Erbil 8°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 20:33

دوو شاری کوردستان له‌ به‌رهه‌می ماست ڕکابه‌ری ده‌که‌ن

خه‌ڵك كه‌متر ماستی كارگه‌كان به‌كار ده‌هێنن خواستيان زیاتر بۆ ماستی ماڵانه‌
کوردستان TV
100%

ماستی ڕانییه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین و ماستی هه‌ولێر ئه‌و دوو جۆر ڕكابه‌ره‌ن كه‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان ته‌نیووه‌.

لبن ئه‌ربیل كه‌ لای عه‌ره‌به‌كانی خوار و ناوه‌ڕاستی عێڕاق به‌و ناوه‌ ، ناوبانگی هه‌یه‌ به‌شێكی دیكه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش له‌ هه‌ولێر ڕه‌ت ده‌بن و به‌ تایبه‌ت بۆ كڕینی ماستی ڕانیه‌ و قه‌ڵادزێ چه‌ند كیلۆمه‌تر ده‌بڕن.

ته‌نیا ئه‌م دوو شاره‌ به‌رهه‌میان نییه‌ به‌ڵكو هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ بڕێكی باشی به‌رهه‌می ماستی خۆماڵی و شیره‌مه‌نییه‌كان به‌رهه‌مده‌هێندرێن، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌یتوانیووه‌ پێش له‌ به‌رهه‌می هاورده‌كراو بگرێت، چونكه‌ ساڵانه‌ بڕێكی زۆری ماست و به‌رهه‌مه‌ شیره‌مه‌نییه‌كان هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن.

دكتۆر جه‌مال شوكر به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌ره‌نتینه‌ی ڤێته‌رنه‌ری له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌ڵێت: ڕاسته‌ به‌رهه‌می خۆماڵی تایبه‌ت له‌ وه‌رزی به‌هار زۆر ده‌بێت و توانراوه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات به‌ڵام هێشتا ئه‌و توانایه‌ی نه‌بووه‌ كه‌ پێویستیمان به‌ ماستی هاورده‌كراو نه‌بێت، چونكه‌ خۆمان ساڵانه‌ ته‌نیا 1000 تۆن به‌رهه‌ممان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ماڵان و كارگه‌كانی ناوخۆ به‌رهه‌م ده‌هێندرێن.

ئه‌مه‌ش بڕێكی كه‌مه‌ و ناتوانێت پێویستی ناوخۆ پڕبكاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر كارگه‌كان به‌ ته‌واوه‌تی كاربكه‌ن و به‌ شێوازێكی ته‌ندروست و شیری باش به‌كار بهێنن ئه‌وا ده‌تواندرێت بڕێكی زۆرتری به‌رهه‌می ناوخۆ بكه‌وێته‌ بازاڕه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكیش كه‌متر ماستی كارگه‌كان به‌كار ده‌هێنن خواستی زیاتر بۆ ماستی ماڵانه‌ كه‌ له‌ شیری سروشتی مانگا و مه‌ڕ و گامێش دروست ده‌كرێن.

له‌ كوردستان كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ماست ڕكابه‌ری ماستی هاورده‌كراو ده‌كه‌ن ئاواره‌ محه‌مه‌د خاوه‌نی كارگه‌ی دڵبا بۆ به‌رهه‌مهێنانی ماست و شیره‌مه‌نی ده‌ڵێت: ماوه‌ی 3 ساڵه‌ كارگه‌ی دڵبامان دامه‌زراندووه‌ له‌ هه‌ولێر، ئه‌و نایشارێته‌وه‌ قه‌یرانی دارایی و شه‌ری داعش دووچاری زیانێكی زۆری كردووه‌ به‌ڵام كۆڵیان نه‌داوه‌ و به‌رده‌وام بوونه‌ له‌ كاره‌كانیان، ئێستا ساڵانه‌ بڕی 8 هه‌زار تۆن به‌رهه‌می ماستیان هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌دا 80% ی بۆ شاره‌كانی عێڕاق ده‌نێرن و له‌سه‌دا 20% یشی له‌ ناوخی هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشرێن.

له‌باره‌ی جیاوازی نرخی ماستی كارگه‌ خۆماڵییه‌كان و ماستی هاورده‌ی توركیا و ئێران ئاواره‌ محه‌مه‌د گوتی: دوو كیلۆی ماستی دڵبا به‌ نرخی 2500 دینار ده‌فرۆشین به‌ڵام توركی نرخی دوو كیلۆی دوو هێنده‌ی نرخی ئێمه‌یه‌ و ئێرانییه‌كه‌ش 500 دینار تاوه‌كو 750 دینار گرانتره‌.

ئێستا له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان خواست له‌سه‌ر ماستی خۆماڵی دروستكراوی ماڵانه‌ فواد حاجی فرۆشیارێكی ماسته‌ له‌ هه‌ولێر باس له‌ نرخ و جۆره‌كانی ماست ده‌كات و ده‌ڵێت: من له‌ زۆربه‌ی شارو گونده‌كان ماستم بۆ دێت ئه‌و ماستانه‌ی كه‌ له‌ بازاڕ هه‌ن ماستی مه‌ڕ مانگا و گامێش و بزن و مانگای تێكه‌ڵه‌و به‌ڵام من به‌ڕێژه‌یه‌كی زیاتر ماستی مانگا ده‌فرۆشم زیاتریش له‌ وه‌رزی به‌هار ماستی مه‌ڕ ده‌فرۆشم.

له‌سه‌ره‌تای به‌هار ماستی مه‌ڕ كیلۆی تاوه‌كو 6000 دینار ده‌ڕوات به‌ڵام ورده‌ ورده‌ نرخه‌كه‌ داده‌به‌زێت ئێستا كیلۆیه‌ك ماستی مه‌ڕ به‌ 3000 دیناره‌ ماستی مانگاش هه‌میشه‌ له‌ نرخێكی جێگیر بووه‌ كه‌ 2500 تاوه‌كو 2000 دینار بووه‌. به‌ڵام ڕاستییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ده‌بی خه‌ڵك بیزانن ماستی ماڵانیش هه‌یه‌ فێڵی تێده‌كات فێڵه‌كانیش شیری وشك و خۆماڵی تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن یان شیشی سوتاو تاوه‌كو وه‌ك ماستی مه‌ڕ بیفرۆشن. به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێته‌رنه‌ری ساڵی 2017 بڕی به‌رهه‌می ماستی هاورده‌كراو 7 هه‌زار و 378 تۆن بووه‌، ساڵی 2018 ڕێژه‌كه‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌ بۆ 6 هه‌زار و 739 تۆن، هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كان هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی 9 كارگه‌ی دروستكردنی ماست و شیره‌مه‌نییه‌ به‌جۆرێك 3 كارگه‌ له‌ هه‌ولێر و 3 دهۆك 2 له‌ سلێمانی و گه‌رمیان كارگه‌یه‌كیش له‌ زاخۆیه‌.

ئاماده‌كردن و دارشتنه‌وه‌ی: سیامه‌ند كه‌ریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.