ئەمریکا پڕۆژەیەکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. جۆن لیستەر، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت: "پڕۆژەکە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی خزمەتگوزارییە و پڕۆژەی تەکامولی پێدەڵێن، بودجەکەیشی دەگاتە 160 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەکە لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێدەکرێت و کۆمەڵێک بوار لەخۆدەگرێت.
رۆژی دووشەممە 12-3-2018، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دۆگلاس سیلمان، باڵیۆزی ئەمریکا له عێراق و جۆن لیستەر، نێردەی رێکخراوی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لقێکی رێکخراوی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتییان لە هەولێر کردەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەش وتی: كردنەوەی نوسینگەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە هەرێم كارێكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكایە، بەمەش ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێم دەسەلمێنێت و پاڵپشتی هەرێم دەكات.
ئاماژەشی بەوەدا كە ئەو چاكسازیانەی حكومەتی هەرێم بەنیازە بیانكات چاكسازی ریشەین و تەنها قسە نین و بەردەوام دەبن.
قوباد تاڵەبانی لە بارەی پرۆژەكەشی رایگەیاند: ناوەڕۆكی پرۆگرامەكە بریتییە لە چاكسازی دارایی و ئابوری و پرۆژەكەش دەبێتە تەواوكاری چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم.
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا رایگەیاند: پرۆگرامەکە بۆ ئەوەیە گۆڕانکارییەک لە ژیانی خەڵکی ناوچەکە دروستبکات، ئەویش بە پشتگیریکردنی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەولێر لە هەموو رووێکەوە بۆ باشترکردنی لایەنی دارایی و باشترکردنی باروگوزەرانی خەڵکی لەڕووی پشتگیرکردنی هەردوو حکومەت لەڕووی داراییەوە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باسی لەوە کرد کە رێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان وادەکەن ئیدارەی دارایی بەرەوپێش بچێت و دامودەزگاکانیش بەهەمانشێوە پێشکەوتن یاخود بەرەوپێشچوون لە کارەکانی خۆیان ئەنجامبدەن. ئەو نموونەیەکی هێنایەوە و گوتی: "بۆ نموونە IGPA وادەکات سیستەمی تۆمارکردن بۆ بڕی دارایی و بۆ مووچە و هەموو لایەنەکان بەرەو باشتر بچن و چاکسازییان تێدا ئەنجامبدرێت، ئەمە وادەکات بڕە پارەیەکی باش لە داهاتوودا بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە، لایەنی داراییش بەشێوەیەکی شەفاف و چالاک کارەکانی خۆی ئەنجامبدات و پارە بەفیڕۆ نەدرێت".
دۆگلاس سیلیمان گوتیشی: "IGPA، رێکخراوە مەدەنییەکان و خزمەتگوزاری گشتی لەخۆدەگرێت و خزمەتێکی باشتر پێشکەش بە خەڵکی ناوچەکە دەکات. یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە و رێکخراوە مەدەنییەکانیش ئەوەیە دەستمان بگاتە هەموو کۆمەڵگەکان بە هەموو چین و توێژ و ئایینەکان بۆئەوەی باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.