەک پاروویەکی نان لەشەو و رۆژێکدا دەمانخۆن" من ناڵێم هێزی پێشمەرگە ناتوانێت شەری ئێران ، سووریا و تۆرکیا بکات ، من دەڵێم شەرکردن لەگەڵ دەوڵەت زور زەحمەتە ، ئەگەر بایی مانگێک کەلوپەلی سەربازیت هەبێت ، دوای ئەو مانگە کە کۆتایی دێن ، چی دەکەین؟ ، ئێمە لە کۆتاییدا هەرێمێکین کە بەردەوام لەژێر هەرەشەداین ، با لەبیریش نەکەین ئەو کاتەی کە عەبادی ، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق بانگەشەی چەسپاندنی دەستووری دەکرد لەژێر درووشمی "قادمون یا اربیل" هێرشیان کردە سەر پردێ و بەنایازبوون لەو روژەدا هەولێر داگیربکەن ، ئەگەر ئازایەتی پێشمەرگە نەبووایە ئێستا شتێک نەدەبوو بەناوی "قەوارەی هەرێمی کوردستان" 

بەهووی هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لەهەولێر و دەوروبەری ، تا ئێستا زیاتر لەجارێک هێرشی ئاسمانی بەڕێگەی جیاوازە کراوەتە سەر هەولێر و هێزەکانی ئەمریکا ، کە دوواهه‌مینیان هێرشی حەشدی شەعبی بوو بۆ سەر سەنتەری شاری هەولێر و فرۆکەخانەی هەولێر ، کە ژمارەیەکی زووری قوربانی و برینداری لێکەوتەوە ، لەئێستا و ئایندەشدا هەولێر گرنگی خۆی دەبێت بۆ وەڵاتە ئەقلیمیەکان و لە سیاسەتی دەرەوەی کابینەکەی بایدنیشدا بایەخەکی زیاتری پێدەدرێت

نووسینی: مەتین کەریم هەرکی

دیدی رۆژنامه

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.