Erbil 8°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 23:27

میسیی بەغدا وەک فیلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەمدێت

کورتە فیلمەکەی 60 خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێناوە
کوردستان TV
100%


"میسیی بەغدا" کورتەفیلمێکی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیە، لە دوای وەرگرتنی 60 خەڵاتی جیهانی، بڕیارە وەک فیلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەمبێت، بودجەی بەرهەمهێنانیشی لەلایەن بەلجیکاوە دابینکراوە.

کورتەفیلمی "میسیی بەغدا" لە ساڵی 2012 بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا و یەکێک لە 10 کورتەفیلمەکانی کورتەلیستی فیلمە کاندیدکراوەکان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم.

ئەم فیلمە بووە هۆکار کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە چاوی بە لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن بکەوێت و دەزگایەکی بەریتانی هاوکاریی ماددی بۆ کۆکردەوە و لە ئێرانیش قاچێکی دەستکردی بۆ دروستکرا.

لە ساڵی 2017 بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیکا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی "میسیی بەغدا" بۆ فیلمێکی درێژ تەرخانکرد و لەم مانگەدا بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەی تەرخانکرد کە ساڵانە تەنها پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەکات.

دەرهێنەری فیلم لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنانی ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەکەن و بڕیارە لە دەستپێکی هاوینی ئەمساڵدا، لە بەلجیکاوە سەردانی باشووری کوردستان بکەن، بۆ دیاریکردنی لۆکەیشن و بەشێک لە ستافی فیلم و ئەکتەرەکان.

بڕیارە کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە دەستپێکی 2020 دەستپێبکات و سیناریۆی کورتەفیلمەکە درێژکراوەتەوە و ئەکتەری نوێ رۆڵی تێدا دەگێڕن.

"میسیی بەغدا" باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.

ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی "زاگرۆس" کە نۆ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.

ئەو دەرهێنەرە کوردە کە دانیشتووی وڵاتی بەلجیکایە، لەرێگەی کورتە فیلمی "خاکی پاڵەوانان"، "میسیی بەغدا" و "نێچیرڤانی خراپ" زیاتر لە سەد خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایەکاندا بەدەستهێناوە و دوو لە فیلمەکانی کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بوونە وەک باشترین کورتەفیلم و ئێستا یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەکادیمیای ئۆسکار و خاوەنی چەندین ریکۆردە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا لە رووی وەرگرتنی خەڵاتی سینەماییەوە.

دارشتنى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.