Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 15:26

خامه‌نه‌ئی پشتیوانیی لێدوانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌کانی رۆحانی ده‌کات

هیچ واتایه‌كی نییه‌ كه‌ رێگه‌ له‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران بگیرێت
خامه‌نه‌ئی پشتیوانیی لێدوانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌كانی رۆحانی ده‌كات
کوردستان TV
100%

عه‌لی خامه‌نه‌ئی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی رابردوو له‌به‌رده‌م به‌رپرسانی كابینه‌ی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی پشتیوانیی لێدوانه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێرانی كرد، كه‌ ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ سزای ئه‌مریكا بۆ رێگریی له‌ فرۆشی نه‌وتی ئێران به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ رۆژئاوا ده‌كرد.

رێبه‌ری ئێران سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كانی حه‌سه‌ن رۆحانی وتی: پیشاندانی شكۆمه‌ندیی له‌مچه‌شنه‌ له‌ پێگه‌ی هێزه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ بیانییه‌كان به‌تایبه‌تیی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكا كارێكی ره‌وا و پێویسته‌ و ئه‌مكاره‌ ده‌بێ له‌كاتی شیاو و به‌ روونیی و بڕشته‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت.

رۆحانی دوو هه‌فته‌ به‌ر له‌ ئێستا له‌كاتی سه‌ردانیدا بۆ سویسرا وتی: هیچ واتایه‌كی نییه‌ كه‌ رێگه‌ له‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران بگیرێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بتوانن نه‌وتی خۆیان هه‌نارده‌ بكه‌ن، ئێستاش ئێوه‌ ئه‌گه‌ر توانیتان ئه‌مكاره‌ بكه‌ن، ئینجا ئاكامه‌كه‌ی ده‌بینن.

ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئێران به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ناڕاسته‌وخۆ بۆ به‌ستنی گه‌رووی هوڕموز له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.

قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانیش له‌ نامه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌م لێدوانه‌ی رۆحانیی نووسیویه‌تیی: ده‌ستتان ماچ ده‌كه‌م بۆ لێدوانی له‌مجۆره‌ دانایانه‌ و ره‌وا و له‌كاتێكی ئه‌وه‌نده‌ گونجاودا.

ئێران پێشتر له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێڕاق و ئێران جارێكی دیكه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هوڕموزی كردبوو، به‌ڵام هیچكات هه‌ڕه‌شه‌كه‌ نه‌بوو به‌ كرده‌یی.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا دوای لێدوانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزه‌كانی رۆحانی له‌ تویتێكدا به‌ توانجه‌وه‌ نووسیی: له‌مساڵدا كێشه‌ و بێزاركردنی كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن به‌له‌مه‌ ئێرانییه‌كان له‌ كه‌نداو تاڕاده‌ی نه‌مان كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.