له چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌ڵمه‌تێكی مانگرتن له‌سه‌ر سۆشیال میدیاوه له دژی گرانبوونی كاڵا و شتومه‌ك له بازاڕه‌كاندا راگه‌یه‌نرا كه نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی بوو به‌رامبه‌ر به قۆڕخكاریی بازرگانانی ئێرانیی و له ئه‌نجامدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه دوكان و بازاڕی زۆرینه‌ی شاره‌كانی ئێران به نیشانه‌ی به‌ده‌نگه‌وه هاتنی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته داخران.
له به‌شی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش شاره‌كانی وه‌ك سنه و كرماشان و مهابات و سه‌قز و پاوه و مه‌ریوان و میاندواو و بۆكان و نه‌غه‌ده و پیرانشار و بانه به‌ده‌نگ بانگهوازهوهكهوه هاتوون و رۆیشتوونه‌ته پاڵ ئه‌و مانگرتنه سهتاسهرییه.
له‌ناو شاره گه‌وره‌كانی ئێران‌دا تارانی پایته‌ختی ئه‌م وڵاته‌ش بازاڕی زێڕنگه‌ران و به‌شێك له بازاڕه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م شاره‌ی داخستووه.
جیا له‌وه‌ش شاری ته‌بریز كه یه‌كێكه له شاره هه‌ره گرنگه ئابوورییه‌كانی ئێران وێڕای شاره‌كانی وه‌ك مه‌شهه‌د و ره‌شت و چابه‌هار و ئیرانشه‌هر و ره‌فسه‌نجان و هه‌روه‌ها چه‌ندین شار و شارۆچكه‌ی دیكه‌ش بازاڕه‌كانیان داخستووه و تا دێت به ژماره‌ی ئه‌و شارانه‌وه زیاد ده‌بێت كه ده‌ڕۆنه پاڵ ئه‌و مانگرتنه‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌یه خاوه‌ن ئۆتۆمبێله بارهه‌ڵگره‌كان به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی له هه‌رزانیی كرێی گواستنه‌وه‌ی بار مانگرتنێكی سه‌رتاسه‌رییان راگه‌یاندووه و ئۆتۆمبێله‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قام و جاده‌كان راگرتووه و هیچ بارێك ناگوازنه‌وه كه ئه‌وه‌ش ره‌نگی مانگرتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی تۆختر كردووه‌ته‌وه.
شایه‌نی باسه كه ماوه‌ی زیاتر له مانگێكه به هۆی دابه‌زینی به‌های دراوی ئێران نرخی شتومه‌ك و خزمه‌تگوزاریی له‌م وڵاته‌دا به‌رز بوونه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و نائاسایی به‌خۆیه‌وه دیتووه، كه ئه‌وه‌ش هاوڵاتییانی ئێران نیگه‌ران كردووه.
سه‌رچاوه / میدیاكانی ئۆپۆزیسیۆن
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.