Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 19:09

ئه‌مساڵ ژماره‌ی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی کوردستان ئاستێکی پێوانه‌یی تۆمار کردووه‌

نزیكه‌ی دوو ملیۆن گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌
کوردستان TV
#7
100%

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌وله‌وی جه‌بار سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار راگه‌یاند، ژماره‌ی گه‌شتیاران ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو ئاستێكی پێوانه‌یی تۆمار كردووه‌.

"له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، ملیونێك و310 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌، كه‌ زۆربه‌یان له‌ باشوور وناوه‌راستی عێراقه‌وه‌ هاتوون. هه‌ر له‌ جه‌ژنی قوربانی ئه‌مساڵ، 349 هه‌زار گه‌شتیار له‌ ماوه‌ی 11 رۆژدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ وداهاتی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 140 ملیار دینار بووه‌."

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌، "له‌ چوار مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیارانی ئێرانی له‌ ئاستێكی باشدا بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێران باجی له‌سه‌ر هاووڵاتیانی خۆی بۆ گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات دانا، رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیارانی ئیرانی بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌م بووه‌. له‌ وڵاتانی دیكه‌ش گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام رێژه‌كه‌ی زۆر نییه‌."

هه‌رچه‌نده‌ وڵاتانی دراوسێ به‌ نرخێكی كه‌م پێشوازی له‌ گه‌شتیارانی عێراقی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیارانی عێراقی بۆ كوردستان زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه‌‌.

ره‌خساندنی هه‌لی كار

مه‌وله‌وی جه‌بار سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی كه‌رتی گه‌شتوگوزار بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كار ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ كه‌رتی گه‌شتوگوزار به‌ هه‌زاران هه‌لی كاری بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌كان ره‌خساندووه‌ وكاریگه‌ری بۆ سه‌ر به‌ بازاركردنی كه‌رته‌كانی دیكه‌ش له‌وانه‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ هه‌بووه‌.

"بۆنموونه‌، شارۆچكه‌ی وه‌رتێ له‌ ساڵانی رابردوو كێشه‌ی ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانی هه‌بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێكمان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی گه‌شتیاری هاندا وبه‌هۆیه‌وه‌ گه‌شتیارێكی زۆر سه‌ردانی وه‌رتێی كرد وبازارێك بۆ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیه‌كانی ناوچه‌كه‌ دروستبوو."

پلانی ستراتیژی گه‌شتوگوزار

پلانی ستراتیژیی گشتوگوزار له ساڵی‌ 2014 دانراوه وهه‌ندێك له‌ بڕگه‌كانی جێبه‌جێ كراون، به‌ڵام به‌هۆی هاتنی داعش وقه‌یرانی ئابووری پلانه‌كه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێنه‌كرا. له‌ ساڵی 2016 دووباره‌ ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌رته‌ كرا. پێدانی قه‌رزی گه‌شتیاری بۆ پرۆژه‌ی بچووك و مامناوه‌ند یه‌كێ له‌ به‌شه‌ گرنگه‌كانی پلانی ستراتیژیی گه‌شتوگوزاره.

ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار 'یاسای په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ هه‌رێمی كوردستان' بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار پێشكه‌ش به‌ حكومه‌ت كردووه‌، كه په‌سندكردنی له‌ په‌رله‌مان، زۆرێك له‌ كێشه‌ وئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م كه‌رته‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات.

هۆشیاریی گه‌شتیاری

مه‌وله‌وی جه‌بار گوتی، یه‌كێ له‌ ئامانجه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار په‌ره‌پێدانی هۆشیاریی گه‌شتیارییه‌ به‌ هاوولاتیان وسه‌رمایه‌داران.

"به‌ستنی كۆنفرانس، به‌شداریكردن له‌ ‌پێشانگاكانی گه‌شتیاری له‌ ناو‌خۆ وده‌ره‌وه‌، كردنه‌وه‌ی پێشانگا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار، زه‌مینه‌سازی بۆ كه‌ناڵه‌كان تا بتوانن به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و رادیۆیی بۆ گفتگوكردن له‌ باره‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار ئه‌نجام بده‌ن، له‌ گرنگترین چالاكیی فه‌رهه‌نگی و میدیایی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار بووه‌."

