Erbil 10°C یەکشەممە 05 کانوونی دووەم 10:41

نێچیرڤان بارزانى: به‌گه‌شبینیه‌وه‌ ئه‌مریکا بڕواو متمانه‌ی به‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ بۆیه‌ پڕۆژه‌کانى له‌ هه‌رێم ئه‌نجام ده‌دات

باڵێۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ عێراق: پاڵپشتیه‌كى به‌هێزى هه‌رێمى كوردستانین
کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌ئاماده‌بوونى  نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ، وه‌ئاماده‌بوونى  دۆگلاس سیلیمان باڵوێزى ئه‌مریكا له‌عێراق ، وه‌به‌رپرسانى دیكه‌ ئاماده‌بوو ، به‌ردى بناغه‌ى نوێى كونسوڵخانه‌ى گشتى ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر دانرا  . 
له‌ده‌ستپێكى به‌ڕێوه‌چوونى مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا دۆگلاس سیلیمان باڵوێزى ئه‌مریكا له‌عێراق وتارێكى پێش كه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند : 
كردنه‌وه‌ى باڵه‌خانه‌ى نوێمان له‌هه‌ولێر ئاماژه‌ و پاڵپشتیه‌كى به‌هێزى ئه‌مریكایه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌به‌هێزى له‌ناوچه‌كه‌دا ببیندرێت ، وه‌ك ئه‌و ئارامیه‌ى تێیدا له‌هه‌رێم بوونى هه‌یه‌ ،  دۆگلاس ڕاشیگه‌یاند  باڵه‌خانه‌ى نوێمان ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان له‌ئاینده‌یه‌كى گه‌ش بۆيان .
باڵوێزى ئه‌مریكا ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت كوردستان ده‌روازه‌یه‌كى گرنگه‌ بۆ ڕاكێشانى وه‌به‌رهه‌م هێنانى بیانى ، چونكه‌ ئه‌زمونێكى زۆرى له‌بوارى بازرگانى هه‌یه‌ ، وه‌ك خۆم پێى خۆشحالم كه‌كونسولخانه‌ى نوێمان له‌سێبه‌رى چیاكان ده‌بینم 

له‌مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان وتاری هه‌بوو به‌شێك له‌وته‌كانى بۆ ئاماده‌بووان ڕایگه‌یاند :  به‌پڕۆژه‌كه‌ى ئه‌مریكا و باڵه‌خانه‌ى نوێیان وه‌ك كونسوڵخانه‌ى نوێى ئه‌مریكا پێى خۆشحاڵین ، كارو پڕۆژه‌كانى ئه‌مریكا له‌هه‌رێمى كوردستان نیشانه‌ى باوه‌ڕ و پشتیوانى واشتنتۆنه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان و هه‌رێمى كوردستان 
نێچیرڤان بارزانى ڕاشیگه‌یاند ، ده‌خوازین په‌یوه‌ندیه‌كانمان باشتر بێت ، وه‌ئه‌مریكا زیاتر پڕۆژه‌ و كاره‌كانیان له‌هه‌رێمى كوردستان به‌جێ بگه‌یه‌نن ، وه‌په‌یوه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا و هه‌رێمى كوردستان تازه‌ نیه‌ له‌ساڵى 1991 ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ هه‌یه‌ ئه‌مریكا پاڵپشتیه‌كى باشى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ ، بۆیه‌ ده‌خوازین هه‌میشه‌ له‌و ئاست باشیه‌دا بمینێته‌وه‌ 
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ڕاشیگه‌یاند : 

 

ده‌قى ووتارى نێچیرڤان بارزانى له‌مه‌راسیمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى كونسولخانه‌ى گشتى ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر 

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە، لە رێوڕەسمی راگەیاندنی دەستپێکردنی بنیاتنانی کۆمەڵگەی کونسوڵخانەی تازی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا بەشداردەبم. پێشوازییەکی گەرم لەو بڕیارە دەکەم و ئێمە وەکو هەنگاوێکی بەنرخ لێی دەڕوانین، هیوادارین سەرکەوتووانە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواوببێت.

