Erbil 17°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 11:32

نزیک بوونه‌وه‌ له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان نرخی خورمای به‌رزکردووه‌ته‌وه‌

به‌به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو یاخود مانگی ڕابردوو نزیكه‌ی له‌سه‌دا 50 به‌رزبووه‌ته‌وه‌
نزیك بوونه‌وه‌ له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان نرخی خورمای به‌رزكردووه‌ته‌وه‌
کوردستان TV
100%

ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان خواست له‌سه‌ر خورما زۆر ده‌بێت و بازرگانانیش خورمای وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی بیانی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

ئه‌مساڵ جیا له‌ ساڵانی ڕابردوو حكومه‌تی عێڕاق به‌ بڕیارێك ڕێگری له‌ هاورده‌كردنی به‌رهه‌می خورمای وڵاتان ده‌كات و ڕێگه‌ نادات خورما بێته‌ عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌ش نرخی خورما به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو ئه‌مساڵ سێ به‌رامبه‌ر گرانبووه‌. 

ڕه‌جه‌ب حاجی گه‌وره‌ بازرگانێكی خورمایه‌ له‌ هه‌ولێر و ده‌ڵێت: به‌هۆی ڕێگری له‌ هاورده‌كردنی خورما ئێستا نرخی خورما به‌به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو یاخود مانگی ڕابردوو نزیكه‌ی له‌سه‌دا 50 به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێك هه‌ر كارتۆنێك خورمای ئێرانی له‌ 20 هه‌زار دیناره‌وه‌ بووه‌ته‌ 35 هه‌زار دینار، خورمای عێڕاقی كارتۆنی له‌ 5 هه‌زار دیناره‌وه‌ بووه‌ته‌ 15 هه‌زار دینار. 

ڕه‌جه‌ب ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئه‌گه‌ر بێت و له‌م هه‌فته‌یه‌ حكومه‌ت بڕیاره‌كه‌ی نه‌گۆڕێت و سور بێت له‌سه‌ر ڕێگری له‌ هاورده‌كردنی خورما ئه‌وا نرخی خورما زۆر له‌و نرخه‌ی ئێستا زیاتر ده‌بێت، چونكه‌ ئێمه‌ به‌رهه‌می ناوخۆمان نییه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هی خوار و ناوه‌ڕاستی عێڕاقه‌ ئه‌ویش خورماكه‌ی زۆر خراپه‌ وه‌ك ئه‌و خورمایانه‌ نییه‌ كه‌ هاورده‌ ده‌كرێن.

خورمای فه‌له‌ستین و سعودیه‌ گرانترینن له‌ بازاڕه‌كان

حاجی شه‌مسه‌دین بازرگانێكی دیكه‌ی خورمایه‌ و ده‌ڵێت: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هۆكاری گرانبوونی نرخی خورمایه‌ ئێستا خورما له‌ بازاڕ زۆر كه‌مه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ ساردخانه‌كان هه‌ڵگیراوه‌ بۆ ڕۆژانی ڕه‌مه‌زان تاوه‌كو به‌ نرخێكی گرانتر بفرۆشرێن.

ئه‌و بازرگانه‌ باس له‌ نرخی خورمای وڵاتان ده‌كات و ده‌ڵێت: به‌ناوبانگترین خورما خورمای فه‌له‌ستینه‌ كه‌ پێشتر كیلۆی به‌ 10 تاوه‌كو 12 هه‌زار دینار بوو به‌ڵام ئێستا كیلۆی به‌ 16 هه‌زار دیناره‌ خورمای سعودی كیلۆی به‌ 10 هه‌زار دینار بوو ئێستا بووه‌ته‌ 15 هه‌زار دینار.


خورمای عێڕاقی نه‌یتوانیووه‌ پێویستی بازاڕه‌كان پڕبكاته‌وه‌

هه‌رێمی كوردستان هه‌رچه‌نده‌ له‌ وه‌رزی هاوین كه‌شه‌كه‌ی زۆر گه‌رمه‌ به‌ڵام خورما له‌ ناوچه‌ كشتوكاڵییه‌كانی ناڕوێت، ته‌نیا خوار و ناوه‌ڕاستی عێڕاق زه‌وی زۆری كشتوكاڵی به‌ خورما چاندراوی هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ پێویستی ته‌واوی بازاڕه‌كانی عێڕاق و هه‌رێمی كوردستانیش پڕبكاته‌وه‌، ساڵانه له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان‌ ته‌نیا 5 هه‌زار تۆن خورمای عێڕاقی ده‌كه‌وێته‌ بازاڕه‌كان، له‌به‌رامبه‌ردا زیاتر له‌ 20 هه‌زار تۆن خورمای ئێرانی هاورده‌ی بازاڕه‌كان ده‌كرێن، و زیاتر له‌ 250 تۆن خورمای فه‌له‌ستین و سعوودیه‌ هاورده‌ ده‌كرێن.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ: پابه‌ندی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێڕاقین

بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی خورما بڕیاری حكومه‌تی عێڕاقه‌ به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ و بلاونه‌بوونه‌وه‌ی نه‌خۆی مه‌ترسیدار، دكتۆر عه‌بدولڕه‌حیم عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی هه‌ولێر ده‌ڵێت: ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێڕاق كه‌ ڕێگره‌ له‌ هاورده‌كردنی خورما، له‌ دووساڵی ڕابردوو  وه‌زیری كشتوكاڵ ئه‌و بڕیاره‌ی شكاند ڕێگه‌یدا به‌ هاورده‌كردنی خورما به‌ڵام ئه‌مساڵ دادگای فیدڕاڵ ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ڕاگرت و جارێكی دیكه‌ هاورده‌كردنی خورمای ڕاگرت.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌می خورمای نییه‌ ته‌نیا له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان بڕێكی كه‌م خورما چێندراوه‌ بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ داتایه‌ك نییه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌می خورمای هه‌رێمی كوردستان.

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ -  سیامه‌ند كه‌ریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.