Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 17:59

ئه‌مڕۆ 71 ساڵ به‌سه‌ر کۆچی دواییی شاعیری شۆڕشگێڕی کورد (بێکه‌س)دا تێپه‌ڕ ده‌بێت

فایق بێكه‌س، شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ری كورد
کوردستان TV
100%

فایه‌ق بێكه‌س، كوڕی "عبدالله‌ به‌‌گ"ی كوڕی "كاكه‌ حه‌‌مه‌‌"ی كوڕی "ئه‌‌لیاسه‌ قۆجه‌‌"یه‌. بنچینه‌‌ی بنه‌‌ماڵه‌‌یان له‌ قه‌‌ڵاچوالانه‌‌وه‌ ھاتووه‌‌ته‌ سلێمانی و خۆی له‌ ١٩٠٥دا له‌ سیته‌‌ك ھاتووه‌‌ته‌ ژیانه‌‌وه‌، ئه‌‌و دێیه‌‌ش بیست كیلۆمه‌‌تر‌ه‌‌یه‌‌ك له‌ باكووری ڕۆژه‌‌‌ڵاتی سلێمانی‌یه‌‌وه‌‌ دووره‌ و ئه‌‌و ئه‌‌وساته‌‌ش سیته‌‌ك سه‌‌نته‌‌ری "شارباژیر" ‌‌‌‌‌‌بووه‌. عبدوڵڵا به‌‌گی باوكی له‌‌وێ "تابوور ئاغاسی" بووه‌. له‌ دایكیشیه‌‌وه‌ له‌ بنه‌‌ماڵه‌‌ی ئاغه‌‌له‌‌ره‌‌كانی سلێمانییه‌.

 

ساڵی یه‌‌كه‌‌م‌ و دووھه‌‌می ته‌‌مه‌‌نی له‌ سیته‌‌ك به‌‌سه‌‌ربردووه‌‌و، پاشان ماڵیان ھاتووه‌‌ته‌‌وه‌‌ سلێمانی و له‌ ته‌‌مه‌‌نی سێ ساڵایدا ئاوه‌‌ڵه‌‌ی ده‌‌رداوه‌. ھه‌‌ر به‌ مناڵی باوكی له‌ حوجره‌‌ی فه‌‌قێ خستوویه‌‌تیه‌‌ به‌‌ر خوێندن.

 

له‌ ١٩١١دا باوكی به‌ ئیشی میری نێرراوه‌ بۆ خانه‌‌قی و له‌‌وێوه‌‌ بۆ به‌غدا. له‌ به‌‌غداوه‌ ئه‌‌نێرێ به‌ دوای ماڵ ‌و مناڵه‌‌كه‌‌‌یدا و ئه‌‌یانباته‌‌ ئه‌‌وێ‌. پاش ساڵێك خۆی چووه‌ بۆ توركیا و ئه‌‌وانی له‌ به‌غدا به‌‌جێھێشتووه‌. ئیتر فائق باوكی نه‌‌دیوه‌‌ته‌‌وه‌. ھه‌‌ر له‌‌و ماوه‌‌یه‌‌دا حه‌‌مه‌‌ سه‌‌‌عیدی برا گه‌‌وره‌‌ی له‌ ئاوی ده‌‌جله‌‌دا ئه‌‌خنكێ و دوابه‌‌دوای ئه‌‌و دایكیشی كۆچی دوایی ده‌‌كات و فایق ئه‌‌كه‌‌وێته‌‌ لای خاڵی. ئه‌‌ویش‌ پاش چه‌‌ند مانگێك ئه‌‌مرێ ‌و فایق ‌‌و تاھیری برای ‌بچووكی به‌ بێكه‌‌سی ئه‌‌مێننه‌‌وه‌.