بنیاتنانی کۆمەڵگەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کە یەکەم باڵەخانەی تایبەتە بۆ کونسوڵخانە دروستی دەکات، نیشانەی بڕوا و متمانەی ئەمریکایە بە ئێستا و ئاییندەی گەشی هەرێمی کوردستان، هەروەها دەرخەری خواست و ئارەزووی ئەمریکایە بۆ بەرەوپیشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی کە لەگەڵ عێراقی فیدراڵدا هەیەتی.

پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان پەیوەندی تازە نین و چەند قۆناخێکیان تێپەڕاندووە، لە راپەڕینی ساڵی 1991ی کوردستان، ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە ریزی پێشەوەی دروستکردنی ناوچەی ئارام بوو، کە بووە هۆی پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەوکاتەدا، تاوەکو قۆناخی رووخانی رژێمی بەعس و، شەڕی داعش و تێکشکاندنی، ئەمریکا بەردەوام پەیوەندی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە و، بۆ پاراستنی سەقامگیری یارمەتی داوە و، پشتگیری هەرێمی کوردستانی کردووە.

ئەمڕۆش لە قۆناخی سەقامگیریدا کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر دروستدەکەن، کە بەردەوامی کاروانی ئەو پەیوەندییەیە و، هیوادارین ببێتە هاوبەشێکی گرنگی ستراتیژی و درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێزەوە لە پەیوەندی و هاوکاریی و پشتگیری،  سیاسی و سەربازی و مرۆییەکانی ئەمریکا دەڕوانن، بەبایەخەوە خوازیاری ئەوەن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، بازرگانی، زانستی، کولتووری و هەموو بوارەکانی دیکەدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پەیوەندی تۆکمەیان لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت، وەک چۆن لە هەوڵی بەردەوامدایە، بەهەمانشێوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.

گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشییان لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی پێشکەوتوودا هەیە، بڕوایان بە هەمان بەهاکانی ئازادی، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، فرەیی، کرانەوە، پێکەوەژیان، پێگەیاندن و پەرەپێدانی تواناکانی ژنان و گەنجان، بازاڕی ئازاد و، هەموو ئەو بەها و بنەمایانە هەیە، کە جیهانی پێشکەوتووی رۆژئاوا لەسەری بنیاتنراوە و ، کاریان بۆ دەکات.

پێشمەرگە لەگەڵ بەرەی جیهانی پێشکەوتوودا لەگەڵ سەرباز و ئەفسەرانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، پێکەوە شەڕی تیرۆریان کرد، هەروەها پێکەوە بەرگرییان لەو بەهایانە کرد، وێڕای دووبارە پیرۆزبایی و دەستخۆشی بۆ نێردەی دیپلۆماسی ئەمریکا، جەنابی باڵیۆز کە لە بەغدا  تەشریفی هێناوە و لێرە دانیشتووە، بۆ بڕیاری دروستکردنی کۆمەڵگەی تازەی کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر، ئەو رێوڕەسمە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی پڕ بە دڵ سوپاس و دەستخۆشی لە باڵیۆز و کونسوڵخانەکانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر بکەم، بۆ گرنگیدان و کاری باش و ماندووبوونیان، لەپێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

لێرە دەمەوێ سوپاسی تیمە سەربازییەکان و، USID و هەموو ئاژانس و رێکخراوە ئەمریکییەکان بکەم کە لە هەر بوارێکدا لە هەرێمی کوردستان کار و خزمەتیان کردووە، دەستخۆشییان لێدەکەم و، چاومان لە پەیوەندی باشتر و تۆکمەتر و، هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە.

هیوادارین هەموو وڵاتانی دیکەی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان، بە هەمانشێوەی ئەمریکا، باڵەخانە و کۆمەڵگەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دروستبکەن، کە لەگەڵ هەموویان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا خواستی پەیوەندی باش و، هەماهەنگی و، هاوکاریی و هاوبەشیمان هەیە. بەهیوای ئاشتی، بەهیوای سەقامگیری، هەماهەنگی و هاوکاریی باشتر لەنێو گەلاندا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.