Erbil 28°C شەممە 21 ئەیلوول 21:08

دەست بە پڕۆژەکان ده‌کرێتـه‌وه‌ و هەر وەبەرهێنەرێکیش دەست بە پڕۆژەکەی نەکاتەوە مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر بانگەوازێك ئاراستەی وەبەرهێنەرانی پارێزگاکە دەکات
کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر، سامان عارەب رایگەیاند کە ئاگاداری وەبەرهێنەرەکانیان کردووەتەوە بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆژەکان بکەنەوە و هەر وەبەرهێنەرێکیش دەست بە پڕۆژەکەی نەکاتەوە ئەوا مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە و ئاشکرایشی دەکات کە بانگەواز دەکەن بۆ ئەوەی پڕۆژە تەواونەکراوەکان بدەن بە وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی تەواو بکرێن.

سامان عارەب لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئاگاداری ئەو وەبەرهێنەرانە دەکەینەوە کە لە پڕۆژەکانیان دەستبەکار نەبوونەتەوە لە کورترین ماوەدا دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، ئەگەر سەیری شاری هەولێر بکەین بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکان دەستیان بەکارەکانیان کردووەتەوە، تەنها چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون ماوە بۆ ئەوانیش بانگەواز دەکەین کە هەر وەبەرهێنەرێک دەتوانێت ئەو پڕۆژانە تەواو بکات، ئێمە پڕۆژەکانیان پێ دەدەینەوە". 

ژمارەیەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە ناتەواوی بەجێهێڵدراوە و خەڵکێکی زۆریش ڤێلا و خانووەکانیان کڕیووە کە چارەنووسیان نادیارە و لەبارەی ئەم پڕۆژانەش، سامان عارەب گوتی: "لە سنووری شاری هەولێر سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوونمان هەیە کە تەواو نەکراون پڕۆژەکانی؛ دەشتی بەهەشت، کۆیەستی و کانی ئەڵمانی بۆیە بانگەواز دەکەین هەر وەبەرهێنەرێک بتوانێت پڕۆژەکەی جێبەجێ بکات ئەوا پڕۆژەکانیان پێ دەدەینەوە". 

سامان عارەب گوتیشی: "نزیکەی سەدا ٧٠ تا ٨٠ی پڕۆژەکان دەستبەکاربوونەتەوە و هەر وەبەرهێنەرێکیش دەستبەکارنەبێت ئەوا مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە" و ئاماژەی بەوەیشدا کە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان تا ئێستا نزیکەی ٥٥ مۆڵەتی وەبەرهێنان بەهۆی جیاجیا هەڵوەشێندراوەتەوە. 

پڕۆژەی دەشتی بەھەشت کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ دەستی بەکارەکانی کرد و دەبوو لە میانی دووساڵدا یەکەکانی بەسەر هاوبەشەکانیدا دابەش بکات، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣دا کارکردن لە پڕۆژەکە وەستا، ئەم پڕۆژەیە لە ٤٢٧ ڤێلا و ھەزار و ٢٢٨ شوققە پێکھاتووە، شوققەکان شەش نھۆمی و ١٢ نھۆمین، سەرجەم ڤێلاکان و زۆربەی شوققەکان فرۆشراون، کڕیارەکانیش زیاتر عەرەبن و بەشێکیشی کورد و نەتەوەکانی دیکەن، رووبەری پڕۆژەکە ١٥٠ دۆنمە و دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر. 

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کۆیەستی لە ٣٦ ڤێلا و ٤٥٠ خانوو پێکدێت کە لە ساڵی ٢٠١٢ دەستی بەکارەکانی کرد و بڕیاربوو لە میانی دووساڵدا تەواوبکرێت، بەڵام پڕۆژەکە لە ساڵی یەکەمییەوە راوەستاوە و تا ئێستاش بەم شێوەیە ماوەتەوە. 

پڕۆژەی کانی ئەڵمانی لە ٣٢٠ خانوو پێکدێت لە ساڵی ٢٠١٠ دەستکرا بە دورستکردنی پڕۆژەکە و لە ساڵی یەکەمی دەستپێکردنییەوە کارکردن لە پڕۆژەکە وەستا و لە سەرەتاشدا نرخی هەر خانوویەک زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دۆلار بوو، بەڵام بە هۆی تەواونەکردنی پڕۆژەکە و دروستبوونی قەیرانی دارایی، نرخی خانووەکان دابەزیووە و لەئێستاشدا خەڵک لە چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکەیە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.