فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران له وتارێكدا رووی قسه‌ی كردووه‌ته بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل و وتوویه‌تیی: باشتره ناوبراو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ گیانی خۆی رزگار بكات راهێنانی مه‌له‌وانیی له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا ئه‌نجام بدات.
به‌گوێره‌ی رای شڕۆڤه‌كارانی سیاسه‌ت ئه‌وه‌ش یه‌كێكی دیكه له هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ده‌ڵێن ئیسڕائیل له‌ناو ده‌به‌ن.
حوسێن سه‌لامی جێگره‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی رابردوو وێڕای ئاماژه به هێرشه موشه‌كییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆسه‌ر بنه‌كه‌كانی داعش له سووریا، جه‌ختی كرده‌وه كه، هێرشه موشه‌كییه‌كانی ئه‌وان ئامانجه‌كانی پێكاوه و په‌یامی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی به دوژمنان گه‌یاندووه.
سه‌باره‌ت به سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیلیش، سه‌لامی وتی: به سه‌رۆك وه‌زیرانه چه‌رچییه‌كه‌ی ئیسڕائیل ده‌ڵێم له جێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێشكه‌وتنه‌كانی ئێمه له‌به‌رچاوی جیهان چه‌واشه بكات، واباشتره راهێنانی مه‌له‌وانیی له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا ئه‌نجام بدات بۆ ئه‌وه‌ی گیانی خۆی رزگار بكات، چونكه هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه نه‌ماوه له‌وه زیاتر كه ئه‌وان فڕێبده‌ینه ناو ده‌ریا، هه‌ڵبه‌ت به‌مزووانه‌ش له‌ناوچوونی ئه‌م رژێمه درۆیینه‌یه ده‌بینین.
سه‌رچاوه / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.