 

ئه‌‌و ساته‌‌ی شه‌‌ڕی یه‌‌كه‌‌می جیھانی ھه‌‌ڵده‌‌گیرسێت، ڕێی ھاتوچۆی نێوان به‌غدا و سلێمانی ده‌‌گیرێت. "حاجی ئه‌‌مینی كاكه‌ حه‌‌مه‌‌"ی مامی له‌‌ سلێمانییه‌‌وه‌ ئه‌‌نێرێته‌‌ لای "حاجی عه‌‌لی ئاغا"، ئه‌‌وه‌‌ی له‌‌ به‌غدا بووه‌، كه‌‌ چاودێری فایق ‌و براكه‌‌ی بكات و ھه‌‌ر میراتێكیان له‌ باوك ‌و دایكیانه‌‌وه‌ بۆ مابێته‌‌وه‌ بۆیان خه‌‌رج بكا. ئه‌‌ویش ئه‌‌یانداته‌ ده‌‌ستی "حه‌‌به‌‌خان" ناوێك، ئه‌‌وه‌‌ی خێزانی ئه‌‌فسه‌‌رێكی خه‌‌ڵكی سلێمانی بووه‌‌ و له‌ به‌غدا دانیشتووه‌.

 

ژنه‌‌كه‌‌ش مه‌‌ردانه‌ ئه‌‌یانخاته‌ ژێر باڵی به‌‌زه‌‌ییی خۆی ‌و ورده‌ ورده‌ پێیشیان ئه‌‌خوێنێ. دوو سێ ‌ساڵێك به‌‌م جۆره‌ ژیان به‌‌سه‌‌رده‌‌به‌‌ن. له‌ ١٩١٧دا كه‌‌ساسییه‌‌كی زۆریان تووش ده‌‌بێ. له‌ ١٩١٨دا حه‌‌به‌‌ خان ئه‌‌یانباته‌‌وه‌ بۆ سلێمانی بۆ لای "حاجی ئه‌‌مین"ی مامیان.

 

فایق له‌ سلێمانی ئه‌‌خرێته‌‌ قوتابخانه‌ ‌و له‌ پۆلی سێھه‌‌مدا وه‌‌رئه‌‌گیرێ‌ و تا ساڵی ١٩٢٣ له‌‌سه‌‌ر خوێندن به‌‌رده‌‌وام ده‌‌بێت. ھه‌‌موو ساڵێ به‌ یه‌‌كه‌‌م ده‌‌رئه‌‌چێ. له‌‌و ساڵه‌‌دا له‌‌سه‌‌ر ئاره‌‌زووی مامی ئه‌‌چێته‌‌ قوتابخانه‌‌ی "علمیه‌‌" له‌ كه‌ركووك. به‌‌ڵام بۆی ڕێناكه‌‌وێ له‌‌وێ بخوێنێ، ئه‌‌چێته‌‌ به‌غدا و ساڵی ١٩٢٤ - ١٩٢٥ له‌ "دار العلوم" به‌‌سه‌‌رئه‌‌با. له‌‌وێش له‌‌به‌‌رده‌‌م بژێوی بژی‌ و له‌ ساڵی ١٩٢٦ - ١٩٢٧دا ئه‌‌گه‌‌ڕێته‌‌وه‌ بۆ سلێمانی. له‌‌وكاته‌‌دا سلێمانی ته‌‌نھا پۆلی یه‌‌كه‌‌می ناوه‌‌ندیی تیا بووه‌، ناچار تێی ئه‌‌چێ.

 

له‌‌و ساڵانه‌‌دا ته‌‌نگوچه‌‌ڵه‌‌مه‌‌ی ژیان ناچاری ئه‌‌كا دوكانێكی جگه‌‌ره‌‌چێتی بكاته‌‌وه‌، به‌‌ڵام ئه‌‌مه‌‌‌ش سه‌‌رناگرێ ‌و ده‌‌ستده‌‌كات به‌ جگه‌‌ره‌ ‌و شقارته‌ فرۆشتنی ده‌‌ستگێڕی و پاشان په‌‌نا ئه‌‌باته‌ به‌‌ر "ئه‌‌شغاڵ" و به‌ ڕۆژانه‌ له‌ ڕێگای عه‌‌ربه‌‌ت ئیش ئه‌‌كاو چه‌‌ند مانگێك له‌‌سه‌‌ر ئه‌‌م ئیشه‌ ده‌‌بێت.

