Erbil 8°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 09:55

رێنمایی نوێ‌ بۆ نوسینگە‌و کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان دەردەکرێت

به‌ ئامانجی دەستكەوتنی بەرهەمێكی تەندروست
کوردستان TV
100%


بەمەبەستی پێداچونەوە بە كاری نوسینگە و كۆمپانیا كشتوكاَلییەكان و چاودێری ئەو دەرمان و مادە قڕكەرانەی دەفرۆشرێن كۆبونەوەیەك لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەرێوەچوو.


رزگار حەمەد خدر- جێگری بەرێوبەری كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند: كۆبونەوەكە بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی و بەشداری نوێنەری بەرێوبەرایەتی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری و شارەوانی و باخچەكانی سلێمانی و لیژنەی باڵای بەدواداچوونی نوسینگە كشتوكاڵییەكان و سەندیكاكانی ئەندازیارانی كشتوكاڵی و پزیشكانی ڤێتێرنەری و فرۆشیارانی كەلوپەلی كشتوكاڵی بەرێوەچوو، ئامانج لێی بەدواداچوونی نوسینگە كشتوكاڵییەكان و مەشتەلەكان بوو بەتایبەت بابەتی مادە قڕكەرەكان و ئەو دەرمانانەی هاوردە دەكرێن و پێویستە بەرێگای یاسایی هاوردە بكرێن و رێگەپێدراو بن، رێگەش بگیرێت لە هاوردەكردنی دەرمان و پەینی كیمیایی و مادە قركەرە زیانبەخش و بەسەرچووەكان، ئەوەش لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و بەرهەمهێنانی خۆراكێكی شیاو بۆ بەكارهێنان.

وتیشی: لە كۆبونەوەكە بڕیاردرا سەرجەمی نوسینگە و كۆمپانیا كشتوكاڵییەكان لەژێر چاودێری ئەندازیاری كشتوكاڵیدا بن كە ئەندامی سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵی و هونەروەرانی كشتوكاڵی بن و لەژێر چاودێری و رێنمایی ئەواندا دەرمان بدرێت بە جوتیاران و خانووە پلاستیكییەكان و باخەكان، بەهیچ شێوەیەكیش رێگە نادرێت نوسینگە و كۆمپانیای كشتوكاڵی بەبێ‌ ئەندازیاری كشتوكاڵی كار بكات.

هاوكات بریار درا لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و بەرێوبەرایەتی باخچەكان سەرژمێرییەكی تەواوی نەمامگاكان و مەشتەلەكان بكرێتەوە بۆئەوەی چاودێری وردی هاوردە و فرۆشتنی نەمام بكرێت. بڕیارێكی تری كۆبونەوەكە بریتی بوو لە پێداچونەوە بە هاوردەكردنی بنەتۆو، بۆئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی كە ئەو بنەتۆوەی هاوردەدەكرێت گونجاو و رێگەپێدراوە و رێگە نەدەین بنەتۆی تۆمار نەكراو هاوردە بكرێت.    

رزگار حەمەد ئاماژەی بەوەش كرد كە بەهاوكاری لیژنەكانی قائیمقامیەت و ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەكان كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە دەكەن و ئامانجیان دەستكەوتنی بەرهەمێكی تەندروستە لەلایەن جوتیارانە وە بۆ هاوڵاتیان.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.