Erbil 8°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 06:44

چاره‌سه‌ری پلازما - PRP چی یه‌؟

لابردنی په‌ڵه‌ و كونیله‌كانی سه‌ر پێست
کوردستان TV
100%

چاره‌سه‌ری پلازما، بریتیه‌ له‌ به‌كارهێنانی پلازمای ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ خه‌پله‌كانی خوێن كه‌ له‌ خوێندایه‌، بۆ هاندانی گه‌شه‌ی شانه‌ و خانه‌كانی پێست، ئه‌مه‌ش واده‌كات پێست نوێبێته‌وه‌ و رونتر و گه‌نجتر ده‌ربكه‌وێت.

له‌وباره‌وه‌ د. ئه‌یوب عبدول حمه‌ پسپۆری نه‌خۆشییه‌كانی پێست و جوانكاری و له‌یزه‌ر بۆ سایتی "ته‌ندروستی" ڕایگه‌یاند:" خوێن پێكدێ له‌خرۆكه‌ی سپی، خرۆكه‌ی سور، پلازما، خه‌پله‌كانی خوێن، بۆ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ ئێمه‌ خوێنی نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌رئه‌گرین و ئه‌یكه‌ینه‌ تیوبێكی تایبه‌تی كه‌ ماده‌ی دژه‌مه‌ین و فاكته‌ری گه‌شه‌ی تێدایه‌، پاشان ئه‌خرێته‌ نێو ئامێری سێنتێرفیوج بۆ ماوه‌ی ٨ بۆ ١٠ خوله‌ك به‌ مه‌به‌ستی جیاكردنه‌وه‌ی خانه‌كانی خوێن و پلازما و خه‌پله‌كانی خوێن، پاش سڕكردنی روخسار به‌ كرێمێكی تایبه‌ت، پلازمای ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ خه‌پله‌كانی خوێن له‌ رێی سرنجی ئینسۆلین و ئامێری دێرما پێن-Dermapen، ئه‌درێته‌وه‌ له‌ پێست ئه‌مه‌ش هانی گه‌شه‌ی كۆلاجین و نوێبونه‌وه‌ی خانه‌كانی پێستی روخسار ئه‌دات.

ده‌رباره‌ی زیان و مه‌ترسی وه‌ها ڕێگه‌یه‌كی جوانكاری ئه‌و پزیشكه‌ پسپۆڕه‌ ده‌ڵێت:" له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پلازما به‌كارهێنانه‌وه‌ی خوێنی سروشتی خۆته‌، بێ زیان و مه‌ترسی یه‌، مرۆڤ كاتێ ئه‌گاته‌ ته‌مه‌نی ٣٠ ساڵی پێستی روخساری ماندوو ده‌بێ و تێكده‌چێت، له‌ رێی چاره‌سه‌ری پلازماوه‌ ئه‌توانرێ تا ئاستێك ره‌نگی پێست یه‌ك بخرێته‌وه‌ و روخسار توند ببێته‌وه‌".

له‌باره‌ی مه‌به‌ستی به‌كارهێنانه‌كانیه‌وه‌ ده‌شڵێت:"بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ به‌كاردێت جوانكاری پێستی روخسار، لابردنی ئاسه‌واری زیپكه‌ و سوتاوی، لابردنی په‌ڵه‌ و كونیله‌كانی سه‌ر پێست، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ڵوه‌رینی موو و به‌هێزكردنه‌وه‌ی، ... هتد".

د.ئه‌یوب جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر به‌ بۆتۆكس و فیله‌ر له‌گه‌ڵ پلازما جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕاسته‌وخۆ دوای به‌كارهێنانی فیله‌ر بۆ بۆڵدكردنی لێو یا پركردنه‌وه‌ی خه‌ت و چاڵی روخسار، مرۆڤ هه‌ست به‌ گۆڕانكاری ده‌كات، یان چه‌ند ڕۆژێك دوای به‌كارهێنانی بۆتۆكسه‌كه‌ هه‌ست به‌ گۆڕانكاری ده‌كات، به‌ڵام پلازما پێویستی به‌ كات هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ده‌ربكه‌وێت و پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا وه‌كو مانه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر Maintenance therapy دوو جار پلازما بۆ پێست بكرێت و ده‌توانرێت ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ بۆ پیاوان و خانمان به‌كاربهێنرێت.

ڕونیشیكرده‌وه‌ كه‌وا، ئه‌نجامی كۆتایی ئه‌م ڕێگه‌ جوانكارییه‌ له‌ دوای (٤-٥) مانگ ده‌رده‌كه‌وێت و به‌ تێپه‌ڕینی كات زیاتر ده‌بێت، بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌نجامێكی باشیش پێویسته‌ (٣) جه‌لسه‌ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ دووباره‌بكرێته‌وه‌، ماوه‌ی نێوان جه‌لسه‌كان ( ٣ بۆ ٤ ) هه‌فته‌یه‌، به‌ڵام بۆ هه‌ڵوه‌رینی موو نزكه‌ی ٦ جه‌لسه‌ی پێیوسته‌ و ماوه‌ی نێوانیان ٤ هه‌فته‌یه‌.

 سه‌رچاوه‌/ ڕاگه‌یاندنی ـته‌ندروستیـ سلێمانی

كوردستان تیڤی/ كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.