Erbil 5°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 20:56

هۆمه‌ره‌ گه‌ده‌ی چاوچنۆک

چاوچنۆك نییه‌
کوردستان TV
100%

ئه‌و ته‌نیا شانۆكار و نواندنكارێكی ئاسایی نییه‌ تا به‌ تێپه‌ڕ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، هاوكات نووسه‌ریشه‌ كه‌ كاری نووسین بۆ هونه‌رمه‌ند، پێمان ده‌ڵێ كه‌سایه‌تییه‌كه‌ رۆشنبیره‌ و به‌ئاسان نه‌ رۆڵ وه‌رده‌گرێ و نه‌ نواندن ده‌كات. بۆیه‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ی ده‌چنه‌ دنیای جوانكارییه‌وه‌، كه‌متر رۆڵی مامناوه‌ندیی لێ ده‌بینی.

ئه‌و جۆره‌ جوانییه‌ی باسی ده‌كه‌م، له‌ شانوباڵی هونه‌رمه‌ند زاهیر عه‌بدوڵا ده‌وه‌شێته‌وه‌ كه‌ هی ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك ئه‌مه‌كێك تۆزێك له‌سه‌ری بوه‌ستین، چونكه‌ ئه‌و جیا له‌ نواندن و نووسین، له‌گه‌ڵیدا یارییه‌كی زۆر جوان له‌گه‌ڵ مێژووی شاره‌كه‌ی خۆیدا ده‌كات كه‌ هه‌ولێره‌. ئه‌و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ جووڵه‌ی هه‌یه‌، جووڵه‌ی جه‌سته‌، جووڵه‌ی چاو، جووڵه‌ی مێشك، هه‌موو جووڵه‌كانی تریش به‌ قه‌ڵه‌میشه‌وه‌.

من له‌م نووسینه‌ كورته‌دا ته‌نیا دوو بیره‌وه‌ریی خۆم ده‌گێڕمه‌وه‌ كه‌ پێوه‌ندیی به‌و كه‌سایه‌تییه‌ جوانه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ هه‌ردووكیاندا جوانی و هونه‌ركارییه‌ گه‌وره‌كان ده‌بینم.

له‌ دراما و نواندندا ئێمه‌ زاهیر عه‌بدوڵامان به‌ "هۆمه‌ره‌ گه‌ده‌ی چاوچنۆك" ناسیوه‌، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ له‌ شانۆ یان دراما یان ناوی چیی لێ ده‌نێن، له‌ "هه‌بوو نه‌بوو"دا خۆی به‌ ئێمه‌ ئاشنا كرد. ئه‌گه‌ر تۆزێك بگه‌ڕێنه‌وه‌ پێشتر و ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ ببینن، له‌ دوای كه‌سایه‌تیی "ره‌جه‌به‌ زه‌غه‌ڵ" كه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌عدوون یونس رۆڵه‌كه‌ی بینیبوو، به‌دوایدا "هۆمه‌ره‌ گه‌ده‌ی چاوچنۆك"تان دێته‌ به‌رچاو كه‌ یه‌كێك له‌ رۆڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ بوو. جوانییه‌كانی ئه‌و رۆڵه‌ له‌ دوو شوێندا كۆ بوونه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌میان چاوچنۆكیی كاره‌كته‌ره‌كه‌یه‌ كه‌ دروست پیاوێكی چاوچنۆكمان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پێ پێشان ده‌دات، دووه‌میان جووڵه‌ هونه‌رییه‌كانی خۆیه‌تی كه‌ له‌ كاره‌كته‌ره‌دا به‌رجه‌سته‌ی كردووه‌. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌سانی چاوچنۆك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بێزراون و ئاماژه‌ی نێگه‌تیڤیان پێ ده‌كرێ، كه‌چی زاهیر عه‌بدوڵا له‌لای بینه‌ری ته‌له‌ڤزیۆن ئێسكگران و له‌لای هونه‌رمه‌ندی راستینه‌ جوانتری كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان هونه‌رمه‌ندی باڵا و داهێنه‌رمان پێ پێشان ده‌دات.

