Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 07:57

وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ : سه‌رچاوه‌ی نزیکه‌ی شەست لەسەدی ئاوی هه‌رێم ناوخۆییه

نزیكه‌ى 59.6 لەسەد بڕى ئاوى هه‌رێم سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌ ناو كوردستانه‌
کوردستان TV
100%


دکتۆر غازی فایق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانى وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌ وه‌كاله‌ت، له‌ چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌وشی ئاو و كه‌رتی كشتوكاڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو.

د. غازی فایق، كه هاوكات به‌رێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان وبه‌دواداچوونه له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، هۆكارە سەرەکیەکانی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕانده‌وه بۆ چەندین حاڵەت، لەمانە "دروستكردنى چه‌ندین به‌نداو له‌لایه‌ن ئێران له‌سه‌ر ڕوبارى سیروان وزێى بچووك وهه‌روه‌ها دروستكردنى چه‌ندین به‌نداو له‌ توركیا  له‌سه‌ر روبارى دیجله‌.

لە لایەکی ترەوە، گوڕانكارى كه‌شوهه‌وا وەکو به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما وكه‌مبوونى رێژه‌ى دابارین به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانى ڕابردوو کە بووەتە هۆی دووباره‌ بوونه‌وه‌ى وشكه‌ساڵى له‌ كوردستان دەوریان بینیوە لە کەمبوونەوەی ئاو. هەروەها، لێدانى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ بیرى قوڵ به‌ مۆڵه‌ت وبێ مۆڵه‌ت وزێده‌ڕۆیى وبه‌زاندنى زۆر بۆ سه‌ر رێڕه‌وی قه‌راخ رووباره‌كان وپڕۆژه‌ ئاودێرییه‌كان کاریگەریان لەسەر کەمبوونەوەی ئاو هەبووە."

بۆ رووبەرووبوونەوەی گرفتەکان، د. غازی فایق گووتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە یاسایه‌ك هەیە تایبه‌ت بێت به‌ رێكخستن وپاراستن وبه‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ هه‌رێم.

سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم

له‌ باره‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانى وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه نزیكه‌ى 59.6 لەسەد بڕى ئاوى هه‌رێم سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌ ناو هه‌رێمى كوردستانه‌ و 40.4 لەسەد سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانه.

گووتیشی، وه‌زاره‌تی كشتوكال وسه‌رچاوه‌كانی ئاو بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاوی هه‌رێم له‌ پلانى ستراتیژى بۆ كه‌رتى كشتوكاڵ بۆ ساڵانی 2009-2013 و نه‌خشه‌ رێگاى ساڵى 2014 چه‌ندین پڕۆژه‌ى دروستكردنى به‌نداو و پۆندى ده‌ستپێكرد. 12 به‌نداوی بچووك ومام ناوه‌ند و 91 پۆند‌ دروستكراون و 25 به‌نداو و 29 پۆندی دیكه‌ش  له‌ژێر دروستكردندان.


نۆ به‌نداوی بچووك و مام ناوه‌ندی دیكه كه پێشتر دروستكراون، توانای گڵدانه‌وه‌ی 135 ملیۆن م3 ئاوییان هه‌یه‌.

به‌كارهێنانى ته‌كنۆلۆژیاى نوێى ئاودان، وەکو دڵۆپاندن وپرژاندن، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى ئاو و كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌ فێڕۆدانی به باشترین رێگا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌ی كه‌م ئاوی ده‌زانێت.


به‌رێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان وبه‌دواداچوونی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌رباره‌ی توانای ئاوی هه‌رێمی كوردستان بۆ پارستنی ئاسایشی كشتوكاڵ وبه‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی وتێكرای ئاو بۆ بواری خواردنه‌وه‌، كشتوكاڵ وپیشه‌سازی گووتی، هه‌رێمى كوردستان به‌ بوونی پێنج رووبار كه به تێكرای ئاوی رۆیشتوو 29.77 ملیار م3 كه‌  17.74 ملیار م3 له‌ناو خاكى هه‌رێمه‌ و 12.03 ملیار م3 له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئاوى هه‌رێمه‌،‌ خاون سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاوه‌.


ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه ئاوى ژێر زه‌وى له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ زیاتر له‌ پێنج ملیار م3 خه‌مڵێنراوه‌، كه 79.70 لەسەدی بۆ خواردنه‌وه‌ به‌كاردێت، 18 لەسەدی بۆ كاروبارى كشتوكاڵی، 1.70 لەسەدی  بۆ پیشه‌سازى و0.30 لەسەدی بۆ كاری توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى به‌كار دێت.

