Erbil 10°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 17:01

داوا له‌ئێران ده‌که‌ن کرده‌کانی راگرێت و په‌نا بۆ چاره‌سه‌ری دیپلۆماسیی به‌رێت بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان

راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی سعوودیه‌، ئیمارات، به‌ریتانیا و ئه‌مریكا
کوردستان TV
100%

له‌ راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی سعوودیه‌، ئیمارات، به‌ریتانیا و ئه‌مریكادا كاردانه‌وه‌ نیشاندراوه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و چالاكییانه‌ی ئێران كه‌ سه‌قامگیری تێك ده‌دات، هاوكات داواكراوه‌ كۆتایی به‌ هێرشی حووسییه‌كان بهێنرێت كه‌ رووی له‌ زیادبوون كردووه‌.

سعوودیه‌، ئیمارات، به‌ریتانیا و ئه‌مریكا راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان له‌باره‌ی یه‌مه‌ن بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌و چوار وڵاته‌ نیگه‌رانییان خستووه‌ته‌ڕوو له‌باره‌ی زیادبوونی گرژیی له‌ ناوچه‌كه‌دا و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێران كه‌ بووه‌ته‌ هۆی چالاكیی تێكدانی سه‌قامگیری و هێرشی سه‌ر نه‌وت هەڵگره‌كان له‌ 12ی ئایار و 13 حوزه‌یران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ بوونه‌ته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر رێڕەوە ئاوییه‌كان و هاتووه‌ "داوا له‌ ئێران ده‌كه‌ین كرده‌كانی راگرێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ ده‌كات و په‌نا بۆ چاره‌سه‌ری دیپلۆماسیی به‌رێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان".

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا نیگه‌رانی خراوه‌ته‌ڕوو له‌باره‌ی هێرشی حووسییه‌كان بۆ سه‌ر سعوودیه‌ به‌ به‌كارهێنانی مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی دروستكراوی ئێران. هاوكات ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی 12ی حوزه‌یرانی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌بها كراوه‌ و هاتووه‌ "داوا له‌ حووسییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ ئێران پشتیوانیان ده‌كات ده‌ستبه‌جێ كۆتایی به‌و جۆره‌ هێرشانه‌ بهێنن و به‌ ته‌واوی له‌ به‌نده‌ره‌كانی سالیف و راس-عیسا بكشێنه‌وه‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا پشتیوانی دووباره‌ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ قۆناغی ئاشتیی له‌ یه‌مه‌ن و داواكراوه‌ لایه‌نه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی بنیاتنه‌ر به‌شداری له‌ لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگیی دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ هاوبه‌ش بكه‌ن له‌ پێناو تاودان به‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی حوده‌یده‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هه‌لێك بۆ ده‌ستپێكی قۆناغێك پێشكه‌شكراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ستۆكهۆڵم و رێككه‌وتنێكی سیاسیی درێژخایه‌ن كه‌ كۆتایی به‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی یه‌مه‌ن بهێنێت.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.