هاوڵاتییه‌كی كه‌ركوكی له پشده‌ر له لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه درایه به‌ر ده‌ستڕێژی فیشه‌ك و به سه‌ختی بریندار كرا، له باره‌ی ڕووداوه‌كه‌شه‌وه پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ڕاگه‌ێندراوێكی بڵاوكرده‌وه.
له ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین دا هاتووه: نیوه‌ڕۆی دوێنێ 4 شه‌ممه كاتژمێر 12:13 خولهك هاوڵاتیه‌ك به‌ناوی ( ئ . غ . م) دانیشتوی پارێزگای كه‌ركوك له گه‌ڕه‌كی ئازادی، له‌دایك بووی ساڵی ۱۹۹٤ پیشه‌ی كاسب به برینداری گه‌یه‌ندرایه نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵادزێ كه به وته‌ی خۆی له لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه له‌ناو ئۆتۆمبێل ده‌ستڕێژی گولـله‌ی لێكراوه و به‌و هۆیه‌شه‌وه بریندار بووه.
ڕاشیگه‌یاند: برینداره‌كه 3 فیشه‌ك به جه‌سته‌یه‌وه هه‌بووه و پاش چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی به‌هۆی سه‌ختی برینكه‌ی به‌ڕێكرا بۆ سلێمانی.
پۆلیس ڕاشیگه‌یاندووه: له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه له لایه‌ن هێزه‌كانمان له پۆلیسی قه‌ڵادزێ و ده‌وروه‌ری وه به هاوكاری هێزه‌كانی ئاسایشی قه‌ڵادزێ و ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر به بڕیاری دادوه‌ر و به مادده‌ی ( 405/ 31 ) حه‌وت كه‌س ده‌ستگیر كران كه چوار له‌و تۆمه‌تبارانه دانیشتووی كه‌ركوكن وه سیانه‌كه‌ی دیكه‌ش دانیشتووی سنوری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕینن.
ڕاشیگه‌یاند: پاش لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیاندا به وته‌ی تۆمه‌تباره‌كان له‌به‌ر ئه‌وه ته‌قه‌یان لێكردووه چونكه ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی كه له‌ناویدا بووه له جۆری (ته‌كسی) دزیاری بووه و هی ئه‌وان بووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه كه ده‌ست به‌سه‌ر ۳ چه‌كدا گیراوه كه دوانیان كڵاشیكنۆفن و ئه‌وه‌ی تریش ده‌مانچه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌ستیشگیراوه به‌سه‌ر سێ ئۆتۆمبێل له جۆری (نیسان/ په‌ترۆڵ) و (توێتا/ كرۆلا) و (ته‌كسی/ كرۆڵا)
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه: مه‌له‌فی لێكۆڵینه‌وه بۆ ڕوداوه‌كه كرایه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له ڕوداوه‌كه به‌رده‌وام.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.