Erbil 12°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 10:34

یه‌کێتی ئه‌وڕوپا وه‌ڵامی نامه‌که‌ی دایکی رامین حوسێن په‌ناهی ده‌داته‌وه‌

داوای چاودێری كوره‌كه‌ی كردبوو له‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران
یه‌كێتی ئه‌وڕوپا وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی دایكی رامین حوسێن په‌ناهی ده‌داته‌وه‌
کوردستان TV
100%

جێگری سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وڕوپا وه‌ڵامی نامه‌ی دایه‌ شه‌ریفه‌ دایكی رامین حوسێن په‌ناهی دایه‌وه‌، كه‌ تیایدا داوای كردبوو چاودێرییه‌كی بارودۆخی رامینی كوڕی بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئێرانه‌وه‌ سزای سێداره‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌ هه‌ر ئانوساتێكدا ئه‌م سزایه‌ به‌سه‌ر كوڕه‌كه‌یدا جیبه‌جێ بكریت.

له‌ ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌دا " ده‌نیس چایب " جێگری فێدریكا مۆگرینی وێڕای ئاماژه‌ به‌ نامه‌كه‌ی دایكه‌ شه‌ریفه‌ بۆ خاتوو مۆگرینی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و وه‌ك جێگری به‌رپرسی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا له‌سه‌ر داوای خاتوو مۆگرینی وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌ی دایكی رامینی داوه‌ته‌وه‌.

دواتر چایب نووسیویه‌تیی: دڵنیابن كه‌ یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا به‌ باشی ئاگاداری دۆسییه‌ی رامین حوسێن په‌ناهییه‌ و چاودێریی هه‌واڵه‌كانی تایبه‌ت به‌ ئه‌و ده‌كات و له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران قسه‌یان كردووه‌ و نیگه‌رانی خۆیانیان سه‌باره‌ت به‌م سزایه‌ بۆ ئه‌وان باس كردووه‌. هه‌روه‌ها یه‌كێتی ئه‌وڕوپا به‌ گشتی نیگه‌رانه‌ له‌و دۆخه‌ی مافی مرۆڤ كه‌ به‌سه‌ر ئێراندا زاڵه‌.

دواتر ده‌نیس چایب ئه‌وه‌شی نووسیوه‌ كه‌: مافی مرۆڤ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی گفتوگۆكانی نێوان یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا و ئێران بووه‌ و ئێمه‌ هیچ كاتێك ده‌ستبه‌رداری خستنه‌ڕووی كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ له‌ ئێران نابین و هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بین له‌ گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ رامین حوسێن په‌ناهی هاوڵاتییه‌كی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و دانیشتووی شاری سنه‌یه‌ و له‌ ساڵی رابردووه‌وه‌ له‌ ئێران زیندانیی كراوه‌ و تۆمه‌تی شه‌ڕی چه‌كداری له‌ دژی ئێران و ئه‌ندامێتی له‌ حزبه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی دراوه‌ته‌پاڵ و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ له‌لایه‌ن سیسته‌می دادوه‌ریی ئێرانه‌وه‌ سزای سێداره‌ی بۆ دیاریكراوه‌.

سه‌رچاوه‌ / رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو
مه‌سعود / كوردستان تیڤی

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.