Erbil 22°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 15:08

ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد: ئه‌وانه‌ی که‌ پێیان وایه‌ تاهه‌تایه‌ ده‌مێننه‌وه‌ به‌ شنه‌ بایه‌ک راده‌ماڵرێن

ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ تاهه‌تایه‌ ده‌مێننه‌وه‌، ژێر پێیان به‌تاڵ بووه‌ به‌ڵام خۆیان ئاگایان لێ نییه‌
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد: ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیان وایه‌ تاهه‌تایه‌ ده‌مێننه‌وه‌ به‌ شنه‌ بایه‌ك راده‌ماڵرێن
کوردستان TV
100%

محمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران هه‌ینی هه‌فته‌ی رابردوو له‌ مزگه‌وتێكی تاران له‌ وتارێكدا بۆ ئاماده‌بووان وتی ئه‌وانه‌ی پێیانوایه‌ تاهه‌تایه‌ ده‌مێننه‌وه‌ با بزانن شنه‌ بایه‌ك وا له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا خه‌ریكه‌ هه‌ڵده‌كات و هه‌موو شتێك پاك ده‌كاته‌وه‌ و چاكسازیی ئه‌نجامده‌دات.

ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ وتاره‌كه‌یدا وتی: ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ تاهه‌تایه‌ ده‌مێننه‌وه‌، ژێر پێیان به‌تاڵ بووه‌ به‌ڵام خۆیان ئاگایان لێ نییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ واده‌زانن كه‌ جێی پێیان پته‌وه‌ و ناڕووخێن، به‌ڵام شنه‌ بایه‌ك وا له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا خه‌ریكه‌ هه‌ڵده‌كات و ئه‌وان به‌و شنه‌ بایه‌وه‌ به‌ندن، چونكه‌ ئه‌و شنه‌ بایه‌ چاكسازیی له‌ هه‌موو شتێكدا ده‌كات.

له‌ درێژه‌دا سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران وتی كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی زوڵم له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، له‌و رۆژه‌دا كه‌ بڕیاره‌ بڕۆن، وه‌ك ئه‌و تۆزه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ئاوێنه‌ نیشتووه‌ و به‌ فوویه‌ك راده‌ماڵرێن.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌م لێدوانانه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، ئیسحاق جیهانگیری جێگری یه‌كه‌می حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران وتی: كه‌سێك كه‌ هه‌شت ساڵ سه‌رۆك كۆماری ئه‌م وڵاته‌ بووه‌ و زۆربه‌ی كێشه‌كانی ئێستا به‌رئه‌نجامی كاره‌كانی ئه‌وه‌، مایه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌می درێژ بووه‌ كه‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت لافاوێك به‌ڕێگاوه‌یه‌ و ئێمه‌ راده‌ماڵێت و شۆڕشێكی مه‌زنتر سه‌رهه‌ڵده‌دات.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد كه‌ پێشتر سه‌ر به‌ باڵی بنئاژۆكان و باڵی توندڕه‌وی سه‌ر به‌ خامه‌نه‌ئی رێبه‌ری ئێران بوو، چه‌ند ساڵێكه‌ بووه‌ته‌ به‌ری ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌م لایه‌نه‌ و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ به‌ری ریفۆرمیسته‌كانی وڵاته‌كه‌شی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌ و به‌مشێوه‌ له‌ ئێستادا بووه‌ته‌ ره‌خنه‌گری هه‌ردووك به‌ره‌، وه‌ له‌ به‌رامبه‌ریشدا ده‌سته‌ و لایه‌نی زۆر هه‌ن كه‌ ناوبراو به‌ هۆكاری زۆرێك له‌ داڕووخانه‌ ئابوورییه‌كانی ئێران ده‌زانن.

سه‌رچاوه‌ / دی ده‌بڵیوو
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی
 

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.