سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کرا.
باڵیۆزی ئەمەریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی لە بەرامبەر هەڕەشەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بە تایبەتی دوای هێرشە تیرۆریسیتیەکەی شاری هەولێر . سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمیشی کرد بۆ لێهاتوویی و شارەزاییان لە مامەڵەکردن لە گەڵ هێرشە تیرۆریستییەکە و دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکردن بە هەماهەنگیی لە گەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان.
باڵیۆزی ئەمەریکا ئاماژەی بە پێگەی گرنگ و ستراتیجی هەرێمی کوردستان کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا .گوتیشی بە هەماهەنگیی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان ، کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە، باجی تاوانەکەیان بدەن و بە سزای خۆیان بگەن.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و جەختی لەوە کردەوە ، کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی گرنگیی ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.