Erbil 31°C سێشەممە 24 ئەیلوول 12:18

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری سوید و شاندێکی یاوه‌ری کۆبووه‌وه‌

له‌ دوا دیداری دووه‌م ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا
کوردستان TV
100%

له‌ دوا دیداری دووه‌م ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێواره‌ی دوێنێ شه‌ممه‌  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ  پیته‌ر هۆڵتكڤێست وه‌زیری به‌رگریی سوید و شاندێكی یاوه‌ری كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا خۆشحاڵییان به‌ دیداره‌كه‌ ده‌ربڕی و شه‌ڕی دژی داعش و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی، قۆناغی دوای داعش و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م‌ قۆناغه‌دا، پرسی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و چۆنیه‌تیی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان دوای زه‌مینه‌سازی له‌ ڕووی ئاسایش و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، خرانه‌ به‌ر باس.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌  د. فوئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و دلشاد بارزانی نوێنه‌ر‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا ئاماده‌ی بوون، ‌ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ كرا و ‌هه‌ردوولا هیوایان خواست گفتوگۆكان بگه‌نه‌ ئاكامێكی باش به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌موولایه‌كدا بێت.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی حكوومه‌ت و گه‌لی سویدی كرد بۆ پشتیوانی و هاوكارییان له‌ ڕووی سه‌ربازی و مرۆییه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوا پێشهاته‌كانی پێشكه‌ش كرد و هیوای خواست كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

مه‌ترسیی تیرۆر بۆ سه‌ر جیهان و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و مه‌ترسییه‌، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا له‌ ڕووی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و هزرییه‌وه‌، دۆخی ناوچه‌كه‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.