 

له‌ ١٩٢٨دا بۆ ماوه‌‌ی چه‌‌‌ند مانگێك له‌ ھه‌ولێر ژیاوه‌. له‌‌‌و سه‌‌رده‌‌مه‌‌دا خوالێ‌خۆش‌بوو "قاله‌‌ی ئایشه‌‌ خان" ئه‌‌ندازیاری ئه‌‌شغاڵ بووه‌ ‌و سه‌‌رپه‌‌رشتی كردنه‌‌وه‌‌ی ڕێگای ھه‌ولێر - ڕه‌‌واندز - ڕایاتی كردووه‌. بێ‌كه‌‌‌س دۆستی له‌ ئه‌‌شغاڵ دامه‌‌زراندووه‌‌. ھه‌‌ر له‌‌و ساڵه‌‌دا بێ‌كه‌‌س ئه‌‌بێ به‌ مامۆستای "زانستی" و له‌ ١٩٢٩دا ئه‌‌بیستێ باوكی له‌ مه‌‌رعه‌‌ش له‌ توركیا مردووه‌. له‌ ساڵی ١٩٣٠دا به‌ ھه‌‌ر ده‌‌ردی ‌سه‌‌ریه‌‌ك بووه‌ به‌‌دوای میراتی باوكیا ئه‌‌چێ بۆ توركیا، ھه‌‌ر له‌‌و ساڵه‌‌دا به‌ نائومێدی ئه‌‌گه‌‌ڕێته‌‌وه‌.

 

ھه‌‌ر له‌‌و ساڵه‌‌دا بوو ڕاپه‌‌ڕینه‌‌كه‌‌ی شه‌‌شی ئه‌‌یلوول له‌ دژی ھه‌‌ڵبرژادنه‌ ساخته‌‌كه‌‌ی ده‌‌زگای پادشایه‌‌تی ڕوویدا. بێ‌كه‌‌س یه‌‌كێك بوو له‌‌و نیشتمان په‌‌روه‌‌رانه‌‌ی سه‌‌ركرده‌‌ی ئه‌‌و ڕاپه‌‌ڕینه‌‌یان كرد و تێیدا برینداریش بوو.

 

له‌‌ئه‌‌نجامی ئه‌‌و ڕۆڵه‌‌دا ئه‌‌یگرن ‌و ئه‌‌یخه‌‌نه‌ به‌‌ندیخانه‌‌وه‌. ھه‌‌ر له‌‌سه‌‌ر ئه‌‌م به‌‌شداربوون ‌و سه‌‌ركرده‌‌یییه‌‌ی له‌‌سه‌‌ر كاریش لایئه‌‌به‌‌ن. ھۆنراوه‌‌ به‌‌ناوبانگه‌‌كه‌‌ی "ئه‌‌ی وه‌‌ته‌‌ن مه‌‌فتوونی تۆم..."ی له‌ ناو به‌‌ندینخانه‌‌دا نووسیوه‌‌ته‌‌وه‌

 

ئه‌‌و ساته‌‌ی له‌‌ به‌‌ندینخانه‌‌ دێته‌‌ ده‌‌ره‌‌وه‌، قوتابخانه‌‌یه‌‌ك ئه‌‌كاته‌‌وه‌ بۆ ئه‌‌وه‌‌ی وانه‌‌ی تێدا بڵێته‌‌وه‌ ‌و پێی بژی. له‌ ١٩٣٣دا میری وه‌‌ر‌ئه‌‌گرێ به‌ مامۆستا ‌و ئه‌‌ینێرێته‌‌ مۆرتكه‌‌ی بازیان ‌و پاشان ئه‌‌ینێرێته‌‌ ته‌‌وێڵه‌‌. له‌ ھاوینی ١٩٣٥دا له‌‌گه‌‌ڵ كۆمه‌‌ڵه‌ مامۆستایه‌‌ك، له‌‌وانه‌‌ش یه‌‌كێكیان مامۆستا گۆرانی شاعیری به‌‌ناوبانگ بووه‌، به‌‌شداری له‌ كۆرسێكدا كردووه‌ له‌ به‌‌غدا بۆ مامۆستایان ئاماده‌‌ كراوه‌. بێ‌كه‌‌س له‌‌و سه‌‌رده‌‌مه‌‌دا مامۆستای قوتابخانه‌‌ی سه‌‌ره‌‌تایی بازیان بووه‌.

