Erbil 15°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 14:52

پۆمپیۆ: ترامپ ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خامه‌نه‌ئی به‌بێ مه‌رج دیدار بکات

یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا پێشنیاری دیداری بێمه‌رج ده‌كات
ترامپ ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خامه‌نه‌ئی به‌بێ مه‌رج دیدار بكات
کوردستان TV
100%

مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئاماده‌كاریی بۆ گفتوگۆیه‌كی بونیاتنه‌ر بكرێت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، ئه‌وا سه‌رۆك ترامپ ئاماده‌یه‌ تا له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران دیدار بكات.

هاوكات له‌گه‌ڵ پێشنیاره‌كه‌ی مایك پۆمپیۆ راگه‌یاندنه‌كانی ئێران رایانگه‌یاند كه‌ حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران خۆی ئاماده‌ ده‌كات تا بۆ كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌ردانی شاری نیویۆركی ئه‌مریكا بكات.

مایك پۆمپیۆ سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌یی ترامپ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عه‌لی خامه‌نه‌ئی رێبه‌ری ئێران وتی كه‌ ناوبراو ده‌رهێنه‌ری سه‌ره‌كیی شانۆی گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێرانه‌ و دۆناڵد ترامپ ئاماده‌یه‌ تا دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌ویش ئه‌نجام بدات.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی وتووه‌ كه‌ ترامپ ئاماده‌یه‌ تا له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش دیدارێك له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران ئه‌نجام بدات.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا پێشنیاری دیداری بێمه‌رج ده‌كات به‌ به‌رپرسانی ئێران و ته‌نانه‌ت 8 مانگ به‌ر له‌ ئێستا دۆناڵد ترامپ له‌ په‌راوێزی دیدار له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا باسی له‌ ئاماده‌یی خۆی بۆ دیدارێكی بێمه‌رج كردبوو، به‌ڵام ئه‌وسا تاران پێشنیاری هه‌رجۆره‌ دیدارێكی ره‌تكردبووه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكیی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیار ده‌دات و مانگێك به‌ر له‌ ئێستاش ئایه‌توڵڵا خامه‌نه‌ئی له‌ هه‌ڵوێستێكی ناڕاسته‌وخۆدا بۆ پێشنیاره‌كه‌ی ترامپ وتبووی: هه‌ڵه‌مان كرد رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌مان كرد، دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌.

به‌رپرسانی ئه‌مریكا و جیهانیش چاوه‌ڕێن بزانن ئاخۆ وه‌ڵامی پێشنیاری ئه‌مجاره‌ی ترامپ بۆ رێبه‌ری ئێران چی ده‌بێت و به‌ده‌م پێشنیاره‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ دێن یان نا.

 سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.