شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە گەراجی وەستانی لۆریەکان لە حاجی ئۆمەران سووتا، جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.
فەرزەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بە کوردستان تی ڤی راگەیاند: کاتژمێر 10ی شەوی رابردوو لە گەراجی لۆریەکانی مەرزی حاجی ئۆمەران، بە هۆکارێک کە رەنگە شۆرتی کارەبایی بووبێت، بارهەڵگرێکی جۆری اسکانیا فلات ئاگری گرت.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران راشیگهیاند: بارهەڵگرەکە هی هاووڵاتییهكی دانیشتووی قەزای چۆمانە به ناوی هاوکار ستار، بەڵام جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە، چونکە کەسی تێدا نەبووە.
فەرزەنگ ئەحمەد گووتیشی: دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی بنکەی بەرگری شارستانی حاجی ئۆمەران گەیشتوونەتە شوێنەکەو ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە کراوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.