ئەمڕۆ چوارشهممه 7-3-2018 مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برادلی ساودن باڵیۆزی نیوزلەندا لە بەغدا کرد.
لەم دیدارەدا دوا رەوشی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و بەردەوامیی هەماهەنگیی زیاتر لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتیەکانی دژ بە تیرۆر تاوتوێ کران.
باڵیۆزی نیوزلەندی وێرای ستایشی رۆلی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەرێم و نیوزلەندا دەربڕی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر کێشەکانی هەولێر و بەغدا کۆتاییان پێ بهێت تاکو زەمینەی لەبارتر بۆ ئاشتی و سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری برەخسێت.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی جەختی لە سەر بەردەوامیی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان لە چوارچیوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردەوە و وتی هەرێمی کوردستان وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەکان لە ریزی پێشەوەی بەرەی دژ بە تیرۆریستان دەمێنتەوە.
لە بارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی، هەرێمی کوردستان خوازیارە بە پێی دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەگەر پێشێلکاریە دەستوریەکان بەردەوام بن ناتوانین بێ دەنگ بین و هەرێمی کوردستان بژاردەی دەستوریی زۆری لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.