دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا بڵاوی کردەوە کە کەشتییەکی بارهەڵگری بازرگانی لە گەرووی هورمز هێرشی کراوەتە سەر و زیان بەر لاشەی کەشتییەکە کەوتووە.
ئەمڕۆ شەممە 15ـی ئاب، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "کەشتییەکی بارهەڵگری شتومەکی وشک، لە گەرووی هورمزدا کەوتە بەر هێرشێکی نەناسراو و بەهۆیەوە زیان بەر لاشەی کەشتییەکە کەوتووە".
لە بەیاننامەیەکەدا، دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن.
هاوکات ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر هەڵسەنگاندنی زیانەکان بەدەست نەگەیشتووە، و کاریگەرییە ژینگەییەکانی ڕووداوەکەش تا ئێستا بە نەناسراوی ماونەتەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە مەترسییە ئەمنییەکانی بەردەم جووڵەی کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا ڕووی لە هەڵکشان کردووە، هاوکات لەگەڵ تۆمارکردنی چەندین ڕووداوی بەردەوام کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا کەشتییە بازرگانییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش وای لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی کردووە ڕێکارە ئەمنییەکانیان توندتر بکەنەوە و ڕێڕەوی هەندێک لە کەشتییەکانیان بگۆڕن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.