Erbil 7°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 20:42

ئه‌مریکا بنکه‌ی هێزه‌کانی سووریا و هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌وانی بۆردومانکرد

15 موشه‌ك كاروانێكی سه‌ربازیی هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریایان كردووه‌ به‌ ئامانج
کوردستان TV
100%

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ ئێواره‌ی رۆژی رابردوو ئه‌مریكا بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ی بۆردومانكردووه‌.

تۆڕی چاودێری مافی مرۆڤی سووریاش له‌ راپۆرتێكدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ ناوچه‌ی بادییه‌ی رۆژهه‌ڵاتی سووریای هه‌ژاندووه‌ كه‌ له‌م میانه‌یه‌دا 15 موشه‌ك كاروانێكی سه‌ربازیی هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریایان كردووه‌ به‌ ئامانج.

ئه‌م كاروانه‌ له‌ ناوچه‌ی هه‌بله‌ی رۆژهه‌ڵاتی عه‌لیانییه‌ به‌ڕێگه‌وه‌ بووه‌، كه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ باكووری رۆژئاوای بنكه‌ی سه‌ربازیی ته‌نف هه‌ڵكه‌وتووه‌، كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكاش له‌م بنكه‌ سه‌ربازییه‌دا جێگیركراون.

هه‌ڵبه‌ت تا ئێستا حكومه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌مباره‌یه‌وه‌ هیچ لێدوانێكی نه‌داوه‌ و به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كانی چاودێری مافی مرۆڤی سووریاش تا ئێستا هیچ ئامارێك له‌سه‌ر زیانی گیانیی ئه‌م بۆردومانه‌ له‌به‌ر ده‌ست نییه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمیی سووریا (سانا )ـش له‌ راپۆرتێكدا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ رێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریكا چه‌ند بنكه‌یه‌كی سوپای حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دیان له‌ ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی رۆژئاوای حومس بۆردومان كردووه‌.

ئه‌م هێرشه‌ سێ رۆژ دوای ئه‌وه‌ روویداوه‌ كه‌ سوپای ئیسڕائیل چه‌ند ناوچه‌یه‌كی له‌ ده‌وروبه‌ری پارێزگاكانی دیمه‌شق و قونه‌یترا بۆردومانكرد، كه‌ ئه‌م بۆردومانه‌ جبه‌خانه‌ و كۆگاكانی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران و حزبوڵڵای لوبنانی كرد به‌ ئامانج.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ عه‌ره‌بییه‌

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.