 

له‌ ساڵی ١٩٣٧دا له‌ وزه‌‌ی میریدا نامێنێت. مامۆستایه‌‌كی نه‌‌ترسی وه‌‌ھا له‌ سلێمانیدا ھه‌‌بێ گیانی خه‌‌بات ‌و كوردایه‌‌تی بڵاوبكاته‌‌وه‌، دووری ئه‌‌خاته‌‌وه‌ بۆ حیلله‌‌ و پاش ساڵێك ئه‌‌ینێرێ بۆ عه‌‌ماره‌. به‌‌ڵام بێ‌كه‌‌س ڕازی نابێت بچێ و ده‌‌ست له‌ ئیشه‌‌كه‌‌ی ھه‌‌‌ڵئه‌‌گرێ‌ و دێته‌‌وه‌ سلێمانی. له‌‌وێش قوتابخانه‌‌یه‌‌ك ئه‌‌كاته‌‌وه‌ تا ١٩٤١ وانه‌‌ی تێدا ئه‌‌ڵێته‌‌وه‌. ئه‌‌نجا ئه‌‌یكه‌‌نه‌‌وه‌ به‌ مامۆستای قوتابخانه‌‌كانی میری ‌و تا دوایی ساڵی ١٩٤٨دا له‌ قه‌‌ره‌‌داغ ‌و سلێمانی ‌و سورداش‌ و ھه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ مامۆستا ئه‌‌بێ.

 

بێ‌كه‌‌س جگه‌‌ له‌ زمانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی و تاڕاده‌‌یه‌‌ك ئینگلیزیشی زانیوه‌‌. به‌‌تایبه‌‌تی له‌ عه‌‌ره‌‌بیدا ده‌‌سێكی باڵای ھه‌‌بووه‌. ھۆنراوه‌‌یه‌‌كی زۆری عه‌ره‌بی له‌‌به‌‌ربووه‌. ھه‌‌روه‌‌ھا بڵاوه‌،‌ كه‌ "معلقاتی سبعه‌‌" به‌‌ته‌‌واوه‌‌تی له‌‌به‌‌ربووه‌.

 

بێ‌كه‌‌س دووژنی ھێناوه‌‌. یه‌‌كه‌‌میان له‌ ساڵی ١٩٣٥دا، به‌‌ڵام ‌پاش ساڵێك به‌ نه‌‌خۆشی ده‌‌رده‌‌باریكه‌ كۆچی دواییكردووه‌ ‌و مردنه‌‌كه‌‌ی كارێكی زۆری كردۆته‌ سه‌‌ر ده‌‌روونی بێ‌كه‌‌س ‌و وای لێكردووه‌ ماوه‌‌یه‌‌ك گۆشه‌‌گیری ببێت.

 

له‌‌م ژنه‌‌ی كچێك و له‌ ژنی دووھه‌‌می دوو كچ ‌و كوڕێكی بووه‌. كوڕه‌‌كه‌‌شی شاعیری گه‌‌وره‌‌ی كورد شێركۆ بێكه‌سه‌‌.

 

كۆچی دوایی

 شایانی باسه‌ ساڵی 1928 فایق بێكه‌سی شاعیر كه‌ ته‌مه‌نی بیست و سێ ساڵ بووه‌، چه‌ند مانگێك له‌ هه‌ولێر بووه‌ و له‌ دائیره‌ی ئه‌شغال له‌ ڕێوبانه‌كان كرێكاریی كردووه‌ و هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ شیعره‌ ناوداره‌كه‌ی به‌بۆنه‌ی دانانی یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ولێره‌وه‌ نووسیوه‌، كه‌ ئێستا كراوه‌ته‌ بازاڕی نیشتمان له‌ناو جه‌رگه‌ی شار، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یانه‌كه‌ له‌ ساڵی 1928 كراوه‌ته‌وه‌ نه‌ك ساڵی 1936 وه‌ك هه‌ندێ كه‌س له‌ باس و نووسینه‌كانیاندا ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌قی شیعره‌كه‌یه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌:

( گۆرانی شاعیر كه‌ له‌گه‌ڵ بێكه‌س له‌ هه‌مان ساڵ له‌دایك بووین و چه‌ند ساڵێك له‌ هه‌ولێر ژیاوه‌ و ئه‌ویش هه‌ر له‌ ئه‌شغالی هه‌ولێر كارمه‌ند بووه‌)

 

له‌ ڕێكه‌وتی ١٩٤٨/١٢/١٨دا بۆ یه‌‌كجاری سه‌‌ر ئه‌‌نێته‌‌وه‌.

