Erbil 6°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 06:23

خواستی زۆری هاوڵاتیان و که‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م نرخی مریشکی زیندووی به‌رزکردووه‌ته‌وه‌

كیلۆیه‌ك مریشكی زیندوو له‌ 1600 دیناره‌وه‌ بۆ 3500 تاوه‌كو 4000 دینار به‌رزبووه‌ته‌وه‌
کوردستان TV
100%

له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نرخی مریشك به‌رزبووه‌ته‌وه‌ به‌جۆرێك كیلۆیه‌ك مریشكی زیندوو له‌ 1600 دیناره‌وه‌ بۆ 3500 تاوه‌كو 4000 دینار به‌رزبووه‌ته‌وه‌، ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاشكه‌وتی مووچه‌ی هه‌ڵگرت و ده‌ستیكرد به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌بێ پاشكه‌وت، هه‌روه‌ها نزیكبونه‌وه‌ى جه‌ژنى نه‌ورۆز و وه‌رزى گه‌شت و گوزار، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی هاوڵاتیانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

دكتۆر جه‌مال محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌ره‌نتینه‌ی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێته‌رنه‌ری ده‌ڵێت: گرانبوونی نرخی مریشكی زیندوو بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌شێكی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هاورده‌كردنی هێلكه‌ی پیتێندراوه‌ له‌ ئێران و وڵاتانی دیكه‌ به‌هۆی زۆری به‌رهه‌می مریشكی زیندوو و دابه‌زینی نرخه‌كه‌ی بۆیه‌ خاوه‌ن كێڵگه‌كان به‌رهه‌میان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ مریشكی زیندوو كه‌مبێته‌وه‌ له‌ بازاڕ هه‌رشتێكیش كه‌م بێت و خواستی زۆری له‌سه‌ر ده‌بێت نرخی به‌رزده‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش بازاڕ ئازاده‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نرخی هێلكه‌ی پیتێندراو‌‌ له‌ 25 سه‌نت بۆ 45 سه‌نت گرانبووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ڕێژه‌ی به‌رهه‌می هێلكه‌ی پیتێندراوی ناوخۆ و هاورده‌كراو دكتۆر جه‌مال ڕایگه‌یاند: له‌ ساڵی 2017 هاورده‌كردنی هێلكه‌ی پیتێندراو 9 هه‌زار و 129 تۆن بووه‌. به‌ڵام له‌ ساڵی 2018 كه‌میكردووه‌ به‌جۆرێك 4 هه‌زار و 312 تۆن هاورده‌كراوه‌. به‌رهه‌می هێلكه‌ی پیتێنراوی كێڵگه‌كانی ناوخۆش تا كۆتایی ساڵی 2012 له‌‌سه‌دا 50 بوو، به‌ڵام ئێستا كه‌مبووه‌ته‌وه‌ بۆ‌ له‌سه‌دا 20. به‌رهه‌می مریشكی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی ناوخۆش ساڵانه‌ 110 هه‌زار تۆنه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ساڵانه‌ 160 هه‌زار تۆن مریشكی به‌ستوو له‌ وڵاتانی توركیا ئه‌مه‌ریكا به‌رازیل هاورده‌ ده‌كرێن.

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌ره‌نتینه‌ی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێته‌رنه‌ری ده‌شڵێت: به‌شێكی مریشكی زیندویی هه‌رێمی كوردستان بۆ خوار و ناوه‌ڕاستی عێڕاق هه‌نارده‌ ده‌كرێت ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ نرخه‌كان به‌وشێوه‌یه‌ به‌رز ببنه‌وه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاسا فرۆشتنی مریشكی زیندوو قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌ره‌نتینه‌ی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێته‌رنه‌ری ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات ماوه‌ی سێ ساڵه‌ به‌ نووسراوی فه‌رمی داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ین كه‌ فرۆشتنی مریشكی زیندوو نه‌هێڵێت و سوود له‌ سه‌ربڕخانه‌كان وه‌ربگیرێت بۆئه‌وه‌ی مریشكی فرێش بكه‌وێته‌ بازاڕه‌كان و نرخیش دیاریده‌كرێت و به‌رزی و نزمی نرخ نامێنێت.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان حه‌وت سه‌ربڕخانه‌ی په‌له‌وه‌ر هه‌ن. له‌م ڕێژه‌یه‌ش 4 له‌ هه‌ولێر و 2 له‌ سلێمانی و یه‌كێكیش له‌ پارێزگای دهۆكه. هه‌ر یه‌كێك له‌و سه‌ربڕخانانه‌ له‌ كاتژمێرێكدا توانای سه‌ربڕینی 35 هه‌زار مریشكیان هه‌یه‌.

سۆران زاهیر كه‌ زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی په‌له‌وه‌ره‌ له‌ هه‌ولێر ده‌ڵێت: هۆكاری سه‌ره‌كی گرانبوونی نرخی همریشك له‌ بازاڕه‌كان وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و حكومه‌ته‌ چونكه‌ تا ئێستا نه‌یانتوانیووه‌ لێژنه‌یه‌ك پێكبێنن بۆئه‌وه‌ی نرخێك له‌نێوان ئێمه‌ و هاوڵاتیان جێگیر بكه‌ن تاوه‌كو ئه‌و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌ نه‌كات. ده‌شڵێت: ساڵی ڕابردوو ڕێباز حه‌ملان وه‌زیری كشتوكال به‌ وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ ته‌واوی خاوه‌ن كێڵگه‌كان كۆبووه‌وه‌ به‌ڵێنی به‌ ئێمه‌ دا كه‌ لێژنه‌یه‌ك پێكبێنێت و كۆنتڕۆڵی بازاڕ بكرێت به‌ڵام ته‌نیا دانیشتنێك بوو ته‌واو.

سۆران زاهیر كه‌ ئێستا كێڵگه‌كه‌ی داخستووه‌ و باس له‌ زیانه‌كانی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت: هه‌ر مریشكێك كه‌ له‌ كێڵگه‌كانی ئێمه‌ پێده‌گه‌یشت له‌سه‌ر خۆمان نرخی 2000 دینار ده‌وه‌ستا به‌ڵام ئێمه‌ به‌ 1400 دینار ده‌مانخسته‌ بازار ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ من خۆم له‌ماوه‌ی كاركردنم تاوه‌كو ئێستا یه‌ك ملیۆن دۆلار زه‌ره‌ر بكه‌م. ئه‌م خاوه‌ن كێڵگه‌یه‌ ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك نه‌دۆزێته‌وه‌ و بازاڕ كۆنتڕۆڵ نه‌كات ئه‌وا تا دێت به‌رهه‌م كه‌مده‌بێته‌وه‌ و نرخیش به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌.

ئامه‌ده‌كردن و دارشتنه‌وه‌: سیامه‌ند كه‌ریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.