ئەمڕۆ یەكشەممه، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆسرەت رەسووڵ عهلى جێگری سكرتیری گشتیی یەكێتی كۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی كۆسرەت رەسووڵ، لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری دڵخۆشی خۆیان بە جێگیربوونی باری تەندروستی كاك كۆسرهت دەربڕی و دووپاتیان لە ڕۆڵ و پێگە و كاریگەری كۆسرەت ڕەسوول كرد لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان.
لە بەرامبەردا كۆسرەت رەسووڵ سوپاسی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرجەم كوردستانیانی كرد كە پەرۆشی باشتربوونی تەندروستی و گەڕانەوەی بوون بۆ كوردستان.
لەو كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی و كۆسرەت رەسووڵ بە وردی باسیان لە گرنگی یەكڕیزی نێوماڵی كورد و كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كردەوە.
تێزانین كۆسرەت رەسووڵ عهلى جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی لە 11ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو تووشی نەخۆشی ریخۆڵە بوو و دوای چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە سلێمانی، بۆ چارەسەر رهوانهى بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كراو دواى وهرگرتنى چارهسهرى پێویست، دوێنى شهممه 6-1-2018 گهرایهوه ههرێمى كوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.