وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا پشتگیریی وڵاته‌كه‌ى و سه‌رۆك ماكرۆنی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق دووپات كرده‌وه، هیوایشی خواست ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ‌دا ده‌ستیان پێكردووه، ئه‌نجامێكی باشیان لێ بكه‌وێته‌وه و ببنه هۆی ده‌ستپێكردنی دانوستانێكى جددی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند فه‌ڕه‌نسا هاوكار ده‌بێت و هه‌ردوولا هان ده‌دات بگه‌نه چاره‌سه‌ر.
دوای ئه‌وه‌ى به سه‌ردانێك گه‌یشته هه‌ولێر، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 12/2/2018، به‌ڕێز ژان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا و شاندێكى یاوه‌رى كه له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه و باڵیۆزخانه‌ى فه‌ڕه‌نسا له به‌غدا و كونسڵخانه‌ى گشتیى فه‌ڕه‌نسا له هه‌ولێر پێكهاتبوو، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و شاندێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده بوون، دوا پێشهاته‌كانی گفتوگۆی لیژنه ته‌كنیكییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه بۆ چه‌ند دۆسیایه‌ك دروست كراون، تاوتوێ كران و تیشك خرایه سه‌ر دوایین كار و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و لیژنانه و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى و حه‌یده‌ر عه‌بادى له به‌غدا و داڤۆس. هه‌ردوولا هیوایان خواست ئه‌م كه‌ناڵه‌ی بۆ گفتوگۆ كراوه‌ته‌وه، به ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی بگات و ببێته هۆی ده‌ستپێكردنی دانوستانێكی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به سه‌ردانی به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، دووباره سوپاسی سه‌رۆك ماكرۆنى كرد كه دوای ئاڵۆزییه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوو بۆ یه‌كه‌مجار له پاریس پێشوازی له شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان كرد و ئه‌و ئابڵۆقه سیاسی و دیپلۆماسیه‌ی شكاند كه به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا سه‌پێنرابوو، پێزانینی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی فه‌ڕه‌نسا و به‌تایبه‌تی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك ماكرۆن دووپات كرده‌وه و ڕایگه‌یاند گه‌لی كوردستان پشتگیرى و هاوكارییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا له‌یاد ناكات و به چاوی ڕێز و پێزانینه‌وه لێی ده‌ڕوانێت.
تاوتوێكردنى دۆخی ناوچه‌كه، پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، قۆناغی دوای داعش، كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق كه له كوێت به‌ڕێوه ده‌چێت و گرنگیی به‌شداریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفرانسه‌كه‌دا و هه‌وڵدان بۆ سوودمه‌ندبوون له هاوكارى و پڕۆژه‌كانى، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.