Erbil 33°C ھەینی 20 ئەیلوول 12:30

ئێران ھەناردەکردنی چەند بەروبوومێکی سەوزە و میوە بۆ ھەرێمی کوردستان رادەگرێت

لەئێستادا ئەو تەماتەیەی لە بازاڕەکاندا ھەیە تەماتەی ناوچەکانی خوارووی عێراق و تورکیا و وڵاتانی دەرەوەیە
کوردستان TV
100%

ماوەی ١٠ رۆژە بە بڕیاری ئەو وڵاتە، ھەناردەکردنی تەماتە لە ئێرانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان راگیراوە، لەئێستادا ئەو تەماتەیەی لە بازاڕەکاندا ھەیە تەماتەی ناوچەکانی خوارووی عێراق و تورکیا و وڵاتانی دەرەوەیە کە پێویستی بازاڕ پڕ دەکاتەوە.

لەنێو عەلوەی شاری سلێمانی چەندین جۆر بەروبوومی جۆراوجۆری سەوزە و میوە دەبینرێت کە ھەموو ئەو جۆرە بەروبوومانە ھی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانە و رۆژانە لە سنوورەکانەوە ھاوردە دەکرێن.

سەرۆکی لیژنەی عەلوەی سەندیکای سلێمانی، سەروەر عەلی لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر و بە ھۆی دابەزینی بەھای دراوی ئێرانی تەماتە و سەوزە و میوەکانی تر بە نرخێکی ھەرزان دەگەیشتە دەستمان لە سلێمانی، بەجۆرێک نرخی یەک کیلۆ تەماتە بە ٤٥٠ تا ٥٠٠ دیناری عێراقی بوو، بەڵام ماوەی ١٠ رۆژە بە ھۆی قەدەغەکردنی ھەناردەکردنە دەرەوەی تەماتەی ئێرانی لە لایەن ئەو وڵاتەوە نرخی تەماتە لە عەلوە و بازاڕدا بۆ دووھێندە بەرزبووەتەوە و کاریگەری لەسەر بازاڕی کاسبکارانی عەلوەکەش کردووە".

ئەو گوتی: "ئێران پێشتر ناوی چەند کاڵایەکی راگەیاند کە ھەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی وڵاتەکە قەدەغە دەکات، ماوەی ١٠ رۆژە دەست بەجێبەکێکردنی ئەو بڕیارە کراوە و تەماتە و پەتاتە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان ناکرێت، ئەوەی ئێستا ھەیە تەماتەی خوارووی عێراقە لە بەسرەوە ھاوردە دەکرێت، بەڵام وەرزی ئەو تەماتەیەش بەرەو کۆتایی دەچێت و تا دوای نەورۆز ھەیە، دواتر پێویستە لە تورکیا و وڵاتانی تر لەنێویشیاندا ئۆکراینا کە لە بازاڕەکانی تورکیاوە ھاوردەی دەکەین پێداویستی بازاڕ پڕ بکەینەوە".

ئەو بەرپرسەی عەلوەی سلێمانی گوتی: "بڕیارەکە کاردانەوەی خۆی ھەبووە لەسەر بازاڕ، بە ھۆی ئەوەی تەماتە خواردنێکی سەرەکی رۆژانەی ھاووڵاتییانە و رۆژانە ھەزار تۆن تەماتە لە سنوورەکانی ئێرانەوە ھاوردە دەکرا و بە کەمتر لە ٥٠٠ دینار دەگەیشتە دەستمان، بەڵام ئێستا نرخەکەی بە دووھێندە لە شوێنی ترەوە ھاوردە دەکەین".

سەروەر عەلی ئەوەشی گوت "لە سبەی دووشەممەوە دەست بە جێبەجێکردنی قەدەغەی چەند بەروبوومێکی تری سەوزە و میوە دەکرێت لەنێویاندا سێو و پرتەقاڵ ھەیە، بڕیارەکە بۆ میوە زۆر کاریگەری نابێت و بڕێکی زۆر سێو لە کۆگان ھەیە و لە تورکیاشەوە پرتەقاڵ بەھەمان نرخ دەگاتە بازاڕی سلێمانی".

بەروبوومی سەوزە و میوەی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان پێداویستی ھاووڵاتییان پڕ ناکاتەوە، بازرگانانی بوارەکە رۆژانە سەوزە و میوە لە زۆر وڵاتەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن بەتایبەت لە تورکیا و ئێرانەوە.

سەرۆکی لیژنەی عەلوەی سەندیکای سلێمانی لەو بارەیەوە گوتی: "تەنھا لە مانگی رابردوودا و لە مەرزی سەیران بەن و لە ئێرانەوە چوار ھەزار و ٣٠٠ باری ئۆتۆمۆبێلی گەورە سەوزە و میوە ھێنراوەتە عەلوەی سلێمانی، جگە لەو بارانەی لە مەرزەکانی ترەوە ھاتووە، ھەروەھا لە تورکیاوە مانگانە زیاتر لە چوار ھەزار و ٥٠٠ باری ئۆتۆمۆبێلی گەورە کە ھەر ئۆتۆمۆبێلێک زیاتر لە ٢٥ تۆن ھەڵدەگرێت لە سەوزە و میوە بەتایبەت سێو و پرتەقاڵ و لالە و ھەنار و تەماتە ھاوردە دەکەین ".

سه‌رچاوه‌ -AA
دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.