Erbil 7°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 19:26

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له‌ هامــبۆرگ به‌ فیلمی سینه‌مایی "خوشکانی شه‌ڕ " ده‌ســت پێده‌کـات

له‌ فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا 37 فیلم به‌شدارن
کوردستان TV
100%

ده‌یه‌مین خولی "فێستیڤاڵی فیلمی كوردی" له‌ هامبۆرگ، بڕیاره‌ ڕۆژی 30/10/ 2019، به‌ فیلمی سینه‌مایی (خوشكانی شه‌ڕ) و به‌ ئاماده‌بوونی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ ده‌ست پێبكات و بۆ ماوه‌ی (یه‌ك هه‌فته‌) به‌رده‌وام بێت و تێیدا چه‌ندین فیلمی جۆراوجۆر له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و وڵاتانی جیهانه‌وه‌ به‌شدار بن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ (عه‌داله‌ت دیریك) به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ هامبۆرگ، به‌ میدیاكانی ڕاگه‌یاند: له‌ ده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵه‌كه‌دا فیلمه‌كان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و وڵاتانی جیهانه‌وه‌ به‌شدارن.

گوتیشی: له‌ فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا 37 فیلم به‌شدارن، له‌ به‌شه‌كانی فیلمی درێژ، كورته‌ فیلم و فیلمی دۆكیۆمێنتاری،

له‌ كۆتاییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ڕۆژێكی فێستیڤاڵه‌كه‌ش تایبه‌ت ده‌بێت به‌ نمایشكردنی فیلمی منداڵان، له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا فیلمه‌كان له‌ سێ هۆڵی جیاواز له‌ شاری هامبۆرك له‌ ئه‌ڵمانیا نمایش ده‌كرێن.

شایه‌نی ئاماژه‌ پێدانه‌: هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان (تارا محمه‌دۆڤ و ئه‌دیر جان) و دیجه‌ی گرووپ چه‌ند به‌رهه‌مێكی هونه‌ری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، له‌ چوار چێوه‌ی به‌رنامه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌شدا چوار پانێڵ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

شایه‌نی ئاماژه‌ پێدانه‌: فیلمی سینه‌مایی "خوشكانی شه‌ڕ" بۆ یه‌كه‌مجار له‌ شه‌ست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تیی "به‌رلین" له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا نمایش كراوه‌. بۆ یه‌كه‌مین جاریش له‌ ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌ ڕۆژی 1/10/ 2019، له‌ چواره‌مین خولی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانیدا بووه‌ فیلمی كرانه‌وه‌ی فێستیڤاڵ و دوای نمایشكردنی بووه‌ جێی سه‌ره‌نجی بینه‌ران، جگه‌ له‌مه‌ به‌رواری 9/10/ 2019، چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان له‌ فه‌ره‌نسا.

(خوشكانی شه‌ڕ)، ناوی یه‌كه‌مین فیلمی سینه‌مایی خاتوو "كارۆلین فورێست" ڕۆژنامه‌نووسی ناوداری فه‌ره‌نسییه‌، پاش بیست ساڵ كاری ڕۆژنامه‌وانی و ده‌رهێنانی 21 فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی، ڕوو له‌ سینه‌ما ده‌كات، یه‌كه‌م فیلمی خۆی به‌ ناوی (خوشكانی شه‌ڕ) باسی شه‌ڕ و كاره‌ساته‌ مرۆییه‌كانی سه‌رده‌م ده‌كات،‌ سه‌مبوڵه‌ دروستكراوه‌كان تێك ده‌شكێنێ و باس له‌ ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینی ژنانه‌ ده‌كات، مێژوو وه‌بیرده‌هێنێته‌وه‌ و بوێرانه‌ ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ به‌ ده‌رهاوێشته‌كانی شه‌ڕی جیهانی، هۆڵۆكۆست، شه‌ڕه‌ ئایینییه‌كان، تێرۆریزم و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كانی‌ جیهانه‌وه‌.

فیلمه‌كه‌ چیرۆكی دوو كچی فه‌ره‌نسی به‌ناوه‌كانی (كاهینه‌) به‌ ڕه‌گه‌ز موسوڵمانێكی جه‌زائیری و (ساشكا) جوویه‌كی به‌ ڕه‌گه‌ز ئیسرائیلی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ خۆویستانه‌ ده‌چنه‌ كوردستان و ده‌بنه‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به‌ ژنان، به‌ فه‌رمانده‌ی ژنێكی كورد و شانبه‌شانی شه‌ڕڤان و پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن. !، هێڵی دووه‌می چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ كچێكی ئێزیدی ده‌كات به‌ ناوی (زارا) كه‌ پاش ڕزگاربوونی له‌ ده‌ستی داعش، ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئه‌م یه‌كه‌یه‌ بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كوژرانی باوكی و ڕزگاركردنی برا بچووكه‌كه‌ی، ئه‌م یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌ پێك هاتووه‌ له‌ حه‌وت ژنی جه‌نگاوه‌ر كه‌ هه‌ركامیان هه‌ڵگری چیرۆكی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، ئه‌مانه‌ له‌ناو شاخه‌كانی كوردستاندا یه‌كده‌گرن و سۆزی خوشكایه‌تی ده‌ده‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تێرۆریزم.

