د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕهتیدەکاتەوە لێدوانی بۆ ماڵپهرێك دابێت و رایدەگەیەنێت: بە هاووڵاتیانی خۆشەویست رادەگەیەنین كە ئەم هەواڵە سەرلەبەری چەواشەیە و دوورە لە راستی و بەتوندی رەتی دەکەینەوە.
سەبارەت بەو پۆستەرەی خوارەوە کە بەناوی من لێدوانێک بڵاوكراوەتەوە لە سایتی BMC، گوایە بەهۆی چارەسەری هەڵە ڕێژەی مردووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیادی كردووە، جارێ پێش هەموو شتێک پرسیار دەکەین دەبێت کەسێک هەبێت باوەڕ بکات وەزارەت خۆی بە چارەسەری خۆی بڵێت هەڵە.
بە هاووڵاتیانی خۆشەویست رادەگەینین كە ئەم هەواڵە سەرلەبەری چەواشەیە و دوورە لە راستی و بەتوندی رەتیدەکەینەوە تەنانەت بە هیچ شێوەیەك لێدوان نەدراوە بۆ ئەم سایتە و لە هیچ شوێنێک قسەی وا نەکراوە، بەپێچەوانەوە وەزارەتی تەندروستی بۆ چارەسەری نەخۆشی كۆڕونا سەرکەوتووانە پشت بە سەرچاوەکانی زانستی و رێنماییەکانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO و لێژنەی باڵای پسپۆڕی راوێژکاری و پڕۆتۆکۆلی نیشتمانی پەیڕەو دەكات و بەردەوام بەدواداچوونی چارەسەری نوێ لەگەڵ ئۆفیسی WHO و وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و ناوەندە جیهانیەکان هەیە و هەمان چارەسەریە جیهانیەکان فەراهەم دەکرێت..
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: بە مافی خۆمانی دەزانین بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم چەواشەکاریانە و نەشێواندنی دەروونی ماندووی هاووڵاتیان و نەخۆشان، داوای یاسایی لەسەر ئەم ماڵپەڕە تۆمار دەکەین.
دووپاتی دەکەینەوە هەمیشە بەسوپاسەوە رۆڵی راگەیاندن بەرز دەنرخێنین بەتایبەتی ئەوانەی كە پیشەییانە كار دەكەن لە گەیاندنی زانیاری دروست بە هاوڵاتیان و رۆڵی گەورە دەبینن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم پەتایە.
د.ئاسۆ حەوێزی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.