توانایی گلدانه‌وه‌ی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان

به‌رێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان وبه‌دواداچوونی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ رایگه‌یاند نزیكه‌ى 1.220.270 دۆنم زه‌وى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌‌  به‌راوه‌ و پشت به‌ ئاودان ده‌به‌ستێت:

64500 دۆنم به‌هۆى پرۆژه‌ى ستراتیژى
1145500 دۆنم  به‌هۆى پرۆژه‌ى بچووك
10270 دۆنم به‌هۆى پۆنده‌كان
پێداویستی ساڵانه‌ی هه‌رێم به ئاو  و تواناییه‌كانی دابینكردنی

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانى وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌ وه‌كاله‌ت له باره‌ی پێداویستی ساڵانه‌ی هه‌رێم به ئاو  وتواناییه‌كانی دابینكردنی گووتی، "پێداویستى هه‌رێم بۆ ئاوى خواردنه‌وه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 800 ملیۆن م3 و پێداویستى  بۆ ئاودێرى كشتوكاڵى و پیشه‌سازىش ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 7.5 ملیار م3."

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ پلانی ساڵى 2019 پێشنیاری دروستكردنی 32 به‌نداوی بچووک ومام ناوه‌ند و320 پۆند و513 پڕۆژه‌ى ئاودێرى كراوه‌.


له‌ باره‌ی كاریگه‌ری زۆربوونی بیره‌كانی ئاو له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی هه‌رێمی كوردستان گووتی، "زۆرى  لێدانى بیر كاریگه‌رییه‌كى نه‌رێنى بۆ ‌سه‌ر ئاستى ئاوى ژێر زه‌وى، له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێم هه‌یه‌. به‌شێوه‌یه‌كى گشتى  ئاستى ئاوى ژێر زه‌وى  نزیكه‌ى 100 مه‌تر به‌هۆى لێدانى ژماره‌یه‌كى زۆرى بیر دابه‌زیوه‌."

به‌ڵام مه‌ترسى بیابان بوون له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان به‌ دوور ده‌زانێت و ده‌ڵێت، "دووباره‌ بوونه‌وه‌ى وشكه‌ساڵى وگۆڕانى كه‌شوهه‌وا وكه‌مبوونه‌وه‌ى بارین ونزمبوونه‌وه‌ی ئاستى ئاوى ژێر زه‌وى وگرتنه‌وه‌ى  سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان  له‌لایه‌ن ووڵاتانى دراوسێ هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌وا به‌ زووترین كات یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنى  ئاو  له‌ هه‌رێم بۆ  پاراستن و ڕێكخستنى سه‌رچاوه‌كانى ئاو بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌موو مه‌ترسیه‌كان ده‌ربچێت."

سه‌باره‌ت به‌ گرتنه‌وه‌ی ئاوی رووباری دجله له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه گرتنه‌وه‌ى ئاوى رووبارى دجله‌ كاریگه‌رى زیاترى بۆ سه‌ر ناوه‌ڕاست وباشوورى عێراق هه‌یه‌ تا هه‌رێمى كوردستان. كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان زیاتر ئه‌و ناوچانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر به‌نداوى موسڵ و وێرای كاریگه‌رى ژینگه‌یى، كاریگه‌ری بۆ ‌سه‌ر سامانى ماسى و كه‌مكردنه‌وه‌ى راده‌ى شێى زه‌ویه‌كان هه‌یه‌.

به‌رهه‌می گه‌نمی ناوخۆیی نزیكه‌ی دوو ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی بازاڕی هه‌رێمه

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانى وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌ وه‌كاله‌ت سه‌باره‌ت به ره‌وشی كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان گووتی، "به‌رهه‌مهێنانى ئه‌مساڵی گه‌نم له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پێویستى دانیشتوانى هه‌رێم زیاتره‌. ئه‌مساڵ به‌رهه‌مهێنانى گه‌نم گه‌یشتووه‌ته‌‌ نزیكه‌ى  900 هه‌زار تەن، له‌ كاتێكدا  پێداویستى ناوخۆ بۆ گه‌نم نزیكه‌ى 550 هه‌زار تەنه." پێشی وایه‌ گه‌نم یه‌كێكه‌ له‌و به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌كیانه‌ى كه‌ ده‌توانرێت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێـت. "له‌ سه‌وزه‌اتیش ته‌ماته‌، خیار، په‌تاته‌ به‌تایبه‌تى له‌ وه‌رزى به‌رهه‌مهێنان پێداویستى ناوخۆ پڕده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌توانرێت بڕه‌ زیاده‌كه‌یان هه‌نارده‌بكرێت. هه‌روه‌ها ده‌توانرێت‌ هه‌نار، ترێ، هه‌نگوین و په‌له‌وه‌ر هه‌نارده‌ بكرێت."

غازی فایق، رووكردنی ژماره‌یه‌كى زۆرى هاوڵاتیان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ، له‌گه‌ڵ بوونی‌ چه‌ندین كۆمپانیاى تایبه‌ت به‌ كشتوكاڵ به هۆكاری سه‌ره‌كی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می كشتوكاڵی ده‌زانێت. ده‌شڵێت، "وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ساڵانه‌ جوتیارى نموونه‌یى ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ رۆلێكى سه‌ره‌كیان له‌ زیادكردنى به‌رهه‌مى روه‌كى یان ئاژه‌ڵى هه‌یه‌."