خوشكانی شه‌ڕ، باسه‌ جیهانییه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆی نێوان ئه‌م ژنانه‌، له‌گه‌ڵ خۆمان ئاشتمان ده‌كاته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كی تری هێرۆیزم له‌ ڕوانگه‌ی سینه‌ماوه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، وێنه‌ی هێرۆیزمێكی فیمینیستانه‌ ده‌هێنێت و‌ به‌ فیلته‌رێكی سینه‌مایی گه‌رم و موزیكێكی نه‌رمی شۆڕشگێڕانه‌دا تێیده‌په‌ڕێنێ و ده‌ڵێت: شۆڕشی ئێمه‌ سنوور ناناسێت. به‌ زمانێكی فه‌لسه‌فیانه‌ سه‌ختترین و ڕه‌شترین ڕووداوه‌كانی ناو شه‌ڕ به‌ گوێدا ده‌چپێنێ و له‌ كۆتاییدا چاوی بینه‌ر بانگهێشتی نیگا قووڵه‌كانی (زارا) ده‌كات، نیگای ژنێك كه‌ هه‌م قوربانییه‌ و هه‌م پاڵه‌وان و له‌ كۆتاییدا بینه‌ر له‌ناو نیگای كۆتایی (زارا) دا به‌جێ ده‌هێڵێت.

هێزی نووسین و ڕۆحی ڕۆژنامه‌ڤانیی "كارۆلین فورێست"، ده‌بێته‌ هۆی خوڵقاندنی دیالۆگێكی به‌هێزی ڕه‌خنه‌گرانه‌ و زیره‌كانه‌ و قه‌یرانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، زۆر بوێرانه‌ باس له‌ هێز و یه‌كگرتنی ژنان ده‌كات. ڕوانینه‌ فیمینیستانه‌كه‌ی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ وای لێده‌كات چیرۆكه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی وڵاته‌ جیاوازه‌كان پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌. ژنی قوربانیی توندوتیژیی شه‌ڕ و جینۆساید ده‌كاته‌ نوێنه‌ری سه‌رجه‌م ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌ناو شه‌ڕه‌ ئایینییه‌كان له‌ جیهاندا وه‌ك چه‌ك به‌كارده‌هێنرێن. به‌ تێكشكاندنی سنووره‌كان، ڕوانینێكی تر بۆ بینه‌ری جیهانی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.

توانا ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی "كارۆلین فورێست"، له‌سه‌ر سیناریۆ و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ق و دیالۆگه‌كان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. وه‌ك لێكۆڵه‌رێك چووه‌ته‌ نێو قووڵایی بابه‌ته‌كان و زۆر كورت و ساده‌ زانیارییه‌كانت پێده‌به‌خشێ. كه‌سێكی بێگانه‌ به‌ ئایینی ئێزیدییه‌كان ئاشنا ده‌كات. به‌ ئاڵۆزییه‌كانی چه‌مكی (كوردبوون)دا ده‌چێته‌وه‌ و چه‌مكی ئایینی و كولتووری و ناسیۆنالیستی له‌یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه‌ و له‌ یه‌ك شوێندا به‌ ته‌نیشتی یه‌كه‌وه‌ دایانده‌نێت.

زۆر ڕاشكاوانه‌ باس له‌ كوردستان و سیاسه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كات. سیمبوله‌كانی كورد ده‌زانێت و ڕێز له‌ شه‌هیده‌كانی ده‌گرێت. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: "ویستم ڕێزێك له‌ كورد و كوردستان و هێزی به‌رگریكردنی بگرم" . كارۆلین رووداوه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، مێژوو ده‌هێنێت و هه‌ڵیده‌كێشێت به‌ سیاسه‌ت، دواتر به‌ ماچێكی ژنه‌ شه‌ڕڤان و پێشمه‌رگه‌یه‌ك‌، له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تیدا ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت.

"كارۆلین فورێست" ده‌ڵێت: "پاش هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی سه‌ر بنكه‌ی بڵاوكراوه‌ی شارلی ئێبدۆ له‌ ساڵی 2015 كه‌ خۆم یه‌كێك بووم له‌ نووسه‌ره‌كانی، هه‌ستمكرد چیدی نووسین به‌شم ناكات. كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار چیرۆكی ژنه‌ فرۆشراوه‌ ئێزیدییه‌كانم خوێنده‌وه‌، تێگه‌یشتم كه‌ چیدی قه‌ڵه‌م به‌شم ناكات، كاتێك وێنه‌ی ئه‌و ژنه‌ جه‌نگاوه‌رانه‌م بینی كه‌ نه‌ترسانه‌ و سه‌ركردانه‌ شه‌ڕی تێرۆریزم و داعش ده‌كه‌ن، تێگه‌یشتم كه‌ چیتر قه‌ڵه‌م به‌شم ناكات. پێویستم به‌ ئامرازێكی دیكه‌ هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی باس له‌ ڕاستییه‌ك بكه‌م كه‌ نزیكه‌ی بیست ساڵه‌ شه‌ڕی بۆ ده‌كه‌م".

ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین: "كارۆلین فورێست" له‌ ساڵی 2000ه‌وه‌ وه‌كو ڕۆژنامه‌نووسێكی ڕه‌خنه‌گر دژ به‌ ئه‌نتێگریسمی ئایینی و سیاسی كار ده‌كات. باس له‌ كاریگه‌رییه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی ئه‌نتێگریسمی هه‌ر سێ ئایینی مه‌سیحی، جوو و ئیسلام له‌سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ به‌ گشتی و مافه‌كانی ژنان به‌ تایبه‌تی ده‌كات. باس له‌ ئامرازگه‌رایی ئایینی ده‌كات كه‌ چۆن ئایین وه‌ك وه‌سیله‌یه‌ك به‌كار ده‌هێنرێت بۆ پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی /كامران

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.