Erbil 15°C پێنجشەممە 14 تشرینی دووەم 09:35

نزیکه‌ی ملیۆنێک دۆلاری دیکه‌ بۆ خوێندکارانی تواناسازی خه‌رجکرا

40 خوێندكاری تواناسازی سوودمه‌ند ده‌بن
کوردستان TV
#7
100%

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی خه‌رجكردنی بڕی (947,827) نۆ سه‌د و چل و حه‌وت هه‌زار و هه‌شت سه‌دو بیست و حه‌وت دۆلاری ئه‌مریكی وه‌ك شایسته‌ی دارایی خوێندكارانی به‌رنامه‌ی تواناسازی ڕاگه‌یاند, كه‌ ئێستا به‌رده‌وامن له‌ خوێندن و تیایدا (40) خوێندكاری تواناسازی سودمه‌ند ده‌بن.

عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بڕی (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكارانی تواناسازی درا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لێژنه‌ی دابه‌شكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی خوێندكارانی به‌رنامه‌ی تواناسازی بڕیاریدا به‌ خه‌رجكردنی لیستی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠١٨ی شایسته‌ی دارایی خوێندكارانی به‌رنامه‌ی تواناسازی.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاشیگه‌یاند: لیستی یه‌كه‌می شایسته‌ی دارایی خوێندكارانی به‌رنامه‌ی تواناسازی له‌ ساڵی ٢٠١٨، بڕه‌كه‌ی بریتیه‌ (947,827) نۆسه‌دو چل و حه‌وت هه‌زار و هه‌شت سه‌دو بیست و حه‌وت دۆلاری ئه‌مریكی، و تیایدا (40) خوێندكاری به‌رنامه‌ی تواناسازی له‌ هه‌ریه‌ك له‌ زانكۆكانی جیهان سودمه‌ند ده‌بن كه‌ به‌رده‌وامن له‌ خوێندن.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رجه‌م ئه‌و خوێندكارانه‌ی به‌رنامه‌ی تواناسازی ئاگادار ده‌كات،‌ كه‌ ناویان له‌ لیستی ژماره‌ (1)ی ساڵی (2018)ی هاوپێچدا هاتوه‌ و، ژماره‌یان (40) خوێندكاره‌، خۆیان یان بریكاره‌كانیان (وه‌كیل) سه‌ردانی ژوری ژماره‌ (56) له‌دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چه‌كی سه‌رفكردنی شایسته‌ داراییه‌كانیان. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونیشیكرده‌وه‌: پێشوتر له‌ چه‌ندیدن قۆناخی جیادا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بڕی (19) ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی خه‌رجكردووه‌.

 تێبینی:

پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی ناویان له‌ لیستی هاوپێچدا هاتووه‌، به‌پێیی ڕیزبه‌ندی ناوه‌كانیان له‌ ڕۆژی دیاریكراودا سه‌ردانی دیوانی وه‌زاره‌ت بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چه‌كی پاره‌.

خوێندكار ئه‌گه‌ر خۆی سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بكات بۆ وه‌رگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی پێویسته‌ پاسه‌پۆرتی ره‌سه‌ن و كۆپی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می پاسه‌پۆرت له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت.

بریكار (وه‌كیل)ی خوێندكار پێویسته‌ وێنه‌یه‌كی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی بریكارنامه‌ (وه‌كاله‌ی گشتی) بڕواپێكراو بێت و نوێ بێت به‌لایه‌نی زۆر ساڵێكی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕنه‌بوبێت و بۆی (مصدق) كرابێت، له‌هه‌مان كاتدا پێویسته‌ بڕیكار وێنه‌یه‌كی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ له‌ ناسنامه‌ی باری شارستانی، یان ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێراقی له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت.

ئه‌گه‌ر خوێندكار له‌و رۆژه‌ی بۆی دیاریكراوه‌ خۆی یان بریكاره‌كه‌ی نه‌یه‌ت بۆ وه‌زاره‌ت بۆ وه‌رگرتنی چه‌ك، پێویسته‌ دوای (٧/٣/٢٠١٨) سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بكات بۆ وه‌رگرتنی چه‌ك چونكه‌ زنجیره‌ی رۆژه‌كان له‌گه‌ڵ بانك ڕێكخراوه‌و گۆڕانكاری تیادا ناكرێت.

چه‌كی سه‌رفكردنی شایسته‌ داراییه‌كان ته‌نها له‌بانكی كوردستانی نێوده‌وڵه‌تی/ لقی پێشه‌وا به‌رامبه‌ر هۆتێل چوار چرا له‌شاری هه‌ولێر به‌كاش ده‌درێت.

بۆ دۆزینه‌وه‌ی ناوه‌كان كلیك له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ بكه‌ن.

هه‌واڵ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.