Erbil 23°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 03:17

ئیتلاعات.. کچە شاعیرێکی 17 ساڵەی  شاری مەریوانی دەستگیر کرد

ئەشکەنجەش دراوە
کوردستان TV
100%

کچە لاوێکی شاعیر لە مەریوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجەش دراوە.

 رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،بڵاویكرده‌وه‌ : رۆژی پێنجشەممه‌ 4 -2-2021 ئارەزوو مستەفایی، شاعیر و نووسەری خەڵکی مەریوان بە نازناوی " هەنسک" لە رێگای هەڕەشەی تەلەفوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بانگ و دواتر دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات  ئەو شاعیرە لاوەی بانگهێشت کردبوو کە ناوبراو نکۆڵی کردبوو بچێتە ئەو ئیدارەیە و رۆژی دواتر هەڕەشەیان لە ناوبراو کردبوو کە ئەگەر نەچێت بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر ئەکرێ.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئارەزوو مستەفایی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەنگاوی رایگه‌یاند" ئارەزوو رۆژی پێنجشەممە پاش چوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و پاش سێ رۆژ و واژۆی بەڵێننامەی بە نووسراوە، ئازاد کراوە".

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەم بارەوە وتی:" ئارەزوو لە کاتی دەستبەسەرکران بە توندی کەوتۆتە بەر لێدان و کوتانی لێکۆڵەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە شێوەیەک کە ئاسەواری شین بوونەوە بە دەست و دەموچاویەوە دەبینرێت".

سەرچاوەکە هەروەها وتیشی، ئارەزوو مستەفایی پاش بەشداری لە بەرنامەی کاناڵەکانی " کوردکاناڵ"، " ئاریەین تیڤی" و " ژن تیڤی" بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و دەستبەسەر کراوە. ئیدارەی ئیتلاعات پاش وەرگرتنی بەڵێننامە بە شێوەی نووسراو لە ناوبراو سەبارەت بەوەیکە ئیتر لە بەشداری لە بەرنامەی کاناڵە کوردییەکان خۆی ببوێرێ و سروودی نیشتمانی نەڵێتەوە، ئازاد کراوە.

شایانی باسە کە سێ ساڵ پێش و کاتێ ئارەزوو لە پۆلی دووی ناوەندیدا بوو، بە هۆی خوێندنی سروودێک لە ژێر ناوی "وەتەن" لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ و بە شێوەی زارەکی بەڵێنییان لێ وەرگرتبوو کە چیدیکە لەم بوارەدا چالاکی نەبێ.

ئارەزوو مستەفایی لە دایکبووی ساڵی ٢٧٠٣( ٢٠٠٤) لە شاری مەریوانە و بە زمانەکانی کوردی و فارسی شێعر و چیرۆک دەنووسێ و ئێستا لە قۆناغی ئامادەیی سەرقاڵی خوێندنە.

دەستبەسەرکرانی ناوبراو بە تەواوی نایاسایی و  پێشێلکرانی مافەکانی پشتیوانی سەبارەت بە شێوازی بانگ کردن و لێپرسینەوی منداڵی ژێر 18 ساڵ تەنانەت بە پێی یاسا نێوخۆییەکانی خودی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشە. بە سەرنجدان بە کەمیی تەمەن و نەبوونی هیچ چەشنە رێکاری یاسایی سەبارەت بە هێزە ئەمنییەتییەکان لە کوردستان، بەرپرسایەتیی هەر چەشنە دەستبەسەرکرانی دووبارە یان رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لە ئەستۆی تەواویەتیی دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئێرانە.

شایانی باسە دەستبەسەرکرانی ئەو شاعیر لاوە له‌ كاتێتك دایه‌ کە کۆتایی مانگی رابردوو،هێزە ئەمنییەکانی بانە شاعیرێکی لاویان بە ناوی "تەرانە محەممەدی" لەم شارەدا رفاندبوو و هەڕەشەی زمان بڕینیان لێکردبوو.

ژێده‌ر-  رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.