Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 05:58

گابریل گاریسیا مارکێز له‌ نێوان  رۆمان و  سینه‌مادا

کوردستان TV
100%

حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

ره‌خنه‌گره‌ سینه‌ماییه‌كان ده‌ڵێن: چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی گابریل گاریسیا ماركیز  داهێنانه‌كانی خۆی پێشكه‌ش به‌جیهانیی ئه‌ده‌بی كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ش خزمه‌تی  هونه‌ری سینه‌مای كردووه‌، چه‌ند هه‌وادارو ئاشق به‌رۆمانه‌كانی هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش له‌وانه‌ی به‌كه‌فو كۆڵه‌وه‌ شه‌یدای بینینی ئه‌و فیلمانه‌ن كه‌ له‌رۆمانه‌كانی ئه‌و وه‌رگیراون، یا ئه‌و  سیناریۆیانه‌ی  ماركێز نووسییوویه‌تی.

 ئه‌وه‌تا ژماره‌ی ئه‌و فیلمانه‌ ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆرو زه‌وه‌ندن، كه‌ گه‌وره‌ترین ده‌رهێنه‌ره‌ سینه‌ماكاره‌كان كارییان له‌سه‌ر كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و كاته‌ی كه‌ ماركێز به‌رپرسی ئه‌كادیمییای سینه‌ما بووه‌ له‌كۆبا، زۆر سیناریۆی سینه‌مایی نووسییووه‌، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌رۆمانه‌كانییه‌وه‌ نه‌بووه‌، وێڕای ئه‌و سیناریۆیانه‌ی له‌مه‌كسیك ده‌یانیی نووسی.

بۆیه‌ ئه‌مڕۆكه‌ فیلمێكی زۆر هه‌ن ناوی ماركێزییان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ چ ئه‌وانه‌ی له‌ رۆمانه‌كانییه‌وه‌ وه‌رگیراون، چ ئه‌وانه‌ش ئه‌و خۆی وه‌ك سیناریۆ نووسیوویه‌تی .

رۆمانی (خۆشه‌وستی له‌ زه‌مه‌نی كولێرادا)  یه‌كه‌م فیلم  نیه‌ كه‌ له‌ كاره‌كانی ماركێز وه‌رگیرابن، به‌ڵكو پێش ئه‌و فیلمی (ئاریندیرای كێوی) هه‌بوو كه‌ ساڵی 1983 له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری به‌رازیلی (رای جویرا) به‌رهه‌م هاتوه‌، له‌هه‌مان ساڵیشدا ده‌رهێنه‌ری ناسراوی ئیتاڵَی (فراننسیسكۆ) رۆمانی (روداوی مردنێكی راگه‌یاندراو) ی ده‌رهێَناوه‌، كه‌هه‌ردوو ئه‌كته‌ری جیهانیی (ئه‌فیریتو ئارنیللا) رۆڵَی پاڵه‌وانییه‌تییان تیادا بینییووه‌، هه‌روه‌ها رۆمانی (كۆلۆنێَل شتێكی ننیه‌ بۆ نووسین) ساڵی 1999 له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری مه‌كسیكی (ئارتۆرۆ ریمبیستین) كرایه‌ فیلمێكی سینه‌مایی،    له‌نواندنی (فرناندۆ لوجان و سه‌لما حایك)  بوو، دواتر فیلمێكی دیكه‌ی به‌ناوبانگی شاكاره‌كانی ماركێز كه‌ له‌ساڵی 2004 به‌رهه‌م هاتووه‌، فیلمی (له‌كاتژمێری په‌شێوی) دابوو  له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری به‌رازیلی (رای جویرا)  ده‌رهێندراوه‌.

ره‌خنه‌گره‌ سینه‌ماییه‌كان ده‌ڵێن چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ماركێَز ده‌ست رۆیشتوو بووه‌ له‌نووسینی رۆماندا، ئه‌وه‌نده‌ش توانستی نووسینی سیناریۆی هه‌بووه‌، له‌چه‌ندین ئه‌زموونیشدا ئه‌و راستییه‌ ئاشكرا بووه‌، ئه‌مه‌یه‌ وای كردووه‌  ماركێز له‌رۆمانه‌كانیدا زه‌مینه‌ خۆش بكات بۆ دروست كردنی وێنه‌ی سینه‌مایی.

 ئه‌و لێك نزیكییه‌ له‌نێوان رۆمان و سیناریۆی وێنه‌یی، وای كردووه‌  ئه‌و فیلمانه‌ی له‌ رۆمانه‌كانی ماركێز به‌رهه‌م هێندراون، ببن به‌خاوه‌نی زۆرترین داهات، وه‌ك رۆمانه‌كانی بوون  به‌خاوه‌نی زۆرترین خوێنه‌ر له‌ جیهاندا.

ktv

 ئه‌م دوو باڵیه‌ له‌نێوان ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا وای كردووه‌  هه‌وادارانی ماركێز ببن به‌دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆیان له‌هه‌موو جیهاندا .

