Erbil 7°C شەممە 21 کانونی یەکەم 20:04

له‌ ڕۆژى ئاڵادا ڕێگه‌ به‌کورده‌کانى که‌رکووک نه‌درا چالاکى ئه‌نجام بده‌ن

ساڵانى ڕابردوو له‌ ڕۆژى ئاڵادا له‌ كه‌ركووک كورده‌كان ئاهه‌نگ و مه‌راسیمیان ئه‌نجام ده‌دا
کوردستان TV
100%


ڕۆژی یەکشەممە هێزه‌ عێراقییه‌كان ڕێگه‌یان به‌ كورده‌كانى دانیشتوى كه‌ركووک نه‌دا، به‌بۆنه‌ى ڕۆژى ئاڵاوه‌ ئاهه‌نگ و مه‌ڕاسیم ئه‌نجام بده‌ن و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاڵاى كوردستانیان قه‌ده‌غه‌كرد. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ شه‌وى ڕابردوو له‌چه‌ند گه‌ره‌كێكى ئه‌و شاره‌ ته‌قه‌ له‌هێزه‌ عێراقییه‌كان كرابوو.

محه‌مه‌د عوسمان یه‌كێک له‌ نوێنه‌رانى كه‌ركووک له‌په‌رله‌مانى عێراق، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى ڕاگه‌یاند ساڵانى ڕابردوو له‌ ڕۆژى ئاڵاى كوردستاندا له‌ كه‌ركووک كورده‌كان ئاهه‌نگ و مه‌راسیمیان ئه‌نجام ده‌دا، به‌ڵام ئه‌مساڵ هه‌ركه‌سێك ئاڵاى كوردستانى پێوه‌ بینرابێت ده‌ستگیركراوه‌.

به‌پێى زانیاریه‌كانى ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا، شه‌وى ڕابردوو له‌قه‌زاى دوبزى ڕۆژئاواى كه‌ركووک 5 گه‌نجى كورد ده‌ستگیركراون و دواتر ئازادكراون، كه‌ ئه‌و 5 گه‌نجه‌ ئاماده‌كاریان بۆ ئه‌نجامدانى مه‌ڕاسیم كردووه‌ له‌رۆژى ئاڵادا.

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ش ژماره‌یه‌ک خوێندكارى كورد له‌ نزیک زانكۆى كه‌ركووک ده‌ستگیركراون، كه ‌ژماره‌یه‌كیان جلى كوردیان له‌به‌ركردووه‌ به‌هۆى ڕۆژى ئاڵاوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هێز له‌ ده‌وروبه‌رى زانكۆى كه‌ركوک جێگیركراوه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌چالاكى كورده‌كان.

بڵاوه‌ پێكردنى هێز له‌ناو كه‌ركوک، له‌كاتێكدایه‌ شه‌وى ڕابردوو له‌و شاره‌ ته‌قه‌ له‌هێزه‌ عێراقیه‌كان كراوه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د عوسمان وتى"له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌ک ته‌قه‌ له‌هێزه‌ عێراقیه‌كان كراوه‌، خه‌ڵک ده‌ستگیركراوه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیشدا گیراوه‌."

وتیشى"ته‌نها چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى كه‌ركوک پێكهێنانى هێزێكى هاوبه‌شه‌ له‌پێكهاته‌كانى شاره‌كه‌ بۆ پاراستنى دۆخى ئه‌منى كه‌ركوک."

قه‌ده‌غه‌كردنى چالاكى كورده‌كان له‌كه‌ركوک، له‌كاتێكدا له‌دواى 16 ى مانگى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌و شاره‌ باڵاده‌ستن و كورده‌كان به‌هه‌وڵدان بۆ تێكدانى دۆخى ئه‌منى و نانه‌وه‌ى پشێوى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.