له‌ نووسینیشدا زاهیر عه‌بدوڵا قه‌ڵه‌مێكی به‌ بڕشته‌. جارێ قسه‌ له‌ پیاسه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ به‌ناو گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌دا ناكه‌م كه‌ به‌م دواییه‌ له‌ كتێبێكدا پێشكه‌شی كردین، قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و كتێبه‌ بوارێكی تره‌ و ره‌نگه‌ بۆ داهاتوو زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ، به‌ڵام به‌لامه‌وه‌ گرنگتره‌ هه‌ندێك بگه‌ڕێمه‌وه‌ دواوه‌ و سه‌رنج بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و نووسینانه‌ی كه‌ تێیاندا شێوه‌زاریی ناوچه‌یی به‌كار هێناوه‌ "كه‌ به‌ زمانه‌ میللییه‌كه‌، زمانی هه‌ولێرییه‌".

به‌كارهێنانی شێوه‌زاری ناوچه‌یی له‌ نووسین و زیاتر له‌ ئه‌ده‌بدا، به‌ سه‌پاندن لێك نادرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك وای بۆ ده‌چن. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ن، زمان له‌ناو كورد و ئه‌و زمانه‌ی له‌ ئه‌ده‌بدا به‌كار دێت، سه‌رچاوه‌ و هه‌ڵێنجراوی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و دروست گونده‌كانی ئه‌م وڵاته‌یه‌. تۆ كه‌ رۆمانه‌ كوردییه‌كان ده‌خوێنیته‌وه‌، ده‌یان وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و هه‌ورامی و شێوه‌زاره‌كانی كرمانجی سه‌روو و خوارووت ده‌كه‌وێته‌ به‌رچاو كه‌ سه‌رجه‌میان وشه‌ی ره‌سه‌نی كوردین. ئه‌گه‌ر زیاتر سه‌رنج بده‌یت، ئه‌و زمانه‌ی له‌ هه‌ولێر قسه‌ی پێ ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندترینی شێوه‌زاره‌كان نه‌بێ، گومانم نییه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌ و زاهیر عه‌بدوڵا له‌وه‌شدا رۆڵی پاڵه‌وانی بینیوه‌. له‌وه‌شدا بیره‌وه‌رییه‌كه‌ی له‌ "ته‌یراوه‌.. هه‌ر به‌ پیاسه‌"دا بخوێنه‌وه‌.

به‌دیوێكی تر، واده‌زانم له‌ كۆتای نه‌وه‌ته‌كان بوو كه‌ زاهیر عه‌بدوڵا گۆشه‌یه‌كی له‌ هه‌فته‌نامه‌ی "به‌درخان" به‌ شێوه‌زاری ناوچه‌ی هه‌ولێر بڵاو ده‌كرده‌وه‌ به‌ناوی "ئاخیر زه‌مان". ئه‌و ماوه‌یه‌ چه‌ند نووسینێكی ئه‌و گۆشه‌یه‌م ده‌خوێنده‌وه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و نووسینانه‌ بێت، ده‌توانم بڵێم ئه‌و پیاوه‌ ته‌نیا نواندنكار و نووسه‌ر نییه‌، به‌ڵكو رۆژنامه‌وانێكی باش بووه‌، واته‌ قه‌ڵه‌می له‌و بواره‌شدا له‌ جووڵه‌ بووه‌ و په‌نجه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر دیارده‌ ناشیرینه‌كان و ویستوویه‌تی شیرینیان بكات.

راستیتان ده‌وێ له‌ دوای ساڵی 2003 و دروست له‌ دوای رووخانی به‌عس كه‌ ئێمه‌ومانان وه‌ك هونه‌رمه‌ند یان رۆشنبیری شاره‌كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك، كاتێك ده‌زگه‌ی رۆشنبیریی "شه‌فه‌ق" له‌و شاره‌ دامه‌زرا، له‌و ده‌زگه‌یه‌ هه‌فته‌نامه‌ی "باسه‌ڕه‌" بڵاو ده‌كرایه‌وه‌ كه‌ منیش یه‌ك له‌ قه‌ڵه‌مه‌كان بووم كارم تێدا ده‌كرد، بۆ ماوه‌یه‌ك گۆشه‌یه‌كم به‌ناوی "هه‌نێ چه‌قه‌چه‌ق" بڵاو ده‌كرده‌وه‌ و تێدا شێوه‌زاری گه‌رمیانم به‌كار ده‌هێنا كه‌ به‌بێ زێده‌بێژی زۆرترین خوێنه‌ری هه‌بوو، بیرۆكه‌ی ئه‌و گۆشه‌یه‌م دروست له‌ زاهیر عه‌بدوڵا وه‌رگرت. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی لێره‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌رقه‌ڵه‌م، ته‌نیا ئه‌مه‌كێكه‌ بۆ ئه‌و پیاوه‌.

 ن/ وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.