ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان نزمترین ئاستی تۆمار كرد، کە لە دوای مانگی تشرینی دووەمی 2002 ەوە ئەو نرخەی تۆمارنەکردووە، ئەوەش بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی ململانێی نێوان روسیا و سعودیە لەبارەی نرخی نەوت.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت دۆلارێك و 68 سهنت دابەزی و بە 23 دۆلار و 3 سهنت مامەڵەی پێکراوە، واتە بەڕێژەی لەسەدا 6.7 دابەزیووە. لەهەمانکاتیشدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا دۆلارێك و 17سهنت دابەزی و بە 20 دۆلار و 34 سهنت مامەڵەی پێکراوە، واتە بەڕێژەی لەسەدا 5.4 دابەزیووە.
دابەزینی نرخی نەوتی خاو بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەستپێکردنی جەنگە لەبارەی نرخی نەوت لە نێوان سعودیە و روسیا کە دوو گەورە بەرهەمهێنەری رێکخراوی ئۆپیکن و سەرپەرشتی رێکخراوەکەش دەکەن. 27 ی ئەم مانگە سعودیە رایگەیاند، نایەوێت دانوستان لەگەڵ روسیا بکات بۆ راگرتنی هاوسەنگی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەلایەن واشنتنەوە بەردەوام فشاری دەخرێتەسەر بۆ کۆتایهێنان بەو جەنگەی کە لەبارەی نرخی نەوتەوە لەگەڵ روسیا دەستیپێکردوە.
شارەزایانی ئابوری لەو بڕوایەدان چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوان وڵاتانی ئۆپیک هەبێت، بەڵام چارەسەرکردنی قەیرانی کۆرۆنا کە بەهۆیەوە گەشەسەندنی بازاڕەکانی ئابوری وەستاوە، هێشتا هەوڵێکی زۆری دەوێت. ئابوریناسان ئەوەشیان خستوەتەڕوو، رۆژانە خواست بەسەر بەهەمی نەوت بەقەبارەی پازده بۆ بیست ملیۆن بەرمیل کەمدەکات، پێویستە لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت قەبارەی بەرهەمهێنانیان بە رێژەیەکی زۆر کەمبکەنەوە، تا بتوانن سنورێک بۆ بەردەوامی دابەزینی نرخەکەی دابنێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.