یارمه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ

به‌رێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان وبه‌دواداچوونی‌ وه‌زارتی كشتوكاڵ سه‌باره‌ت به یارمه‌تیی حكومه‌ت بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ ساڵانى رابردوو "رۆڵێكى سه‌ره‌كى بۆ یارمه‌تدانى جوتیاران له‌ ڕێى هاندان وپاڵپشتى كردنى جوتیاران (اعانات زراعیه‌) وئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ى كشتوكاڵى وئاودێرى له‌ دروستكردنى به‌نداو وپۆند ودابینكردنى بنه‌تۆى گه‌نم وپاڵپشتیكردنى بنه‌تۆى په‌تاته‌ بۆجوتیاران هه‌بووه‌، كه به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می كشتوكاڵی وئاژه‌ڵداری به‌ هۆی یارمه‌تی حكوومه‌ت بووه‌."

گووتیشی وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانى ئاو پاڵپشتى له‌ دروستكردنى خانووى پلاستیكى وساردخانه‌ كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قه‌رزى كشتوكاڵى بۆ جوتیاران بۆ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ى كشتوكاڵى له‌ ساڵانی رابردوو دابینكردووه‌.

هاندانى پرۆژه‌كانى په‌له‌وه‌ر، پاڵپشتى كردنى جۆتیاران  بۆ ماده ‌قڕكه‌ره‌كان ودابه‌شكردنى په‌ینى كیمیاوى وكه‌لوپه‌لی  تراكتۆر ودروێنه‌ وئامێرى ئاودێرى به‌ هۆكاری دیكه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی بڕ وكواڵیتی به‌رهه‌می ناوخۆ ده‌زانێت.

هه‌ماهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانى وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌ وه‌كاله‌ت سه‌باره‌ت به هه‌ماهه‌نگی وكاركردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی بیانی بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێم گووتی: وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌گه‌ڵ چه‌ندین لایه‌نى حكومى ورێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پێشخستنى كه‌رتى كشتوكاڵ هه‌ماهه‌نگى هه‌بووه‌، له‌وانه‌ له‌ رووى بنیاتنانى تواناكانى فه‌رمانبه‌ران وه‌ك یارمه‌تیدانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى ئه‌مریكا وپێنج زانكۆى ئه‌م وڵاته بۆ ‌پێشخستنى تواناى فه‌رمانبه‌رانى رێنمایى كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئاژانسی هەماهەنگی ناودەوڵەتی ژاپۆنی، JICA، پڕۆژه‌ى په‌ره‌پێدانى "ڕه‌زگه‌رى وگه‌نم"ى له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه‌. چه‌ندین فه‌رمانبه‌رى وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ ژاپۆن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته مه‌شقیان پێكراوه‌.

حكومه‌تى ئیتالیا بۆ ئه‌نجامدانى قۆناغى یه‌كه‌مى پرۆژه‌ى په‌ره‌پێدانى زه‌یتون یارمه‌تیی وه‌زاره‌تى كشتوكاڵی داوه‌.

گرفته‌كانی كه‌رتی كشتوكاڵ

د. غازی فایق، ماسته‌ر پلانى شاره‌كان وزێده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وى كشتوكاڵى به یەکێ لە گرفتەکانی به‌رده‌م پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌زانێت وده‌ڵیت هه‌ر دوو بوار كاریگه‌رى نه‌رێنیان بۆ ‌سه‌ر كه‌رتى كشتوكاڵ هه‌بووه‌ وبه‌ هۆیه‌وه‌ رووبه‌رى زه‌ویی كشتوكاڵى كه‌م بووه‌ته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌ فه‌رمانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كاركردن له‌سه‌ر قوناغى دووه‌می ‌ ماسته‌ر پلانى هه‌ولێر وه‌ستێنرا.

سه‌باره‌ت به‌ زێده‌ڕویى بۆ سه‌ر زه‌وى كشتوكاڵى ئاماژه‌ی به‌وه‌دا پڕۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ راگرتنى زێده‌ڕویى پێشكه‌شكراوه‌ وچه‌ندین داواى یاسایى له‌ دادگاكان له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ى كه‌ زێده‌ڕۆیان كردوه‌ته‌ سه‌ر زه‌وى كشتوكاڵى تۆماركراون.

هه‌ڵی كار له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانى وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌ وه‌كاله‌ت سه‌باره‌ت به‌ دۆزینه‌ویه‌ هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی وپزشكانی ڤیتنه‌ری باس له‌وه‌ی كرد كه هه‌ر كۆمپانیایه‌ك بیه‌وێت كارى كشتوكاڵى یا پڕۆژه‌یه‌كى كشتوكاڵى ئه‌نجام بدات پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی سه‌ندیكاكانى ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵ و ڤیته‌رنه‌ری، ئه‌ندازیارى كشتوكاڵى یا پزیشكى  ڤێته‌رنه‌رى دابمه‌زرێنن.

ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ رێگاى هه‌ردوو سه‌ندیكاوه‌ له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كار بۆ ده‌رچوانى كۆلێژى كشتوكاڵ و ڤیته‌رنه‌رى داوه‌.

 

kshtwkalkshtwkalkshtwkalkshtwkal

شوان عه‌زیز

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.