قائیمقامی چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت، ئەو كەسەی لە بەردەم مزگەوتێكدا لە ناحیەی شۆڕش دوو هاووڵاتی كوشت لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سنورەكەوە دەستگیركراوەو دانی ناوە بەتاوانەكەیدا.
رەمەك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ راگەیاند، دوای رووداوەكەی دوێنێ هەینی سەرجەم هێزە ئەمنیەكانی سنورەكە راسپێردران بۆ لیكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتباری رووداوەكە و سەرجەم بازگەكانی سنورەكەش ئاگاداركرانەوە، كە تەقەكەرەكە دەستبەسەر بكەن.
گوتیشی، لە درەنگانی شەوی رابردوودا، كەسەكە دەستگیركرا و بەفەرمانی دادوەر دەستبەسەرە، لە لێكۆڵینەوەشدا دانی ناوە بە تاوانەكەیدا كە تەقەی لە نوێژخوێنان نەكردوە، بەڵكو تەنها ویستویەتی ئەو هاووڵاتییە بكاتە ئامانج، بەڵام كەسێكی دیكەش پێوەبووە.
گوتیشی: هیچ كام لەو دوو هاووڵاتییە دانیشتووی ناحیەكە نەبوون و تەنیا بۆ سەردانكردن چوبونە شۆڕش.
رۆژی 12-1 دوای نوێژی هەینی، بەهۆی دەستڕێژی گوللـەوە لە ناحیەی شۆڕش، دوو هاووڵاتی بەركەوتن و یەكێكیان دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیكەشیان پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، گیانی لەدەستدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.