له یادی رۆژی جیهانی شانۆدا شانۆگه‌ری (ئافره‌ت له دۆزه‌خدا) بوونه میوانی به‌غدای پایته‌ختی عێراق، ئه‌م شانۆگه‌رییه له نووسین و ده‌رھێنانی (ھیوا سوعاد) و نواندنی (كه‌ژاڵ حه‌سه‌نی، ئه‌ژین بێلاف، شه‌یما فریاد، سۆنیا ھیوا، عه‌سه‌ل حه‌سه‌نی)ـیه، جگه له ستافێكی كارا له پشته‌وه‌ی ئه‌و بهرھهمهن، كه بریتین له (سه‌لام باپیر خۆشناو، ڕه‌شید تاریق ساڵه‌یی، ھیوا عه‌لی، بێزار سلێمان، شانۆ ئه‌كره‌م).
له‌م نمایشه‌ی به‌غدای پایته‌ختدا ئافره‌تانی دۆزه‌خ توانیوویان جوانترین نمایش پێشكه‌ش بكه‌ن و له لایه‌ن عاشقانی شانۆوه گوڵباران بكرێن، چیرۆكه‌كه‌یان بریتی بوو له چه‌ند تراژیدیا و ئازاری ئافره‌ت، كه ھه‌میشه به پاساوی ئایین و شه‌ره‌ف بوونه‌ته قوربانی.
(ھیوا سوعاد) له لێدوانێكیدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت: كه به‌شداربوون له‌و فیستیڤاڵه ھونه‌رییه‌ی به‌غدا دوای ئه‌وه ھات، كه شانۆگه‌رییه‌كه‌مان توانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بپڕژێته نێو دڵی جه‌ماوه‌ر و بینه‌ری شانۆ، ئه‌مه‌ش وایكرد، كه له فیستیڤاڵی تونس و به‌غدا و ئه‌ڵمانیا داوه‌تی فه‌رمیمان پێبگات، چونكه چیرۆكی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ش باس له ئازاره و ئه‌شكه‌نجه‌ی ئافره‌تان ده‌كات له لایه‌ن ئه‌وانه‌ی كه وشه‌ی جوانیان له دڵی خۆیاندا ڕهشكردووهتهوه و ھه‌زمی ھیچ جوانییه‌ك ناكه‌ن و ڕق و كینه به ته‌واوه‌تی ناخیانی داپۆشیووه، ئێمه‌ش له‌و به‌رھه‌مه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو توانیمان ھه‌موو ئه‌و ئازارانه بخه‌ینه ڕوو، كه به‌لای بینه‌ری ئه‌و شاره كارێكی نوێ بوو، له ده‌رخستنی توانا و بوێری ئافره‌تی كورددا، ھاوكات له ده‌سپێكی كاره ھونهرییهكانیاندا شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێبه‌خشرا، كه وتارێكی تایبه‌ت له باره‌ی كاری شانۆیی و سه‌ختی ئه‌و بواره بخوێنمه‌وه، كه پڕ بوو له په‌یامی جوان بۆ به‌رز ڕاگرتنی ڕۆژی جیھانی شانۆدا.
سه‌رچاوه/ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر
دارشتنه‌وه‌ی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.