Erbil 18°C شەممە 23 تشرینی دووەم 10:52

سه‌فین دزه‌یی: ناردنی مووچه‌ و به‌شه‌ بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێم واتا جێبه‌جێ کردنی به‌ شێکى ده‌ستوور

حكومه‌تی هه‌رێم هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ مامه‌ڵه‌ی به‌غداد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ بێت هه‌روه‌ك چۆن به‌ندی ده‌ستوری ئه‌وه‌ی بۆ دیاریكردووه‌
کوردستان TV
100%

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك ده‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌نگۆی ناردنی موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ به‌تایبه‌ت هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی.


سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند"ئێستا باس له‌ناردنی موچه‌ ناكرێت به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كه‌ له‌به‌غداد له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان به‌مه‌به‌ستی پێداچونه‌وه‌ی میلاكی وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یان له‌هه‌رێم كرد نوسراوی فه‌رمی حكومه‌تی عیراقی له‌و ڕوه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كرا،حكومه‌تی هه‌رێمیش ڕه‌زامه‌ندی نواند له‌سه‌ر ناردنی به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانان له‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌."


له‌دوای پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی(٢٥)ی ئه‌یلولی ساڵی ڕابردوو به‌رده‌وام به‌غداد باسی له‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی كردوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا به‌غداد ئه‌مجاره‌ به‌كردار موچه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ ده‌نێرێت؟سه‌فین دزه‌یی وتی" ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌و ناكۆكیانه‌ و بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ كێشه‌كان به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكرێت،بۆیه‌ كه‌ ئێستا به‌غداد ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ناوه‌ ناكرێت ئێمه‌ ئه‌و گومانه‌ی لێبكه‌ین"


سه‌فین دزه‌یی وتیشی"هیوادارین به‌غداد موچه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ و وه‌زاره‌ته‌كانیش بنێرێت چونكه‌ ناردنی موچه‌ و به‌شه‌ بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم واتای جێ به‌جێ كردنی ده‌ستور و ئه‌و ڕێكه‌وتننامانه‌ی پێشتر له‌نێوان به‌غداد و هه‌ولێردا هه‌بووه‌ ئه‌گه‌رنا دانی موچه‌ واتای سه‌ده‌قه‌ كردن نیه‌ به‌هه‌رێم یا وه‌زاره‌تی په‌روه‌ردا یاخود وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌ له‌و شایسته‌ داراییانه‌یه‌ كه‌مافی هه‌رێمه‌."

ده‌رباره‌ی داواكاری به‌غداد بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم،وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی"ڕاسته‌ ڕه‌نگه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان دوو موچه‌ و سێ موچه‌ هه‌بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌خودی یاسا ڕێكخراوه‌ ته‌نانه‌ت له‌خودی عیراقیش ئه‌وه‌ به‌یاسا ڕێكخراوه‌،بۆ نمونه‌ كه‌م ئه‌ندام و زیندانی سیاسی كه‌ مینحه‌یه‌كیان هه‌یه‌ به‌ڵام دواجار كه‌ به‌یاسا ئه‌و مینحه‌یه‌ی پێدرابێت ئه‌وه‌ ڕه‌وایه‌،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی ئاماده‌كردووه‌ بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌و مینحانه‌دا."


هه‌روه‌ها سه‌فین دزه‌یی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شی دایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراق مه‌رجی ئه‌وه‌بوو كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم خۆی ڕاسته‌وخۆ دابه‌شی بكات له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم؟سه‌فین دزه‌یی وتی"حكومه‌تی هه‌رێم هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ مامه‌ڵه‌ی به‌غداد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ بێت هه‌روه‌ك چۆن به‌ندی ده‌ستوری ئه‌وه‌ی بۆ دیاریكردووه‌ چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم قه‌واره‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوریه‌."


وتیشی"ئه‌گه‌ر هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غداد وتی من موچه‌ ده‌ده‌مه‌ فه‌رمانبه‌ران و موچه‌ خۆرانی ته‌ندروستی یا په‌روه‌رده‌ ڕاسته‌وخۆ بێ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ به‌ڕاستی ئه‌و گه‌مه‌یه‌ نابێت به‌هه‌ست و قوتی خه‌ڵك بكرێت.هه‌روه‌ك چۆن له‌پێشوتر له‌ڕێگای وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شه‌ بودجه‌ ده‌نێردرا ئاواش ئه‌مجاره‌ به‌وجۆره‌،به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر هاته‌ سه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌ ئه‌وه‌ ئه‌كات هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وه‌ش به‌ڕێگای گفتوگۆده‌ده‌ین."


له‌باره‌ی كاتی ده‌سپێكردنی گفتوگۆكان له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد،سه‌فین دزه‌یی وتی"له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ئاستی ئه‌منی و هه‌روه‌ها ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕه‌گه‌زنامه‌ و پاسپۆڕت ئه‌نجامدرا،وه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوش وه‌فدێكی حكومه‌تی به‌غداد له‌هه‌ولێربوون،هه‌روه‌ها به‌و وتار و لێدوانانه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئه‌رێنی دروستكردووه‌ هیواداین ئه‌وه‌ به‌ته‌نها به‌ گوتار نه‌بێت به‌كرداریش بێت"

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.