 

نمونه‌‌یه‌‌ك له‌‌ شیعره‌‌كانی:

 

ئه‌‌ی وه‌‌ته‌‌ن مه‌‌فتوونی تۆم...

 

ئه‌‌ی وه‌‌ته‌‌ن مه‌‌فتوونی تۆم‌و شێوه‌‌تم بیركه‌‌وته‌‌وه‌      وه‌‌ختی به‌‌ندیییو ئه‌‌ساره‌‌ت، پێ به‌ ته‌‌وق ‌و كۆته‌‌وه‌

 

من له‌ زیكرو فیكری تۆ غافڵ نه‌‌بووم، وا تێنه‌‌گه‌‌ی      حه‌‌پس و تێ‌ھه‌‌ڵدان‌ و زیلله‌‌ت تۆی له‌ بیر بردۆته‌‌وه‌

 

به‌‌و خودایه‌‌ی بێ‌شه‌‌ریك ‌و لامه‌‌كان‌ و واحیده‌             عه‌‌شقی تۆ نه‌‌وعێ له‌ دڵما ئاگری كردۆته‌‌وه‌

 

ئاگرێكی ‌وا ھه‌‌زار ساڵ ئاوێ بڕژێنیته‌ سه‌‌ر               قه‌‌ت گڕو كڵپه‌‌و بڵێسه‌‌ی تا ئه‌‌به‌‌د نه‌‌كوژێته‌‌وه‌

 

باسی مه‌‌حزوونی و كه‌‌ساسیی خۆت نه‌‌كه‌‌ی توخوا وه‌‌ته‌‌ن        چونكه‌ به‌‌و باسه‌ برین‌و زامه‌‌كه‌‌‌م ئه‌‌كولێته‌‌وه

 

ماته‌‌مینی تا به‌‌ كه‌‌ی، ده‌‌ی پێكه‌‌نه‌‌و سه‌‌ر ھه‌‌ڵبڕه‌                  موفته‌‌خیر به‌، شوھره‌‌تت وا عاله‌‌می گرتۆته‌‌وه‌

 

نه‌‌گبه‌‌تی لاچوو، سه‌‌عاده‌‌ت بۆته‌ پشتیوانی تۆ            كه‌‌وكه‌‌بی به‌‌خت‌و فریشته‌‌ت به‌‌رزه‌، ئه‌‌دره‌‌وشێته‌‌وه‌

 

گه‌‌رچی به‌‌ینێكه‌ زه‌‌لیل‌ و دیلی ده‌‌ستی زاڵمی           نۆبه‌‌تی شادیته‌ ئه‌‌مجا ناحه‌‌زت لێك‌بێته‌‌وه‌

 

لافی میللیییه‌‌ت به‌‌ ده‌‌م له‌‌م عه‌‌سره‌‌دا كه‌‌ڵكی نییه‌       ڕۆژی ھه‌‌وڵه‌، ھه‌‌ر به‌ ھیممه‌‌ت گۆی ھونه‌‌ر ئه‌‌برێته‌‌وه‌

 

بێ‌قوسووره‌، چه‌‌ند جه‌‌سووره‌ صه‌‌د شوكر ئه‌‌ولاده‌‌كه‌‌ت                   وا له‌‌ ڕێی تۆدا له‌ خوێنا سه‌‌یری چۆن ئه‌‌تلێته‌‌وه‌

 

به‌‌سیه‌، ته‌‌عنه‌‌م لێ مه‌‌ده‌‌، ھه‌‌ر ڕۆڵه‌‌كه‌‌ی جارانتم                 ھێنده‌‌ حیلمت بێ ھه‌‌تاكو ده‌‌ست‌و پێم ئه‌‌كرێته‌‌وه‌

 

شه‌‌رته‌ شه‌‌رتی پیاوه‌‌تی بێ گه‌‌ر خودا ده‌‌ستم بدا                 دوژمنت په‌‌ت‌كه‌‌م وه‌‌كوو سه‌‌گ بیخه‌‌مه‌‌ ژێر پێته‌‌وه‌

سه‌ر چاوه‌/ جام كوردی

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.