فیلمی(خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی كولێرادا)  ئه‌گه‌رچی  رۆمانه‌كه‌ی به‌زمانی ئیسپانی نووسراوه‌، به‌ڵام فیلمه‌كه‌ پشتی به‌ده‌قه‌ ئینگلیزییه‌ وه‌رگێَڕاوه‌كه‌ به‌ستووه‌، هه‌روا رۆمانی یادی سۆزانییه‌ خه‌مباره‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری دانیماركی(هۆنگ كاسلن) كراوه‌ته‌ فیلم به‌هه‌مان ئاستی فیلمه‌َكانی تر سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێناوه‌،  فیلمه‌كه‌ باس له‌خۆشه‌ویستی پیره‌مێردێكی رۆژنامه‌نووس ده‌كات له‌گه‌ڵ كیژۆڵه‌یه‌كی چوارده‌ ساڵی، ئه‌و فیلمه‌ له‌خولی پانزه‌هه‌مینی فیستیڤاڵَی ئیسپانیا نمایش كرا، كه‌ تێیدا ئه‌كته‌ری ناسراوی فره‌نسی(جیرالد شاپلن) رۆڵَی پاڵه‌وانییه‌تی تێدا بینی .

ئه‌م فیلمه‌ دوای ره‌زامه‌ندی وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی خانه‌واده‌كه‌ی ماركێز له‌لایه‌ن  (كارلسن و جان كلود)  سیناریۆكه‌ی بۆ نووسراو بۆ سینه‌ما ئاماده‌ كرا.

سیناریۆكه‌ له‌ره‌سه‌ندا به‌زمانی دانیماركی بوو، دواتر وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فره‌نسی و ئینگلیزی و ئیسپانی،  وێنه‌كانی له‌ویلایه‌تی (كامبتشی ) خوارووی مه‌كسیك گیراوه‌ .

دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی  فیلمی (له‌مه‌ڕ خۆشه‌ویستی و ئه‌هریمه‌نه‌كانی تر ) و سرنج راكێشانی خه‌ڵكی و ره‌خنه‌گران، له‌فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی(كارتا خیتادی ئه‌ندیاسی) جارێكی دیكه‌ فیلمه‌كه‌ له‌كۆلۆمبیا نمایش كرایه‌وه‌، فیلمه‌كه‌ باس له‌روداوێك ده‌كات له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، كاتێ منداڵێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵی به‌ناو( سیدبا ماریا) له‌چینی نه‌جیب زاده‌كان  دووچاری  ڤایرۆسی نه‌خۆشی گازه‌ سه‌گ ده‌بێت، له‌و كاته‌دا مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن كه‌ به‌پێی داب و نه‌ریته‌ كۆنه‌كان ده‌ستی جنۆكه‌ی له‌سه‌ره‌، دواتر راهیبه‌یه‌كی ئیسپانی گیانی منداڵه‌كه‌ له‌و خه‌ته‌رناكییه‌ رزگار ده‌كات .

ktv

كلارا ماریا - به‌رهه‌م هێنه‌ری فیلمه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م فیلمه‌ ده‌ڵێت: ره‌خنه‌ گره‌كان وای بۆ ده‌چن كه‌ تا ئێستا ئه‌م فیلمه‌ باشترین فیلمێك بووه‌ له‌و فیلمانه‌ی كه‌ له‌رۆمانه‌كانی گه‌وره‌ نووسه‌ری كۆلۆمبی گابریل گاریسیا ماركێز ئه‌نجام درابێت، بۆیه‌ ئاواته‌خوازین  فیلمه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر به‌ده‌ست بێنێت، بێگومان ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ی خوێندبێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ فیلمه‌كه‌ هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری فیلمه‌كه‌ كه‌ دووچاری داوی خۆشه‌ویستی هاتوون .

ئه‌م فیلمه‌ 2.2 ملیۆن دۆلاری تێ چووه‌، چواره‌م به‌رهه‌می سینه‌مایی بووه‌ كه‌ له‌ شاكاره‌كانی ماركێزه‌وه‌ كرابن به‌فیلم .

