Erbil 30°C شەممە 21 ئەیلوول 18:34

لە جەژنی قوربان زۆرترین گەشتیار دەچنە تورکیا

گەشتیاران زیاتر لە 20 ڕۆژ تا مانگێک پێشتر تکتی فڕۆکەیان بڕیووە
زۆرترین گەشتیار دەچنە تورکیا
کوردستان TV
100%

بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ زۆرترین گەشتیاری کورد سەردانی تورکیا دەکەن، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ زۆربەی گەشتیاران زیاتر لە 20 ڕۆژ تا مانگێک پێشتر تکتی فڕۆکەیان بڕیووە.

ئازاد ڕۆژبەیانی و خانەوادەکەی، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بلیتی چوون و هاتنیان بۆ ئەستنبۆڵ بۆ هەر یەکێکمان بە نرخی 290 دۆلار بڕیووە. بەڵام لە دوێنی پێنج شەممە بلیتێکی دیکەیان بۆ یەک کەس چوون و هاتن بە 550 دۆلار دەستکەوتووە.

دلێر نەوزاد، کە دوو مانگە پلانی داناوە بڕوات بۆ تورکیا بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: پلانم دانا بڕۆین بۆ تورکیا ئەوکات گروپی گەشتیاری هەبوو بە 350 دۆلار، بەڵام ئێستا بەناچاری بە 750دۆلار بڕیومە.

بەبەراورد بە دوو مانگی ڕابوردوو نرخی تکتی چوون و هاتن هەولێر - ئەستەنبوڵ بە پێچەوانەوە گران بووە بەجۆرێک دوو مانگ پێش ئێستا واتا لە مانگی شەش چوون و هاتن هەولێر- ئەستەنبۆڵ بە پێچەوانەوە بۆ یەک کەس 300 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا 600 دۆلارە.

بەراورد بە ساڵی ڕابوردوو نرخی تکتی چوون و هاتن واتا هەولێر- ئەستەنبۆڵ بە پێچەوانەوە 100 بۆ 150 دۆلار گران بووە، بەجۆرێک ساڵی ڕابوردوو تکتی چوون و هاتن بە 200 تا 250 دۆلار دەست دەکەوت بەڵام ئێستا لە 400 دۆلار کەمتر نییە، زۆرترین گەشتیار لە ڕێگەی هێڵەکانی فلای ئەربیل و بێگاسۆس گەشت دەکەن چونکە نرخیان زیاتر لە 50 دۆلار هەرزانترە.

بەیار هەناری، خاوەنی گروپی کۆمپایاکانی بۆسفۆرس لاین بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: ئەمساڵ ڕەوشی دارایی خەڵک باشترە لە ساڵانی ڕابوردوو، بۆیە خەڵکێکی زۆر گەشت دەکەن بەڵام هێشتا ئەو ژمارەیە نییە کە ساڵانی پێش قەیران واتا پێش ساڵی 2014 ژمارەی گەشتیاران زیاتر بوون.

سەبارەت بە نرخەکان هەناری، دەڵێت:" لە هەموو جیهان هەر شتێک کاتێک خواستی زۆری لەسەر بێت بێگومان نرخی بەرزدەبێتەوە.

خاوەنی کۆمپانیای بۆسفۆرس لاین دەشڵێت:" لەگەڵ نزیک بوونەوە لە جەژن هۆتێل و هێڵەکانیش لەسەر ئێمە گران دەبێت بۆیە ناچارین نرخ زیاد بکەین.

بەیار هەناری، باس لە ڕێژەی ئەو گەشتیارانە دەکات کە لەڕێگە کۆمپانیاکەی ئەو بۆ وڵاتان ڕۆیشتوون، دەڵێت: بە بەراورد بە ساڵی ڕابوردوو بۆ چوار ڕۆژی جەژنی قوربان چوونی گەشتیار لە ڕێگەی کۆمپانیاکەی ئێمە بۆ وڵاتان تایبەت بۆ تورکیا لەسەدا 70% زیادیکردووە، بۆیە تەنیا تورکیا دەڵێم چونکە ژمارەی گەشتەکان بۆ وڵاتانی تر کەمترە.

لەگەڵ زۆربوونی کۆمپانیاکانی گەشتیاری کێبڕکێی نرخ و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکانیش گەرمبووە، بەڵام دابەزینی بەهای لیرەی تورکی هێندەی دیکە کێبڕکێکەی گەرمتر کردووە، چونکە نرخی بەوهۆیەوە لە تورکیاش نرخی مانەوە لە هۆتێل و پێویستیکانی دیکەش گران بووە.

عەبدوڵا محەمەد، خاوەنی کۆمپانیای فایەر فینیکس بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: دابەزینی بەهای لیرە زیانی بۆ کۆمپانیاکان و گەشتیارانیش هەیە چونکە بەوهۆیەوە نرخی گروپات لەسەدا 40% بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک پێشتر گروپی گەشتیاری بۆ ئەستەنبۆڵ دەگەیشتە 500 دۆلار بەڵام ئێستا زیاتر لە 700 بۆ 750 دۆلارە و پێشبینی گرانتریش دەکرێت.

عەبدوڵا محەمەد، دەشڵێت:"  ساڵی ڕابوردوو کاتێک تەلەفۆنم بۆ خاوەن هۆتێلەکان دەکرد لە تورکیا بەردەوام ژورێکی زیادە و بەخۆڕاییم پێدەدرا، بەڵام ئێستا نەک ئەوە نەماوە بەڵکو نرخەکانیشیان زۆر بەرز کردووەتەوە.

خاوەنی کۆمپانیای فایەر فینیکس لەبارەی پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بۆ کۆمپانیاکان دەڵێت:" ئەوەی کە بارقورسی بۆ ئێمە دروستکردووە ئەویش ئەو باجە زۆرەیە کە حکومەت وەریدەگرێت کە ساڵانە 6 هەزار دۆلار باج دەدەین بۆیە هیوادارم کابینەی نوێ چاوێک بەو بابەتە بخشێننەوە، دەزانین دەیانەوێ گەشتیار بێنین نەک بیبەین بۆ دەرەوە بەڵام خەڵک ناکرێ گەشتی لێ قەدەغە بکرێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ساڵی ڕابوردوو لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی 861 هەزار و 799 کەس گەشتیان کردووە، لەوڕێژەیەش زیاتر لەسەدا 45% گەشتەکان بۆ وڵاتی تورکیا بووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.