ئەمڕۆ پێنجشەممە 2018/3/15 لە شاری پاریسی پایەتەختی فەرەنسا، دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر توركیا و كورد سازكرد.
لە دانیشتنەکەدا کە بڕیارە ئەمڕۆ و سبەیش بەردەوام بێت، وێرای دەستەی حاکمان، دۆزگەران و پاێزەرانی دادگا، دەیان کەسایەتی لە یاساناس، لێکۆڵەر، مافناس، نوێنەرانی پارت و لایەنی سیاسی و مەدەنیی کورد و جیهانی بەشدارن تێیدا.
دادگای هەمیشەیی خەڵك (Permanent Peoples Tribunal)، دەزگایەكی یاسایی و مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی ناحكوومییە و بەگوێرەی یاساکانی نێودوڵەتی بڕیار لە سەر کەیس و سکاڵاکان لە دادگایەکی بێلایەندا دەدات.
دادگاکە، له ساڵی 1979 دامەزراوە و تا ئێستا دانیشتنی بۆ 44 كەیس و سکاڵا كردووە. دانیشتنی ئەمجارەشی تایبەتە بە دوو مژاری سەرەکی بۆ دادگاییکردنی تورکیا کە بریتین لە:
یەکەم ـ تاوانەکانی جەنگ کە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دژی كورد، بەتایبەت لە ناوچەكانی (جزیرە، سوری ئامەد و شیرناخ) لە نێوان ساڵی (2015تا 2017)دا، ئەنجام دراون.
دووەم ـ تیرۆرکردن و كوشتنی نوێنەران چالاکانی كوردە لە دەرەوە و ناوەوەی توركیا.
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاکە لە پاریس، لەسەر پێشنیازی چەندین دامەزراوەی بەناوبانگی مافی مرۆڤی جیهان و ئینستیتۆی كورد لە برۆكسل و بە پشتیوانیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و چەندین یاساناسی کورد و بیانی بەڕێوە دەبرێت.
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی دادگاکە، ئەنجامی دانیشتنەكە لە پاش دوو مانگی دیکە لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕادەگەیەنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.