Erbil 9°C ھەینی 01 تشرینی دووەم 06:30

ئه‌نگێلا مێرکل پشتگیریى وڵاته‌که‌ى بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان نیشاندا

مێركل پشتیوانى بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌ربڕى
کوردستان TV
100%

خاتوو ئه‌نگێلا مێركل ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا نیشان دا و تیشكى خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندى و یارمه‌تییه‌كانى ئه‌ڵمانیا بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا. ستایشى هه‌ڵوێسته‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه‌ ئاماده‌ى گفتوگۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق و ڕێزگرتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بڕیاره‌كانى دادگاى فیدراڵى عێراق، به‌ نیازپاكیى هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها پشتیوانى بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ردوولادا ده‌ربڕى.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18/12/2017 له‌ به‌رلین، له‌ میانى پێشوازیكردنى له‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى كه ‌له‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو، وێڕاى به‌گه‌رمى به‌خێرهێنانى شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان، ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا خاتوو ئه‌نگێلا مێركل هیواى خواست هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌ڵمانیا چاودێریى دۆخه‌كه‌ ده‌كات.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى سوپاسكردنى ئه‌ڵمانیا بۆ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى بۆ هه‌رێمى كوردستان، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى په‌یوه‌ندى و دۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراق خسته‌ ڕوو، دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ ده‌ستوورى عێراقه‌وه‌ پابه‌نده‌ و بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ئاماده‌یه‌ و هه‌موو هه‌وڵێكى داوه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقدا بكات، به‌ڵام به‌غدا وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌وڵه‌تانى دۆست وه‌ك ئه‌ڵمانیا یارمه‌تیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكه‌ن.

شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان مانه‌وه‌ و پاراستنى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ چاكسازییه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت و چاكسازى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ئه‌وله‌ویه‌تى حكوومه‌ته‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داواى هاوكارى و پشتگیریى ئه‌ڵمانیاى بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا دۆخى ناوچه‌كه‌ و دوایین پێشهاته‌كانى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌یان تاوتوێ كرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.