Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 07:21

مەسروور بارزانی پلانی تایبەتی بۆ گەشەکردنی کەرتی ئابووری و نەوت له‌ 4 ساڵی داھاتووی ھەرێم هەیە

دوای راسپاردنی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت
کوردستان TV
100%

راوێژكاری ئابووری لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، بۆ چوار ساڵی دابێ، مەسروور بارزانی پلانی تایبەتی ھەیە بۆ گەشەكردنی كەرتی ئابووری و نەوت، راشیگەیاند، بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا، لە نزیك شارەدێی زوممار كار لەسەر ژمارەیەك كێڵگەی نەوتی دەكرێت.

دكتۆر بێوار خنسی، ئاشكرای كرد: "دوای راسپاردنی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، مەسروور بارزانی پڕۆژە و پلانێكی تایبەتی ھەیە بۆ چوار ساڵی داھاتووی ھەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە كەرتی ئابووریدا، كە كەرتی ئابووری یەكێكە لە كەرتە گرینگەكانه‌ بۆ گەشەكردنی رەوشی ئابووریی ھەرێمی كوردستان، چونكە ٩٠%ی داھاتی  عێراق و ھەرێمی كوردستان، لەسەر نەوت و سامانە سرووشتییەكانە".

راوێژكاری ئابووریی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بەھێزبوونی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، دەبێتە ھۆكارێك بۆ ئەوەی ھەردوو حكوومەت زیاتر كار بكەن پێكەوە بۆ باشتركردنی رەوشی ئابووری، چونكە زۆر بلۆكی نەوتی ماوە ھێشتا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كاری تێدا نەكردوون، بە تایبەتی لە نێوان زوممار و شنگال ناوچەیەك ھەیە زیاتر لە سەد كیلۆمەترە و نەوتێكی زۆری تێدایە".

خنسی  ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "من لەو باوەڕدام ھەرێمی كوردستان و عێراق چەندی بتوانن سەقامگیری بەرقەرار بكەن، ئەوەندە كۆمپانیا بیانییەكان لە كەرتی نەوت و گازدا روو لە ھەرێمی كوردستان و عێراقیش دەكەن".

دكتۆر بێوار روونیشی كردەوە: "لە بەرنامەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكاندا ھەیە ئەمساڵ پلانی باشتری ھەبێت ھەم بۆ لێدانی بیری نوێ و ھەمیش بۆ راكێشانی كۆمپانیای بیانی، ھەروەھا چەندین بۆری پێكەوە دەبەسترێنەوە، كە ئەم ھەنگاوانە بێگومان كاریگەرییان لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەبێت".

 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.