Erbil 12°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 10:30

ڕه‌خنه‌و ڕکابه‌ریی هاو پیشه‌کان

( ئێستا ئه‌م  نووسینه‌ له‌كاتی چاوه‌ڕوانی له‌سه‌ر كورسی  نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر ده‌نووسم)
کوردستان TV
100%

به‌گشتی زۆر له‌ هاوپیشه‌كان له‌ كاتی موماره‌سه‌كردنی  پیشه‌كانیان، جار جاره‌ نوقرچك له‌یه‌كتر ده‌گرن ، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ له‌وان واتێ گه‌یشتوون، یه‌كێیان له‌سه‌ر شانی ئه‌وی دیكه‌یان باڵای به‌رزتر ده‌بێت، ناشیرین كردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌یان ئه‌وان جوانتر ده‌كا.

 بۆیه‌ كاتی خۆی سالێری موزیك ژه‌ن به‌ هونه‌ری گه‌وره‌ی (مۆزارت ) زۆر قارس ده‌بوو، مۆزارتیش به‌هونه‌ری گه‌وره‌ی خۆی ئارامیی لێ هه‌گرتبوو، ناوی مۆزارت و ناوداریه‌تی ببوو به‌گرێ كوێره‌یه‌كی شێرپه‌نجه‌یی له‌سه‌ر دڵی سالێری،  تا له‌كۆتاییدا  مۆزارتی ژه‌هر خواردوو كردو كوشتی.

 

.دواتر هه‌موو دنیا سالێری به‌و تاوانه‌ قێزه‌وه‌نه‌ شه‌رمه‌زار كرد، بۆیه‌ شه‌وێكیان سالێری كاتێ ڕێی ده‌كه‌وێته‌ ماڵی بتهۆڤن بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ میوانی، بتهۆڤن پێی ده‌ڵێ: من ده‌رگا له‌ كه‌سێك ناكه‌مه‌وه‌ دۆستێكی منی ژه‌هر خواردوو كردبێ.

ئه‌م غه‌ریزه‌ نا مرۆییه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ  مرۆڤدا  هاوكوف بووه‌،  بۆیه‌ ئێستاش  شیاو نیه‌ دكتۆرێك لای نه‌خۆشێك زه‌می دكتۆرێكی دیكه‌ی هاو پیشه‌ی بكات،  نیگاركێشێك هه‌زارو یه‌ك بوختان بخاته‌ ئه‌ستۆی نیاركێشێكی دیكه‌،  یان ده‌رهێنه‌رێكی شانۆیی یا سینه‌ما  ڕه‌خنه‌ له‌ده‌رهێنه‌رێكی تر بگرێ .

ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ جار ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی هاوپیشه‌كه‌ت ده‌یگرێ، له‌ سۆنگه‌ی دڵ ڕه‌شی نه‌بوبێت، به‌ڵام لای كه‌سانی تر لێكدانه‌وه‌ی خراپی بۆ بكرێت و به‌كه‌سێكی خۆ په‌رست و به‌خیل و چاو پئ هه‌ڵنه‌هاتوو له‌قه‌ڵه‌می بده‌ن.

بۆیه‌ وا باشتره‌  بۆ خۆ دووره‌ په‌رێز  ڕاگرتن له‌ لێكدانه‌وه‌ی كوێرانه‌، هه‌ق وایه‌ هاوپیشه‌كان كه‌متر خۆیان له‌قه‌ره‌ی ڕه‌خنه‌ و تیرو توانج له‌ یه‌كتر گرتن  ڕابگرن و هه‌لسه‌نگاندن و نرخاندنه‌كان بۆ بینه‌رو ڕه‌خنه‌گره‌ پسپۆره‌كان به‌جێ بێڵن، پێم وایه‌ ئه‌و كاته‌ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گیرێ، ناچاری قه‌بوڵ كردنی ڕای گشتی بینه‌ران و ڕه‌خنه‌گره‌كان بێت، چونكه‌ ناتوانێ ده‌رگا له‌سه‌ر بیروڕای بینه‌رێك دابخا كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌و پێشكه‌ش به‌و ده‌كرێ، ڕه‌خنه‌گرێكیش كه‌ به‌ دیدێكی زانستی و ئه‌كادیمی به‌رهه‌مه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، ئه‌و مافه‌ی پئ ڕه‌وا ده‌بینرێ نرخاندن بۆ كارێكی داهێنه‌رانه‌ بكات.

هه‌میشه‌  كاری داهێنان له‌هه‌ر بوارێكدا بێت، پێشبڕكێ و كێ بڕكێی له‌سه‌ره‌، به‌ڵام  گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ڕكابه‌رییه‌ ڕكابه‌رییه‌ك بێت له‌سه‌ر بونیاتی كاری داهێنه‌رانه‌،  نه‌ك له‌سه‌ر  بونیاتی ململانێ ی كه‌سی، هه‌موو پێشكه‌وتن و داهێنانێكیش  له‌ئه‌نجامی ڕكابه‌ری كردن دێته‌ ئاراوه‌، له‌قۆناغێك بۆ قۆناغێكی تر، له‌ نه‌وه‌یه‌ك بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر..

ئه‌وه‌ فه‌لسفه‌ی حه‌داسه‌ته‌ و زه‌مه‌ن پێویستی به‌و ڕكابه‌رییه‌ هه‌یه‌ بۆ به‌ پێز ڕاگرتنی هه‌نگاوه‌كانی پێشه‌كه‌وتنی، به‌ڵام هیچ پێشكه‌وتنێكی زه‌مه‌نی، به‌ تاك تاكه‌ نایه‌ته‌ دی، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌كان ده‌سته‌ جه‌معی و به‌هاندان و پشتگیری كردنی یه‌كتر نه‌بێت.

هه‌میشه‌ گرنگه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ به‌ هوشیارییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكرێت و هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ داهێنان یا هه‌وڵی پۆزه‌تیفانه‌ی هه‌ر یه‌كێكمان به‌هی خۆمان بزانین، له‌وه‌ بگه‌ین هه‌ر داهێنانێك خشتێكه‌ بۆ بونیاتێكی تری كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مۆدێرن و نه‌ته‌وه‌یه‌كی پڕ له‌شارستانی.

ن: حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.