ئهمرۆ هەینی 4/5/2018، جەنەڕال فرانسوا لیکوانتەر، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای فەرەنسا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کاری لەپێشینەی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لەناوبردنی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە.
فرانسوا لیکوانتەر هەروەها رایگەیاندووە، لەو باوەڕەدا نییە سوپای ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی پێش ئەوەی کۆتایی بە داعش بهێندرێت.
سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای فەرەنسا رەتی کردووەتەوە ژمارە و جۆری ئەو هێزەی وڵاتەکەی لەم دواییانە ناردوویەتییە سووریا ئاشکرا بکات و رایگەیاندووە، ”هێزەکانمان لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان لەوێ دەمێننەوە“.
فەرەنسا لە سالی 2015ـەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە 40 فڕۆکەی جەنگی بەشداریی شەڕی دژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە دەکات و لە ساڵی 2016ش بەشداریکرنی هیزە زەمینییەکانی لە شەڕی دژی داعش لە رۆژئاوای کوردستان، راگەیاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.