به‌ر له‌وه‌ی ماركێز ده‌رگا به‌رووی به‌رهه‌م هێنه‌ره‌كانی سینه‌ما بكاته‌وه‌ بۆ به‌فیلم كردنی رۆمانه‌كانی،  ترسێكی زۆری هه‌بوو كه‌سینه‌ما ده‌ستی به‌ سه‌ر رۆمانه‌كانیدا نه‌شكێ و ئه‌و فیلمانه‌ ببن به‌مایه‌ی به‌ها شكاندنی رۆمانه‌كانی، كه‌ ئه‌و زۆر به‌ پیرۆزییه‌وه‌ هه‌ڵسوو كه‌وتی له‌گه‌ڵدا ده‌كردن، بۆیه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی ئیجگار  زۆر ره‌زامه‌ند نه‌بوو له‌م باره‌یه‌وه‌، به‌ڵام دواتر دوای به‌ڵێن وه‌رگرتن له‌به‌رهه‌م هێنه‌ره‌كان كه‌ بتوانن وه‌ك پێویست به‌رجه‌سته‌ی كاره‌كانی بكه‌ن،  ئینجا ئه‌و ده‌رگایه‌ی خسته‌ سه‌رپشت بۆ هه‌ندێ له‌و به‌رهه‌م هێنه‌رانه‌ .

ئه‌و ره‌واجه‌ی فیلمه‌كانی ماركێز له‌جیهانیی سینه‌مادا به‌ده‌ستی هێنا، وای له‌ زانكۆی(ماجدالینا)ی كۆلۆمبی كرد، دكتۆرای فه‌خری له‌ بواری سینه‌مادا به‌ ماركێَز ببه‌خشێت .

ماركێز ئه‌گه‌رچی له‌ده‌سپێكدا رێگر بووه‌ له‌ به‌فیلم كردنی كاره‌كانی به‌ڵام ئه‌و خۆی ئاوێته‌ بوونێكی زۆری هه‌بوو له‌گه‌ڵ سینه‌مادا، ئه‌و خۆی یه‌كێك بوو له‌دامه‌زرێنه‌رانی فیستیڤاڵی هاڤانای سینه‌مایی و دامه‌زرێنه‌ری سینه‌مای نوێ له‌ئه‌مریكای لاتینی .

به‌گشتی گرنگترین  سیناریۆكانی ماركێز بریتی بووون له‌:

گه‌ڵاوه‌ریوه‌كان 1955

شتێ نیه‌ كۆلۆنیل بینووسێت 1961

له‌ كاتژمێرێكی پڕ له‌په‌ژاره‌ییدا – 1962

سه‌د ساڵ له‌گۆشه‌گیریدا – 1967

پایزی به‌تریك – 1975

روداوی مردنێكی راگه‌یاندراو – 1981

خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی كولێرادا – 1985

ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی و ئه‌هریمه‌نه‌كانی تر    1994

یادی سۆزانییه‌ خه‌مباره‌كان – 2004

 به‌قسه‌ی ره‌خنه‌گره‌ سینه‌ماییه‌ جیهانییه‌كان، فیلمی خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی كولێراددا دیارترین و به‌رچاوترین ئه‌و فیلمانه‌ن كه‌ له‌ رۆمانه‌كانی ماركێز وه‌رگیرابن، فیلمه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر (مایك نۆبل) ده‌رهێندراوه‌، ئه‌كته‌رانی وه‌ك (خافییر باردم و بننجامین برات جیۆڤانا میزو گیور) رۆڵی تێدا ده‌بینن، ساڵی 2007 به‌رهه‌م هاتووه‌، 50 ملیۆن دۆلاری تێ چووه‌ ..

ستایندۆف – ی به‌رهه‌م هێنه‌ر بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ماركێز داوه‌ بۆ رازی بووونی تا رۆمانه‌كه‌ بكرێته‌ فیلم.

 روداوه‌كانی ئه‌م فیلمه‌ له‌سه‌ر زێ ی (ماگدالینای) وڵاتی كۆلۆمبیا وێنه‌ی گیراوه‌، باس له‌سه‌رده‌می دوای كولێرا ده‌كات .

بۆ یه‌كمجار بووه‌  هۆلیۆد له‌م فیلمه‌دا كار له‌سه‌ر رۆمانه‌كانی ماركێز بكات، گۆڤاری كولۆمبی رینستاسیمان ده‌ڵێت: كاتێ (ستایندۆف ) له‌ مه‌كسیك فیلمه‌كه‌ی نمایش كرد، ماركێز خۆی ئاماده‌ی نمایشه‌كه‌ بوو، دوای كۆتایی هاتنی نمایشه‌كه‌ به‌رووخسارێكی پڕ له‌زه‌رده‌خه‌نه‌ سێ جار له‌سه‌ر یه‌ك گوتی : براڤۆ .. براڤۆ .. براڤۆ

ktv

كوردستان TV

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.