مه‌وله‌وی جه‌بار به‌ ئاماژه‌پێدان به‌ رۆڵی زانكۆ بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتیاری گوتی: رۆڵی زانكۆ له‌ هۆشیاری گه‌شتیاری و په‌ره‌پێدانی كلتووری گه‌شتیاری گرنگه‌ و لێژنه‌ی هاوبه‌ش له‌ ‌نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار بۆ ئه‌نجامدامی چالاكی و كاری هاوبه‌ش هه‌یه‌ و به‌شی گه‌شتیاری له‌ ‌زانكۆكانی سه‌ڵاحه‌دین، سلێمانی و دهۆك كراوه‌ته‌وه‌‌ و تا ئێستا دوو قۆناغی ده‌رچوونیان هه‌بووه‌.

پاراستنی ژینگه‌

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان گوتی، "له‌ ستراتیژیی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ته‌وه‌رێكی تایبه‌ت به‌ ‌رێكخستن و پاراستنی ژینگه‌ی شوێنه‌كانی گه‌شتیاری هه‌یه‌ وبه‌شێكی تایبه‌ت له‌ ‌ده‌سته‌ بۆ ژینگه‌ كراوه‌ته‌وه‌. به‌ ‌پلان كار بۆ پاراستنی ژینگه‌ وشوێنه‌كانی گه‌شتیاری ده‌كه‌ین. له‌رووی هۆشیاری ژینگه‌یشه‌وه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كان وراگه‌یاندنه‌كان به‌رده‌وام كاری بۆ ده‌كه‌ین. هۆشیاری هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگه‌ ساڵ بۆ ساڵ باشتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان و شاره‌وانیه‌كان هه‌ماهه‌نگی باشمان هه‌یه‌، به‌ڵام  هه‌ندێ هاووڵاتی ولایه‌ن وه‌ك پێویست پابه‌ندی رێنماییه‌كان نابن."

رۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ گه‌شتوگوزار

مه‌وله‌وی جه‌بار له‌ باره‌ی رۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ په‌ره‌پێدانی ‌كه‌رتی گه‌شتیاری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ رۆلێكی گرنگ له‌ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌یه‌‌. یه‌كێك له‌ میحوه‌ره‌كانی پلانی ستراتیژی پاڵپشتی كردنی كه‌رتی تایبه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵێكی كارای له‌ پێشخستنی  كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت. پێدانی قه‌رزی گه‌شتیاری یه‌كێكه له‌و پشتگیریانه‌.

ده‌شڵێت: كۆمپانیاكانی كوردستان‌ توانیویانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ دروست بكه‌ن‌. كه‌رتی تایبه‌تی رۆڵێكی ئه‌رێنی له‌ هێنانی گه‌شتیار بۆ كوردستان هه‌بووه‌. وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاری له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵ به‌ خێرایی گه‌شه‌ كردووه‌‌، نموونه‌كه‌شی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی گه‌شتیاره‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌شی دروستكردنی متمانه‌یه‌. كاتێك متمانه‌ دروست ده‌بێت وه‌به‌رهێنان زیاتر ده‌بێت.

خه‌ڵاتی جۆری

ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار 'خه‌ڵاتی جۆری' ده‌داته‌ ئه‌و هۆتێل وچێشتخانه‌ وشوێنانه‌ كه‌ به‌ كواڵێتییه‌كی باش خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن وبه‌ جوانترین شێوه‌ رێنماییه‌كانی گه‌شتیاری جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

به‌ بازاڕكردنی به‌رهه‌م، پاك وخاوێنی، خزمه‌تگوزاریی جۆراوجۆر، پاراستنی ژینگه‌، ره‌زامه‌ندیی كڕیار له‌و بابه‌تانه‌ن كه‌ كۆمپانیا، هۆتێل، چێشتخانه‌ وكافتریا‌كان به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانن خه‌ڵاتی جۆری به‌ده‌ست بێنن كه‌ ساڵانه‌ دوو جار ده‌درێت.

ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری یه‌كه‌م فه‌رمانگه‌یه‌ كه‌‌ له‌ كوردستان وعێراق خه‌ڵاتی جۆری پێشكه‌ش به‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كات.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.